دەستەى ژینگە: توانرا هەرێمى کوردستان بخرێتە سەر نەخشەى جیهانى گۆڕانکارى کەشوهەوا

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند:" "لە ماوەى ساڵى رابردودا بەهۆی بایەخدانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە بوارى ژینگە توانرا هەرێمى کوردستان بخرێتە سەر نەخشەى جیهانى گۆڕانکارى کەشوهەوا، لەلایەکى دیکەشەوە سەرۆکى حکومەت پەیڕەوى پاراستنى ژینگەیی و پاراستە سروشتییەکانى چالاککرد، کە ماوەیەک بو سڕکرابو".

نزیکەی یەک ملیۆن دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی سوپای تورکیاوە زیانیان بەرکەوتووە.

ئەمڕۆ، عەبدولڕەحمان سدیق سەرۆکی دەستەى پاراستن و چاککردنى ژینگەی هەرێمی کوردستان، لە شاری هەولێر کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیی ئەنجامدا و ئاماری ساڵی ڕابردووی تایبەت بە دەستەکەیانی خستەڕوو.

عەبدولڕحمان سدیق، لە کۆنگرەکەدا تیشکی خستە سەر بۆردوومانەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و وتی:”نابێت بەهۆی شەڕەکانەوە ژینگە بکرێتە ئامانج و تێکبدرێت، چونکە بەهۆی بۆردوومان و تۆپبارانەکانی سوپای تورکیاوە یەک ملیۆن دۆنم زەوی خاکى کوردستان زیانیان پێگەشتووە.”

لەبارەى چالاکییەکانى دەستەى ژینگەى کوردستان، کە لە ساڵى ڕابردوو ئەنجامدراوە، عەبدولڕەحمان سدیق ئاماژەى بەوەدا:”دوو هەزار و ٨٧٦ پرۆژەى جۆراوجۆر مۆڵەتیان پێدراوە و ٤٨ پرۆژەش داواکارییەکانیان ڕەتکراوەتەوە و پێنج هەزار و ٢٤٩ پرۆژەى دیکەش بەدواداچوون و پشکنینیان بۆ کراوە” .

هەر بەپێی ئامارەکە، کۆی گشتى ئەو داهاتەى لە ساڵى ٢٠٢١دا لە تەواوى هەرێمی کوردستان لەلایەن دەستەکەوە کۆکراوەتەوە، بریتیبووە، لە ٣٣٢ ملیۆن و ٦٦٦ هەزار دینار.

هەروەها، ڕاشیگەیاند:”لەئێستاشدا لە هەرێمی کوردستان ٢٢٠ رێکخراوى ژینگەیی هەن و بۆردێکیان هەیە، کە کاروبارەکانیان رایی دەکات”.

جێگەى ئاماژەیە، دەوڵەتی داگیركەری تورك لە ٢٣ی نیسانى ساڵى ڕابردووەوە هێرشێكی نوێی داگیركاری بۆسەر باشوری كوردستان دەستپێكردووە، کە تیایدا چەکی کیمیاییش بەکاردێنێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار