کۆرۆنا لە ٢٠٢٢دا بەرۆکی مرۆڤایەتی بەرنادات

وڵاتانی جیهان ترسیان هەیە لە تەشەنەکردنی ئۆمیکرۆن و هەر وڵاتێک بەجۆرێک مامەڵەی لەگەڵ دەکات

4 ساڵ لەمەوپێش



کاکەلاو عەبدوڵا

لەگەڵ ئەوەی جیهان چەند رۆژێکە پێی ناوەتە ساڵی ٢٠٢٢وەوە، کە سێیەم ساڵییەتی لەگەڵ کۆرۆنادا، تەشەنەکردنی جۆری ئۆمیکرۆنی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەشێوەیەکی بەرچاو رووی لە زیادبوونە، بەڵام هەر وڵاتێک بەجۆرێك رووبەرووی دەبێتەوە و خۆی بۆ ئامادە دەکات.

ئۆمیکۆرن کە لە ٢٥ مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ لە ئەفریقای باشور دەستنیشانکرا، بەماوەیەکی کورت بە جیهاندا بڵاوبوویەوە و چەندین توێژینەوە باس لەوە دەکەن جۆرێکە کە توانای گواستنەوەی بەهێزە و توانای خۆدزینەوەی هەیە لە بەرگری لەش، بەڵام کوشندە نییە و حاڵەتەکانی زۆر تووند نین.

بەپێی ئاماری رێکخراوی تەندروستی جیهانی، ئۆمیکرۆن لە ٨٩ وڵاتی جیهاندا بڵاوبووەتەوە بەڵام هەر وڵاتێک بەجۆرێک مامەڵەی لەگەڵ دەکات، هەر لە سەپاندنی کەرەنتینەی گشتی، دابەشکردنی ڤاکسینی سێیەم و چوارەم، بەستنی ماسکی ناچاری، تا دەگاتە داخستنی شوێنە گشتییەکان.

 

ئەوروپا

وڵاتانی ئەوروپی لە ئێستادا گیرۆدەی ئۆمیکرۆن بوون و هەر وڵاتیك بەجۆرێک مامەڵەی لەگەڵ دەکات. لە ئێستادا فەرەنسا رۆژانە ٢٠٠ هەزار حاڵەتی تێدا تۆمار دەکرێت و حکومەتی وڵاتەکە چەندین رێکاری تووندی گرتووەتەبەر بۆ تەشەنە نەکردنی ڤایرۆسەکە.

لە سەرەتایی ئەم هەفتەیەوە فەرەنسا بووە شەشەم وڵات لە جیهاندا کە لەسەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە ١٠ ملیۆن حاڵەتی تووشبوونی تێدا تۆماربکرێت، سەرەڕای تووندکردنەوەی رێکارەکانی خۆپارێزی لە وڵاتەکەدا.

بەم ژمارەیە فەرەنسا چووە پاڵ وڵاتەکانی ئەمریکا، هندستان، بەرازیل، رووسیا، هەروەها بەریتانیا لە تێپەراندنی ١٠ ملیۆن حاڵەتدا.

حکومەتی فەرەنسا بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ڤایرۆسی کۆرۆنا چەندین رێکاری تووندی گرتووەتەبەر، لەوانە بەکارهێنانی ماسک لە شەقام و شوێنە گشتییەکاندا و داخستنی یانە شەوانەکان و سنوردارکردنی رێستۆرانت و شوێنە گشتییەکانی تر. تەنانەت کارتێکی تێپەڕاندنی دروست کردووە بۆ ئەو کەسانەی ڤاکسینین وەرگرتووە تا بتوانن لە شوێنە گشتییەکاندا کات بەسەر ببەن و هەر کەسێک ئەو کارتەی پێ نەبێت ناتوانێت بمێنیتەوە.

پێنجشەممەی رابردووش حکومەتی فەرەنسا  بەستنی ماسکی کردە زۆرەملێ  لە پاریس لە ١١ ساڵییەوە، بەڵام دوای دوو رۆژ بڕیارەکە گۆردرا و لە ئێستادا منداڵانی تەمەن شەش ساڵیش دەگرێتەوە، هەر کەسێکیش پابەند نەبێت بە بڕێک پارە غەرامە دەکرێت کە ١٣٥ یۆرۆیە.

