ئێران: ئامادەین بۆ هاوكاری لایەنە عێراقیەكان لە پێكهێنانی حكومەتی نوێ

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

حکومەتی ئێران رایگەیاند:" ئەگەر داوایان لێبکرێت، تاران ئامادەیە بۆ لێک نزیککردنەوەی بۆچوونە جیاوازەکان و کۆدەنگی نیشتیمانی لەسەر پێکهێنانی حکومەت هاوکاری لایەنەکانی عێراق بکات".

 جەختیش دەکاتەوە ئێران بەیەک ئاست لەهەموو لایەن و پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی عێراق دەوەستێت.

تۆڕی راگەیاندنی عێراق لەزاری سەرچاوەیەکی بەرپرس ئێران لەکێشەکانی ناوخۆی عێراق کەتایبەتن بە پێکهێنانی حکومەت بەیەک ئاست لەهەموو لایەن و پێکهاتە ئاینی و نەتەوەییەکانی عێراق دەوەستێت، بەڵام "ئەگەر داوامان لێبکرێت ئامادەین هاوکاری لایەنەکان بین بۆ دروستکردنی کۆدەنگی نیشتیمانی لەسەر پێکهێنانی حکومەت".

ئاماژەی بەوەشکردوە، "تاران بەگرنگی دەزانێت لایەنەکانی عێراق بەبێ دەستوەردانی هەرێمی بگەنە رێککەوتن، بەڵام ئەگەر راوێژ و پرس و ڕا بە ئێمە بکرێت، ئامادەی هاوکاری دەبین، داواش لەهەمو لایەنەکان دەکەین رێز لە دەستور و بنەماکانی دۆخی سیاسی بگرن و پارێزگاری لە سەروەری عێراق و یەکێتی ریزەکانیان بکەن".

سەرچاوەکەی ئێران باسی لەوەشکردوە، "ئەو حکومەتەی بەرێککەوتنی لایەنەکان لەعێراق دروستدەکرێت، ئێمە مامەڵەی لەگەڵدا دەکەین بەبێ ئەوەی سەیری پێکهاتە، رەنگ و شێوەکەی بکەین، هەروەها بەردەوامیش دەبین لە هەماهەنگی و هاوکاری دوو لایەنە کە بەرژەوەندی هەردوو گەلی دۆست دەپارێزێت".

چرکەکانی کۆتایی بۆ وادەی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق، گفتوگۆی ناوخۆیی و دوو قۆڵی و سێ قۆڵی کورد، سوننە و شیعە زیاتر و چڕتر کردووەتەوە. هەرچەند هاوکێشە سیاسییەکان بە چرکە دەگۆڕدرێن و ئەوەش وایکردووە تاوەکو ئێستا بە فەرمی هیچ ناوێک بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمار و حکومەت نەخرێتەڕو.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار