دوای تێکچوونی دۆخی تەندروستی سەرۆکی کاتیی پەرلەمان دانیشتنەکە دەستیپێکردەوە
یەکەم دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی عێراق بەشەڕ دەستیپێکرد

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی عێراقدا گرژی و ئاڵۆزی لە نێوان رەوتی سەدر و چوارچێوەی هەماهەنگیدا دروستبوو و بەھۆی گرژییەكانەوە سەرۆكی كاتی پەرلەمانی عێراق لەھۆش خۆی چوو و دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دواى چهند کاتژمێرێک دهستیپێکردهوه.
ئەمڕۆ 9/1/2022 ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یەكەم كۆبوونەوەی لە خولی پێنجەمدا بەبەشداری 325 ئەندام بەڕێوەبرد، لەكۆبوونەوەی ئەمڕۆدا پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد، ئەوەی كۆبوونەوەكەشی بەڕێوەبرد مەحمود مەشهەدانی بوو كە بەتەمەنترین پەرلەمانتاری ئەم خولەی پەرلەمانی عێراقە كە لەهەڵبژاردنی 10/10/2021 ئەندامەكانی هەڵبژێردران.
لەدانیشتنەكەی ئەمڕۆدا كە بڕیاربوو كاتژمێر 11 ئەنجام بدرێت، بەڵام بۆ كاتژمێر چواری پاشنیوەڕۆ دواخرا، پاش سوێندخواردنی پەرلەمانتاران دەرگای خۆپاڵاوتن بۆ پۆستەكانی سەرۆكی پەرلەمان و هەردوو جێگرەكەی كرایەوە، لەسەر ئەوەی كام لایەن گەورەترین كوتلەی پەرلەمانییە گرژی لەناو پەرلەمانی عێراق دروستبوو و بەهۆیەوە باری تەندروستی مەحمود مەشهەدانی تێكچوو و برایە دەرەوەی هۆڵی پەرلەمان.
لەدانیشتنەكەی ئەمڕۆدا كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان لەلایەن دوو گەورەترین لایەنی سونی دیاریكرا، كە پیكهاتون لە هاوپەیمانی تەقەدوم و عەزم ئەویش محەمەد حەلبوسی-یە، بەڵام تا ئێستا لایەن شیعە نەگەیشتونەتە رێككەوتن بۆ دیاریكردنی پۆستی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمان، بۆ ئەومەبەستە رەوتی سەدر حاكم زاملی و چوارچێوەی هەماهەنگی ئەحمەد ئەسەدی كاندید كردووە، جگە لەوەی لەدرێژەی دانیشتنەكەدا ئەو دوو لایەنە نەگەیشتنە رێككەوتن لەسەر گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی و بەهۆیەوە گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو.
یەكێتی و پارتیش ئەمڕۆ یەكلایی نەبوونەوە بۆ ئەوەی كاندیدێكی یەكگرتوویان هەبێت بۆ جێگرەكانی سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆك كۆماری عێراق، بەڵام تائێستا یەكێتی دیار نییە دكتۆر بەرهەم ساڵح دەهێڵێتەوە یاخود وەك هەندێك میدیا باسی دەكەن لەسەر كاندیدكردنی عیماد ئەحمەد رٍێك دەكەون، چونكە پارتی تائێستا كاندیدكردنەوەی دكتۆر بەرهەم ساڵح بۆ ئەو پۆستە ڕەتدەكاتەوە.
ئەوەی لەدانیشتنەكەی ئەمڕۆدا جێی سەرنجبوون، هەریەك لە چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان و ڕەوتی سەدر دوو لیستیان وەك گەورەترین كوتلەی پەرلەمانی پێشكەش كرد، ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی پێكهاتبوو لە 88 پەرلەمانتار، بەڵام لیستەكەی سەدر لە 76 پەرلەمانتار پێكهاتبوو.
لەكاتی نەگەڕانەوەی مەحمود مەشهەدانی بۆ سەرۆكایەتی دانیشتنی پەرلەمان خالد دەراج سەرۆكایەتیی دانیشتنەكە دەكات، چونكە دوای مەشهەدانی ئەو بەتەمەنترین پەرلەمانتارە. چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەكان ژمارەیەكی زۆری لایەنە شیعەكانی تێدایە و دیارترینیان بریتین لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆكایەتیی نووری مالیكی و هاوپەیمانیی فەتح بە سەرۆكایەتیی هادی عامری، لایەنی ركابەریشیان فراكسیۆنی سەدرە كە خاوەنی 73 كورسیی پەرلەمانە بە تەنیا.
بەپێی ماددەی 55ـی دەستووری عێراق، لە یەكەمین دانیشتنی پەرلەماندا، دوای ئەوەی پەرلەمانتاران سوێندی یاسایی دەخۆن، دەبێت سەرۆكی پەرلەمان كە پشكی سوننەیە و دوو جێگرەكەی كە پشكی كورد و شیعەن هەڵبژێردرێن، بەڵام لە ئەگەری رێكنەكەوتنی لایەنەكان، هاوشێوەی خولی پێشوو، ئەو پاساوە یاساییە لەبەردەستە كە دانیشتنەكە درێژەی پێبدرێت و دانیشتنی دووەم وەكو تەواوكەری دانیشتنی یەكەم هەژمار بكرێت.

