یەكێتی پەیامێك لەبارەی بەرهەم ساڵح دەداتە پارتی
"كاندیدكردنی عیماد ئەحمەد بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار قسەی پارتییەكانە"

4 ساڵ لەمەوپێش
ئارا ئیبراهیم
راوێژكارێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە یەكێتی نیشتمانی كوردستان تەنها یەك كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەیە ئەویش بەرهەم ساڵح دەبێت و ئەوەش یەكلاكراوەتەوە.
رێزان شێخ دلێر، راوێژكاری مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەلێدوانێكی تایبەتدا بە هاوڵاتی وت:"بڕیار بوو پارتی و یەكێتی پێكەوە بچنە بەغدا، بەڵام پارتی بەرێككەوتنی لەگەڵ سەدر و حەلبوسی ئەو یەكڕیزییەی كوردی تێكدا و خۆیان كاندیدیان بۆ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمان دیاری كرد".
ناوبراو وتیشی:" یەكێتی نیشتمانی كوردستان تەنها یەك كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەیە ئەویش كاك دكتۆر بەرهەم ساڵح دەبێت، تەنها پارتی دژایەتی دەكات".
لەبارەی ئەوەی باس لەوە دەكرێت عیماد ئەحمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی كاندید كراوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، ئەو راوێژكارەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی ئەوەی رەتكردەوەو وتی:" ئەوە قسەی پارتییەكانە كە ئێمە كاندیدی دیكەمان هەبێت، یەكێتی تەنها بەرهەم ساڵحی كاندید كردووەو ئەوەش بەفەرمی لە كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەكەركوك یەكلاكراوەتەوە".
رێزان شێخ دلێر، پارتی دیموكراتی كوردستانی تۆمەتبار كرد بەرێككەوتنی پێشخەوەتە لەگەڵ لایەنەكانی سەدرو حەلبوسی بۆ دژایەتی كردنی یەكێتی و بەرهەم ساڵح، وتیشی:" بەرهەم ساڵح روبعێكی محەمەد حەلبوسی فەسادی نەبووە، خێرە ئەو هەڵدەبژێردرێتەوەو متەفا كازمی دەبێتەوە سەرۆك وەزیرانی عێراق و پارتی نایەوێت بەرهەم ساڵح ببێتەوە بە سەرۆك كۆماری عێراق؟".

