فرۆكەی بێ فڕۆكەوان و مووشەك واز لە عەین ئەسەد ناهێنێت
لەدوو ڕۆژدا سێ جار بنكەی سەربازی عەین ئەسەد كە پێشتر هاوپەیمانانی تێدابوون كراوەتە ئامانج

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
دوای ئەوەی شەوی ڕابردوو چەند مووشەكێكی ئاڕاستەكرا، بەرەبەیانی ئەمڕۆش فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان هەوڵیدا بچێتە ناو بنكەی سەربازی عەین ئەسەد لەپارێزگای ئەنبار لەعێراق، بەڵام فڕۆكەكە خرایە خوارەوە.
شانەی ڕاگەیاندنی جەنگی عێراق بڵاویكردەوە: فڕۆكەیەكی بێ فڕۆكەوان هەوڵیداوە لە بنكەی سەربازی عەین ئەسەد لە پارێزگای ئەنبار نزیك ببێتەوە، بەڵام لەلایەن بەرگری ئاسمانی بنكەكەوە تێكشكێندراوە و خراوەتە دەرەوەی بنكەكە.
ئێوارەی ڕابردوو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش ڕایگەیاند: بنكەی سەربازی عەین ئەسەد بە كاتیۆشا هێرش كراوەتەسەر بەڵام زیانی بەناو بنكەكە نەگەیاندووە. لەماوەی 72 كاتژمێری ڕابردوودا پێنج بنكەی سەربازی كە پێشتر هێزەكانی ئەمریكا و هاوپەیمانانی تێدابوون لەعێراق و سوریا كراونەتە ئامانج، بەڵام بنكەی عەین ئەسەد لەدوو ڕۆژدا ئەمە سێیەم جارە هێرشی دەكرێتەسەر و دوو جاریان بە فڕۆكەی بێ فڕۆكەوانی بۆمبڕێژكراو بووە.

