پۆلیسی هەولێر لەسەر دۆزینەوەی تەرمی شەڕڤانێكی پێشووی یەپەگە ڕوونكردنەوە دەدات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پۆلیسی هەولێر لەبارەی ئەو پێشمەرگەیەی پێشووی رۆژهەڵاتی كوردستان كە ماوەیەكیش ئەندامی یەپەگە بووە و لە هەولێر لە شوقەیەكدا تەرمەكەی دۆزرایەوە، دەڵێت دۆسیەی كوژرانەكەی لەلای ئەوان تۆمارنەكراوە.
دوێنێ میدیاكانی نزیك لە پەكەكە بڵاویانكردەوە: رۆژی هەینی رابردوو تەرمی هاوڵاتیەكی خەڵكی شاری سەردەشت بە ناوی ئەحمەد بێخەم لە شوقەیەكدا لە هەولێر دۆزراوەتەوە و لە گۆڕستانی قەڵادزێ بەخاكسپێردراوە، كە شوێنەواری ئازاردان و ئەشكەنجە بەسەر جەستەیەوە دیار بووە.
ئەو میدیایانە لە زاری كەسوكاری ئەحمەد بێخەمەوە بڵاویانكردووەتەوە: پۆلیسی هەولێر هەواڵی كوژرانی ئەوی بە كەسوكارەكەی داوە و بڕیارە تاوەكو بیست رۆژیش ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە هۆكار و شێوازی گیانلەدەستدانی رابگەیەندرێت.
بەڵام هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر بەمیدیاكانی پارتی راگەیاند: ئاگاداری دۆسیەی كوژرانی ئەو كەسە نین و دۆسیەی كوژرانی لای پۆلیسی هەولێر تۆمارنەكراوە.
ئەحمەد بێخەم خەڵكی شاری سەردەشت بوو لە پارێزگای ورمێ، چەند ساڵێك پێشمەرگەی حیزبی دیموكرات بووە و دواتر گەڕاوەتەوە رۆژهەڵاتی كوردستان، چەند ساڵێك دوای گەڕانەوەی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێرانەوە بە هۆكاری سیاسی دەستبەسەركراوە، ساڵی 2012 گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان و ویستوویەتی بچێتەوە ریزەكانی حزبی دیموكراتی كوردستان، بەڵام بەهۆی ئەوەی پێشتر وازی لە پێشمەرگایەتی هێناوە، وەكو ئەندامی ئەو حیزبە وەرنەگیراوە و لە هەولێر نیشتەجێبووە.
دوای سەرهەڵدانی داعش، ئەحمەد بێخەم ساڵی 2014 چووەتە رۆژئاوای كوردستان و لە ریزەكانی یەپەگەدا دژی داعش شەڕی كردووە و ماوەیەك دوای ئازادكردنی كۆبانێ گەڕاوەتەوە هەرێمی كوردستان و لە هەولێر بە دەستفرۆشی ژیاوە.