هاوکات ئیمانیۆل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، رایگەیاند پێویست ناکات حکومەت چیتر رێکاری توندتر بگرێتە بەر چونکە ئازادیی کەسەکان سنوردار دەکات، بەڵام هۆشداریدا کە هەفتەکانی داهاتوو سەخت دەبێت بۆ وڵاتەکەی.

بۆ رێگریکردن لە بڵاونەبوونەوەی ئۆمیکرۆن، هۆڵەندا لە مانگی رابردوودا کەرەنتینەی گشتی راگەیاند. سەرجەم بازاڕ و دوکان و کۆگا ناپێویستەکان تا ١٤ی کانونی دووەمی ٢٠٢٢ دادەخرێن و قوتابخانەکانیش تا ٩ی هەمان مانگ ناکرێنەوە.

ئەم رێکارانە بووە هۆی توورەبونی هاوڵاتیانی هۆڵەندا و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و لە ئەمستەردامی پایتەخت هەزارەها خۆپیشانداەر رژانە سەر شەقامەکان، کە دواتر رووبەرووی توندوتیژی بوونەوە لەلایەن پۆلیسەوە و ٣٠ خۆپیشاندەر دەستگیرکران و چوار پۆلیسیش برینداربوون.

لە مانگی شترینی دووەمی ٢٠٢١، نەمساش کەرەنتینەی گشتی راگەیاند و توانی سەرکەوتوو بێت لە کەمککردنەوەی حاڵەتەکانی تووشبوون. لە ئێستادا لە زۆربەی هەرێمەکانی وڵاتەکە رێکارەکانی خۆپارێزی تەنها ئەو کەسانە دەگرێتەوە کە ڤاکسینیان وەرنەگرتووە و تەنها رێیان پیدەدرێت ماڵەکانیان بۆ حاڵەتی پیویست بەجێ بهێڵن وەک کڕینی خواردن و سەردانی پزیشک.

ئەڵمانیانش یەکێکە لەو وڵاتانەی ئەوروپا کە حاڵەتێکی زۆری ئۆمیرکۆنی تێدایە. هەرزوو دوای جەژنی کریسمس، ئەڵمانیا دەستیکرد بە قەدەغەکردنی کۆبونەوەی تایبەتی ناو ماڵان و بۆنە گشتییەکان.

بەڵام لە ئێستادا حکومەتی وڵاتەکە تاووتوێکی ئەوە دەکات ئاخۆ ١٤ رۆژی کەرەنتین کەم بکاتەوە بۆ ئەو کەسانەی پشکنینەکانیان پۆزەتیڤ بووە یان نا. شارەزایانی پزیشکی وڵاتەکە دەڵێن نیگەرانن سەبارەت بە فشار خستنەسەر کەرتە سەرەکییەکان وەک کەرتی تەندروستی، پۆلیس یان ئاگرکوژێنەوە ئەگەر خەڵکێکی زۆر کەرەنتینە بکرێت لە یەک کاتدا.

ئەڵمانیا دەیەوێت وەک ئیسپانیا کەرەنتینەی تاک لە ١٤ رۆژەوە کەبکاتەوە بۆ ١٠ رۆژ و لە هەندێ وڵاتیشدا ئەگەر پشکنین بکەن لە نیوەی ئەو ماوەیە ئەوا کەم دەکرێتەوە بۆ پێنج رۆژ.

 

ئەمریکا و بەریتانیا

ماوەی چەند هەفتەیەکە حکومەتی بەریتانیا چەند پلانێکی یەدەگی ئامادە کردووە لە حاڵەتی ئەوەی نەخۆسخانەکان و شوینەکانی تر کار کردن رووبەرووری کەمی ستاف ببنەوە، ئەمەش لەسەروبەندی ئەو ژمارە زۆرەی تووشبوان کە وڵاتەکە رووبەرووی بووەتەوە.

کەرتی گشتی لە بەریتانیا ئامادەکارییان کردووە بۆ کەمبوونەوەی ستافەکانیان لەسەدا ١٠ بۆ لەسەدا ٢٥ بەهۆی ئەوەی تووشبوون لەناو کارمەندانی رووی لە زیادبوونە و ئەمەش وایان لیدەکات خۆیان کەرەنتین بکەن.

