لە48 كاتژمێردا پێنج بنكەی ئەمریكا و هاوپەیمانان لەعێراق و سوریا كراونەتە ئامانج

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
شانەی ئەمنیی عێراق رایگەیاند:"مووشەكێك لە سەربازگەی نەسر لە رۆژئاوای بەغدا كەوتووەتە خوارەوە و هێزە ئەمنییەكانیش دەستیان بەسەر سەكۆ و مووشەكێكی دیكەدا گرتووە، بەوەش لەماوەی 48 كاتژمێردا پێنجەم جارە بنكەكانی هاوپەیمانان لەسوریا و عێراق دەكرێنە ئامانج.
شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە: مووشەكێك لە سەربازگەی نەسر لە رۆژئاوای بەغدا كەوتووەتەخوارەوە كە لە گەڕەكی جیهادەوە ئاراستە كراوە.
وەكو لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە: هێزە ئەمنییەكان سەكۆیەكی هەڵدانی مووشەكیان دۆزیوەتەوە و مووشەكێكی 240 ملیمیی نەتەقیوەش دەستی بەسەردا گیراوە، مووشەكەكە پووچەڵكراوەتەوە و رادەستی بەڕێوەبەرایەتیی بەڵگەی تاوان كراوە.
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەی شانەی راگەیاندنی ئەمنیدا هاتووە: دەزگا ئەمنییەكان و ئاژانسی هەواڵگری لێكۆڵینەوەیان دەستپێكردووە بۆ گەیشتن بە بكەرانی و دواتر وردەكارییەكان بڵاودەكەنەوە.
پێشتر وتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند: لە ماوەی 48 كاتژمێری رابردوودا چوار جار لە عێراق و سووریا بەرپەرچی هێرشی مووشەكی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانمان داوەتەوە. بە ئامانجگرتنی ئەو بنكانە هاوكاتە لەگەڵ ساڵیادی كوژرانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی سوپای پاسدارانی ئێران لە 3/1/2020 لەبەغدا.

