وتەبێژی پارتی: دەبێت زۆر بەڕاشکاوانە لەناو کارنامەی لایەنە کوردییەکان داوای خۆمان هەبێت
"پۆستەکان لەنێو کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی یەکلادەکرێنەوە"

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وتەبێژی پارتی ڕایگەیاند:" گرنتی ئەوەیە زۆر بەڕاشکاوانە داوای خۆمان هەبێت لە حکومەتی ئایندە".
ئەمرۆ سێشەممە، مەحمود محەمەد وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمرۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند:" گرنتی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی کورد ئەوەیە زۆر بەڕاشکاوانە لە ناو کارنامەی لایەنە کوردییەکان داوای خۆمان هەبێت بۆ حکومەتی ئایندە"، ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، " لایەنە عێراقییەکان باس لە حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی دەکەن ئێمە حکومەتێکی نیشتمانیمان دەوێ دەرگا و پەنجەرەکانی کراوەبن و لایەنەکان بەشداری تێدا بکەن".
دەرباری کۆبوونەوەکەی سبەینێی پارتی و یەکێتی وتەبێژی پارتی دەڵێت، "پۆستەکان لەنێو کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی یەکلادەکرێنەوە" ئەو ئەوەشی وت، "لەگەڵ پارتی تائێستا ڕووبەرڕو باسی پۆستەکانی سەرۆککۆمار و پۆستی پارێزگاری کەرکوکمان نەکردووە".
بەپێی بڵاوکراوە میدیاییەکان، لەکۆبوونەوەی سبەی چوارشەممەدا هەردوو مەکتەبی سیاسی پارتی و یەکێتی گفتوگۆ لەبارەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق و یەکدەنگی کورد دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکراوە، لەکۆبوونەوەکەدا دانیشتنی رۆژی یەکشەممەی پەرلەما نوێی عێراق و کاندیدی کورد بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار تاوتوێ دەکرێن.
بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکان کە تائێستا لەلایەن دادگای فیدڕاڵییەوە پەسەند نەکراوە، کورد 63 کورسی لە 329 کورسییەکەی پەرلەمانی عێراق بەدەستهێناوە، لەو رێژەیەش پارتی دیموکراتی کوردستان 31 کورسی و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان 18 کورسی بەدەستهێناوە.