لە جەژنی کریسمس و جەژنی سەری ساڵ ئۆمیکرۆن زیاتر لە بەریتانیا تەشەنەی سەند و رۆژانە ١٥٠ بۆ ٢٠٠ هەزار حاڵەت تۆمارکرا.

بەپێی ئۆفیسی ئاماری نیشتمانی بەریتانیا، نزیکەی یەک کەس لە ٢٥ کەس لە ئینگلتەرا یان دوو ملیۆن کەس هەفەتیەک پێش کریسمس پەتای کۆرۆنایان گرتووە.

بەرپرسانی سکۆتلەندا و وێلز و ئێرلەندای باکور بۆنە و کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکانیان سنوردار کردووە بەهۆی ئۆمیکرۆنەوە، بەڵام بەرپرسانی ئینگلتەرا دەڵێن چەسپاندنی رێکاری نوێ «دواین کاریان» دەبێت، سەرەڕای بەرزبوونەوەی ئاستی تووشبونی رۆژانە.

لەکاتێکدا هەندێک وڵات ماوەی کەرەنتینە بۆ کەسانی تووشبوو کەمدەکەنەوە، بەڵام ئەمریکا بیر لەوە دەکاتەوە ماوەکە زیاد بکات.

لە ئێستاد ئەوانەی پشکنینەکانیان پۆزەتیڤە لە ئەمریکا دەبێت بۆ ماوەی پێنج رۆژ خۆیان کەرەنتین بکەن. رەخنەگەرانی ئەم رێکارە دەڵێن ئەمە ئیشکردنی کرێکاران وکارمەندانی وڵاتەکەی پێش تەندروستیان خستووە و رەنگە سەربکێشێت بۆ گەڕانەوەی ئەو کەسانەی کە تووشبوون بۆ نیو کۆمەڵگە لەکاتێکدا ڤایرۆسەکەیان تێنەپەراندووە و دەگونجێت بیگوازنەوە.

لە ئێستدا رۆژانە ٤٠٠ هەزار حاڵەتی نوێ لە وڵاتەکەدا تۆمار دەکرێت و رێژەی داغڵبوون بە نەخۆشخانەش روو لەزیادبوونە.

 

ئاسیا

لە شاری شیانی چین ماوەی نزیکەی ١٥ رۆژە کەرەنتینەی گشتییە و هیچ کەسێک بۆی نییە بێتە دەرەوە، ئەمەش وایکردووە کە هەستێک لای خەڵکی شارەکە دروست ببێت کە بڵێن هێشتا لە ٢٠٢٠دا دەژین و نەگەشتوونەتە ٢٠٢٢.

تا ئیستا نزیکەی دوو هەزار حاڵەت لە شارەکەدا تۆمارکراوە کە جێی نیشتەجێبوونی ١٣ ملیۆن کەسە. هەرچەندە بە بەراورد بە وڵاتەکانی تر ئەو ژمارەیە زۆر کەمە، بەڵام ئەو ژمارەیە وایکرد کۆی حاڵەتەکانی چین بگەیەنێتە بەرزترین ئاست لە ئازاری ٢٠٢٠ەوە.

هەرچەندە وڵاتانی تر ئاسیا توانیوویانە تا رادەیەک بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆن رابگرن، بەڵام زۆربەیان خۆیان ئامادە کردووە بۆ شەپۆلی ئۆمیکرۆن.

هەر کە یەکەم حاڵەت دەرکەوت لە یابان و تایلەندا، حکومەتی هەردوو وڵار رێکارەکانی گەشتکردنیان تووندکردەوە. لە یابان کە چەندین رێکاری تووندی هەیە زۆربەی کەسانی بیانی ناتوانن بەهۆی ئەو رێکارانەوە داغڵی وڵاتەکە ببن. لە تایلەندیش کەسانی بیانی دەتوانن بێنە ناو ولاتەکەوە بەڵام دەبێت خۆیان کەرەنتین بکەن.

رۆژهەڵاتی ناوەراست

سەرەتایی مەترسییەکانی ئۆمیکرۆن لەسەرخۆ لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراستیش دەردەکەوێت و کۆمەڵێک وڵاتی ناوچەکە بەشێوەیەکی بەرچاو حاڵەتە نوێیەکانیان زیادیکردووە.

