وەفدێكی هاوبەشی هاوپەیمانی تەقەدووم و هاوپەیمانی عەزم گەیشتە هەولێر

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

 پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ وەفدێكی هاوبەشی هاوپەیمانی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و هاوپەیمانیی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر گەیشتە هەولێر و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر پێشوازییان لێکرا.

وەفدە هاوبەشەکە دەچنە بارەگای بارزانی و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆدەبنەوە؛ چاوەڕوان دەکرێت شاندەکە لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانیش کۆببنەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیە یەکلا نەبووەتەوە.

سەردانەکە لە کاتێکدایە، رۆژی هەینی 07-01-2022، وەفدێكی  هاوبەشی پارتی و یەکێتیی لە بەغدا لەگەڵ دەستەی سیاسیی رەوتی سەدر و هاوپەیمانی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی محەممەد حەلبووسی و هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتیی خەمیس خەنجەر کە دوو گەورەترین هاوپەیمانیی سوننەن لە بەغدا کۆبوونەوە.

دوای ئەوەی بەرهەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق داوای لە خولی نوێی پەرلەمان کرد رۆژی یەکشەممەی داهاتوو 9.1.2022 کۆببێتەوە، بڕیارە خولی نوێی پەرلەمان لەو وادە یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ساز بکات، لە کاتێکدا تاوەکو ئێستا نە کورد و نە شیعە و نە سوننە بە ئاشکرا بەربژێرانی خۆیان بۆ پۆستەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکوەزیران دەستنیشان نەکردووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار