تورکیا: لە روی ئاسایش و داھاتووی برایانمان لە کەرکووک ھەموو ھەوڵێک دەخەینەگەڕ

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
وەزیری بەرگریی تورکیا رایگەیاند:" بە گفتوگۆکردن لەگەڵ ھەولێر و بەغدا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ لایەنەکان لەسەر پرسی ئەنجامدانی ھەڵسوکەوتی قبووڵکراو لەو شوێنە بەردەوامە. ھەربۆیە لە رووی ئاسایش و داھاتووی برایانمان لە کەرکووک، ھەموو ھەوڵێک دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی ھیچ کارێکی نەرێنی لە رووی ئەمنییەوە روونەدات".
خولوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ میدیاکانی وڵاتەکەی لەسەر کۆمەڵێک پرس، لەوانەش کەرکووک، کازاخستان، ئۆپەراسیۆن بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان، نزیکبوونەوەی میسر و سعودیە لە یۆنان و کڕینی سیستمی s-400 کرد.
خولوسی ئاکار لەبارەی دواپێشھاتەکانی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند: "پرسی کەرکووک بۆ ئێمە زۆر گرنگە. لە نزیکەوە چاودێریی دەکەین. بە گفتوگۆکردن لەگەڵ ھەولێر و بەغدا پەیوەندییەکانمان لەگەڵ لایەنەکان لەسەر پرسی ئەنجامدانی ھەڵسوکەوتی قبووڵکراو لەو شوێنە بەردەوامە. ھەربۆیە لە رووی ئاسایش و داھاتووی برایانمان لە کەرکووک، ھەموو ھەوڵێک دەخەینەگەڕ بۆ ئەوەی ھیچ کارێکی نەرێنی لە رووی ئەمنییەوە روونەدات".
وەزیری بەرگریی تورکیا، سەبارەت بە کازاخستانیش وتی: "لەگەڵ کازاخستان پەیوەندی ئەرێنی مێژوویی، رۆشنبیری، سەربازیی پەروەردەییمان ھەیە، کارەکانمان بەردەوامە. لە نزیکەوە چاودێری دواپێشھاتەکان دەکەین".
ئاکار، 'کازاخستان'ی بە "ھاوپەیمانێکی گرنگ"ی تورکیا ناوبرد و گوتی: "زۆر گرنگە بە زووترین کات ئاسوودەیی لە کازاخستان دەستەبەر بکرێت. پێمانوایە برایانمان لە کازاخستان بەپێی توانای خۆیان گشت ئاڵنگەرییەکان لەو شوێنەدا تێدەپەڕێنن. وەک ھەمیشە، ئەمڕۆش ھەر پاڵپشتی کازاخستان دەبین".
خولوسی ئاکار باسی لەوەشکرد بەمدواییانەدا میسر و سعودیە لە یۆنان نزیکبوونەتەوە و لەمبارەیەوە گوتی: "پێویستە بە بێلایەنانە، ورد و ھەستیارەوە چاودێریی پێشھاتەکان بکەین. پێویستە رووداوەکان لە نێو سنووری خۆیان بھێڵینەوە. لێرەدا پێویست بەھیچ نیگەرانییەک ناکات. لە قۆناخی داھاتوودا لەسەر پرسی سعودیە و میسر چ پێشھاتێک سەرھەڵدەدات، پێکەوە دەیبینین".
وەزیری بەرگریی تورکیا وتی: "لە عێراق و لە سووریاش، ئێمە یەک دید و ئەرکمان ھەیە ئەویش چییە؟ ئاسایشی سنوورەکانمان و ھاووڵاتییانمان. بۆیە تاوەکو ئەمڕۆ ھەرچی پێویست بێت لەمبارەیەوە کراوە. لەمەودواش لەسەر ھەمان بنەما و لە چوارچێوەی مافە نێودەوڵەتییەکان بەردەوام دەبین. ئەمانە کات و شوێنی خۆیان ھەیە، دۆخ و مەرجی خۆی ھەیە. ئەگەر کاتی بێت ئەوەی پێویست بێت دەکرێت".
خولوسی ئاکار لەبارەی پرسیارێکی پەیوەندیدار بە سیستەمی S-400 وتی: "ئێمە دەڵێین، تاوتوێی بکەین و چارەسەریی بکەین. ئێمە بۆچی S-400 مان کڕی، وەرن بۆ ئێوە روونی بکەینەوە. S-400 چەکی ھێرشکردن نییە. ئەگەر لەکاتی بەکارھێنانی لەگەڵ F-35 چەند کێشەیەک دروست ببێت، وەرن با تاوتوێی بکەین. رێگری لەمە بکەین. ئەگەر پێویست بێ ناتۆش بانگھێشت بکەن. بۆچوونی ئێمە ئەوەیە. لێرەدا رەواین. ئێمە ناچارین 84 ملیۆن کەس و 780 ھەزار کیلۆمەتری نیشتمان لە ھێرشی ئاسمانی و مووشەکی بپارێزین. وەرن با تاوتوێی بکەین و ئەم پرسە درێژ نەکەینەوە، کێشەی سەرەکی پەکەکە/یەپەگەیە".