رۆژانە لە سعودیە هەزار حاڵەتی نوێی کۆرۆنا تۆمار دەکرێت لەکاتێکدا سێ مانگ لەمەوبەر رۆژانە تەنها  ١٠٠ حاڵەت تۆمار دەکرا.

هاوکات لە ئیماراتیش، دوای ئەوەی لە سەری ساڵدا چەندین گەشتیار رووی تێکرد، بەشێوەیەکی بەرچاو حاڵەتەکانی تێدا بەرزبووەتەوە لە رۆژێکدا دوو هەزار و ٦٠٠ حاڵەتی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا تۆمارکرا بەبەراورد بە دوو مانگی رابردوو کە تەنها رۆژانە ١٠٠ حاڵەت تۆماردەکرا. هەردوو وڵات لەسەرەتایی مانگی رابردوەوە ئۆمیکرۆنیان تێدا تۆمارکرا.

تورکیاش یەکێکە لەو وڵاتانەی رۆژهەڵاتی ناوەراست کە زۆرترین حاڵەتی تێدا تۆمارکراوە و زۆربەیان لە جۆری ئۆمیکرۆن بوون. چەند رۆژێک لەمەوبەر، فەخرەدین کۆجا، وەزیری تەندروستی تورکیا، رایگەیاند بەهۆی ئۆمیکرۆنەوە حاڵەتە نوێیەکان لە ئەستنەبوڵ لە چوار هەزارەوە گەیشتووەتە ٢٠ هەزار حاڵەتی رۆژانە، واتە پێنج ئەوەندە زیادی کردووە، بەکۆی گشتیش رۆژانە تورکیا ٤٠ هەزار حاڵەتی نوێ تۆمار دەکات.

فەخرەدین کۆجا وتیشی، هیچ رێکارێکی تووند یان کەرەنتین راناگەیەنن و کۆبوونەوە کۆمەڵایەتییەکان قەدەغە ناکەن، بەڵام داوای لە هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کرد بەجۆرێک رەفتار بکەن کە هەموو ئەو رێکارانە بوونیان هەبێت.

بە هەمان شێوەی تورکیا، لە ئیسرائیلیش حاڵەتە نوێیەکان لە ١٠ رۆژی رابردوودا چوار ئەوەندە زیادیان کردووە سەرەڕای ئەوەی لەسەدا ٦٠ی هاوڵاتیانی وڵاتەکە ڤاکسینیان وەرگرتووە لەکۆی ٩ ملیۆن دانیشتوان.

لە ئێستادا ئیسرائیل جارێکی تر متمانەی بەخشیوەتەوە بە ڤاکسین و ژەمی چوارەم دابەش دەکات بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئۆمیکرۆن. ئیسرائیل یەکەم وڵاتە ژەمی چوارەم دابەش بکات بەسەر هاوڵاتیانیدا. ساڵی رابردووش ئیسرائیل یەکەم وڵات بوو ژەمی سێیەم بەسەر هاوڵاتیانیدا دابەش بکات و دواتر وڵاتانی تر چاویان لێکرد.

لە سەرەتاوە تەنها ئەوانەی بەرگری لەشیان لاواز بوو ژەمی چوارەمیان وەردەگرت، بەڵام لەسەرەتایی ئەم هەفتەیەوە بڕیارەکە کەسانی سەروو تەمەن ٦٠ ساڵ و ستافی پزیشیکیشی گرتەوە.

لە ئێرانیش لە سەرەتایی ئەم هەفتەیەوە هەزار و دوو حاڵەتی نوێی کۆرۆنا تۆمارکران و بەرپرسانی تەندروستی وڵاتەکەش دەڵێن ئۆمیکرۆن لە ١٢ پارێزگادا بڵاوبووەتەوە.

تا ئێستا ئۆمیکرۆن لە عێراق و هەرێمی کوردستان تۆمارنەکراوە، بەڵام ئاماژەکان بۆ ئەوە دەچن کە بەمزوانە شەپۆلی ئۆمیکرۆنیش دەگاتە ئێرە.

 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار