كەناڵی ئەلعەرەبیە: ئەمریكا لەعێراق و سوریا نەكشاوەتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەك چاوەڕوان دەكرا كەمكردنەوەی سەربازە ئەمریكیەكان بوو لە عێراق لەكۆتایی 2021 بۆ كەمتر لە هەزار سەرباز، ئەوەش هاوكات بوو لەگەڵ گۆڕینی ڕۆڵی سەربازە ئەمریكیەكان لە سەربازییەوە بۆ راوێژكاری و راهێنان بە هێزە عێراقیەكان، بەڵام بەپێی سەرچاوەكانی هەواڵ باس لەوەدەكەن ئەمریكا تائێستا زیاتر لە دوو هەزار و 500 سەربازی لەعێراق و سوریا هێشتووەتەوە.
ئەو زانیارییە جۆن كێربی وتەبێژ بەناوی پنتاگۆن لەمیانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ رۆژنامەنوسان و دوور لەچاوی كامێراكان لەچواری ئەم مانگە ئاشكرایكردووە،ئەوەشی چەند جارێك دووپاتكردووەتەوە، باسی لەوەشكردووە فەرماندە ئەمریكیەكان دەسەڵاتی تەواویان پێدراوە كە چۆن بەرگری لەخۆیان و پێگەكانیان دەكەن بیكەن.
بەپێی راپۆرتێكی ماڵپەڕی عەرەبیە، ئەمریكیەكان لەگەڵ عێراقیەكان ڕێككەوتوون لەسەر ئەو شوێنانەی كە تێیدا دابەش دەبن، بەشێوەیەك ئەو بنكانەی هێزە ئەمریكیەكانی تێدا ماون لەدەرەوە هێزە عێراقیەكان جێگیركراون و دەیانپارێزن، بەڵام هێزە ئەمریكیەكانیش هەركات پێویست بكات بەشداری دەكەن لە پرۆسەی سەربازیدا بەڵام زیاتر پرۆسەكان هەواڵگری و ئاسمانی دەبن، جگە لەوەی ئامێری پێشكەوتوویان لە بنكەكان لانەبردووە لەوانەش تۆڕی "سی ڕام" و ئەو ئامێرانەی بۆ دیاریكردنی جوڵەن بەشێوەیەكی پێشكەوتوو.
ئەوەی مانەوەی ئامێرە پێشكەوتووەكانی ئەمریكا پشتڕاستدەكاتەوە، هێرشی چەند رۆژی ڕابردووی میلیشیا شیعەكان بوو بۆ سەر چەند بنكەیەكی سەربازی كە هێزە عێراقی و ئەمریكیەكان بەهاوبەشی تێیدان، چونكە ئەو هێرشانە نەیانتوانی هیچ زیانێك بەو بنكە سەربازیانە بگەیەنن، ئەوەشی زیاتر مانەوەی ئەو هێزانە دووپات دەكاتەوە لەچەند بنكەیەك ئەوەیە كە میلیشیا شیعەكان ب
ەپێی زانیاری هەواڵگری ئەو بنكانەیان كردووەتە ئامانج و كارێكی هەڕەمەكی نەبووە بەڵكو دڵنیا بوون لەوەی هێزی ئەمریكی تێدا ماوە، جگە لەوەی دوو بنكەی سەربازی ئەمریكا لەسوریا كرانە ئامانج. وەك چەند فەرماندەیەكی سەربازی ئەمریكا ئەوەیان دركاندووە، ئەمریكا نایەوێت عێراق بۆ ئێران جێبهێلێت و هاوپەیمانەكانی بخاتە مەترسییەوە، چونكە بەوتەی ئەوان ئێران دەیەوێت لەگەڵ كشانەوەی ئەمریكا بەتەواوەتی هەژموونی خۆی بسەپێنێت، بەڵام ئەمریكیەكان سورن لەسەر ئەوەی بمێننەوە و بەرژەوەندی و هاوپەیمانەكانیان بپارێزن.

