ئاسایش لەبارەی جلوبەرگی پرتەقاڵی دەستگیركراوانی پیرەمەگروون ڕوونكردنەوە دەدات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی- سەركۆ جەمال
ئاسایشی سلێمانی لەبارەی جلوبەرگی ئەو كەسانەی دانپێدانانیان بڵاوكرایەوە كە تۆمەتباركراون بە سوتاندنی كتێبخانە و چەند شوێنێكی دیكە لە ناحیەی پیرەمەگرونی سەر بە پارێزگای سلێمانی ڕوونكردنەوە دەدات، دەشڵێت جلوبەرگەكان ستانداردی جیهانین.
شەوی سێ شەممە ئاسایشی سلێمانی گرتەی ڤیدیۆیی و دانپێدانانی چەند كەسێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاند ئەو كەسانەن كە كۆتایی ساڵی ڕابردوو ئاڕاستەی خۆپیشاندانەكەی پیرەمەگرونیان گۆڕیوە و چەند شوێنێكی شارۆچكەكەیان سوتاندووە، ڤیدیۆكە كاردانەوەی توندی هاوڵاتیانی لێكەوتەوە، بەتایبەت لەسەر شێوازی جلوبەرگەكەیان، وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی دەڵێت جلوبەرگەكان ئاسایین و پێشتریش ئەو كارەیان كردووە، بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگرونیش باس لەوەدەكات هیچ فشارێكیان لەسەر دروست نەبووە لەلایەن كەسوكاری ئەو كەسانەوە چونكە پەیوەندی بەوانەوە نییە.
میدیاكانی یەكێتی راگەیەندراوێكیان بەناوی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی بڵاوكردەوە كە تیایدا هاتووە: لە مانگی تشرینی دووەمی 2021 لە كاتێكدا ژمارەیەك لە دانیشتوانی شارۆچكەی پیرەمەگرون بە مەبەستی خستنەڕووی چەند داواكارییەكی خزمەت گوزاری، لە چوارچێوەی مافی ڕادەربڕین هەستان بە ئەنجامدانی خۆپیشاندانێكی هێمنانە، بەڵام چەند كەسێكی ڕاسپێردراو بە پێی بەرنامەیەكی داڕێژراو بۆ تێكدانی ئاسایش و ئارامی و بە مەبەستی دروستكردنی ئاژاوە هەستان بە قۆستنەوەی كات و ساتی خۆپیشاندانی بەشێك لە دانیشتوانی شارۆچكەی پیرەمەگرون.
ئاسایشی سلێمانی ئەوەشی خستووەتەڕوو: ئەو كەسانە دەرفەتیان وەرگرت و هەستان بە پەلاماردانی دام و دەزگاكان و سوتاندانی بەشێكیان، لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش هێزەكانمان هەستان بە دەستنیشانكردن و دەستگیركردنی ژمارەیەك لەو كەسانەی دەستیان هەبوو لە گۆڕینی ئاڕاستەی خۆپیشاندانی هێمنانەی دانیشتوانی شارۆچكەی پیرەمەگرون، تۆمەتباران لە بەردەم دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش دانیان نا بە ئەنجامدانی ئەو تۆمەتەی ڕووبەڕوویان كرابویەوە و لە ئێستادا ڕاگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.
بەكر عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ناحیەی پیرەمەگرون لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت : "هیچ كەسێك پەیوەندی بە ناحیەوە نەكردووە لە كەسوكاری دەستگیركراوان، ئەو كەیسەش پەیوەندی بە ئاسایشەوە هەیە نەك ناحیەی پیرەمەگرون".
لەلایەن خۆشیەوە یاسین سەمیع، وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی ڕاگەیاند :"ئەو كەسانەی گیراون هەموو جۆرە كەسێكیان تێدایە نەك خوێندكار، لەسەر فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش گیراون و پەڕاوی لێكۆڵینەوەشیان هەر لەلای ئەوە".
وتیشی: "حوكمدانیان پەیوەستە بە دادگا و دادوەرەوە، ئەو جلوبەرگانە ستانداردی نێودەوڵەتین و بەپێی مامەڵەكردن لەگەڵ زیندانیەكانە و دەبێت یەك پۆش بن، بەردەوام رێكخراوەكانی نێودەوڵەتی سەردانی ئاسایش دەكەن و زیندانیەكان لەوجۆرە جلوبەرگە لەبەر دەكەن، پەیوەندی بە جۆری تاوانەكانیانەوە نییە".
وتەبێژی ئاسایشی سلێمانی دەشڵێت: "داعش ئەو جلوبەرگانە بۆیە بەكاردەهێنێت وەك جۆرێك لە تانەدان لە دەوڵەت و یاسا ئەگینا ئاسایش نەچووە لاسایی داعش بكاتەوە، بەڵكو ئەگەر دیقەتی زیندانیەكانی ئاسایشی سلێمانی بدرێت هەمان ئەو جلوبەرگانەیە".
لە سەرەتای مانگی 11 ی 2021 تا سەرەتای مانگی 12 ی 2021 خۆپیشاندانی خوێندكاران لە چەند شار و شارۆچكەیەكی هەرێم بۆ داواكردنی دەرماڵە بەڕێوەچوو، كە لە 2014 ەوە حكومەتی هەرێم بە پاساوی قەیرانی دارایی بڕیویەتی، لەخۆپیشاندانەكەشدا جگە لەوەی توندوتیژی بەرامبەر خوێندكاران بەكارهێندرا چەندین خوێندكار و خەڵكی ناڕازیش دەستگیركران.

