وەزیری سامانە سروشتییەکان: ئه‌و نه‌وته‌ى دابه‌شده‌کرێت له‌ به‌غداوه‌ دێت

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" ئەو نەوتەی ئێستا لە سنووری پارێزگای دهۆک بە 90 هەزار دینار دابەشدەکرێت لە بەغداوە هاتووە و دەشڵێت "ئێمە پێشتر 100 ملیۆن لیترمان بەسەر هاونیشتمانییان دابەشکردووە و ئەوەی ماوەتەوە لەلایەن بەغداوە بۆ هاونیشتمانییان هاتووە."

رۆژی سێشەممە 1-11-2022 د. کەمال ئەترووشی، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی پارێزگای دهۆکی کرد و بەردی بناخەی پرۆژەیەکی دانا و 7 پرۆژەی کردەوە. 

وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان وتی "هاتنی من بۆ ئەم ناوچەیە یەکەم سەردانە، دەمەوێت چەندین شت بەیەکەوە بکەم و دڵنیابم کە خەڵکی ئێمە نەوتی سپی وەرگرتووە، هەروەها دەزانن کە قەیرانی نەوتی سپی و بەنزین قەیرانێکی زەحمەتە و بە هەموو توانایەکەوە ئامادەین چارەسەری بکەین، بەڵام ئێمەش لە دۆخێکداین. ئەو نەوتەی کە دابەشکراوە لە زاخۆ و ئامێدی و وەک بەڵێنیشم داوە دەبێت بەزووترین کات نەوتی سپی بگەیێنمە ئەم گوندانەی کە ماون. بۆیە من هاتم ئەو گوندانەم بینی و بە دادپەروەریش نەوتەکە دابەشکراوە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەدا "کۆمپانیای نەوتمان هەیە لە شێخان و ئەترووش و سەرسنگ کاردەکەن، من هاتم سەردانی ئەوانم کرد تاوەکو بزانم کە کێشەی بەرهەمهێنان چییە و چۆن وابکەین کە بەرهەمهێنان زیاتر بکەین."

سەبارەت بە نرخی نەوتی سپی کە هەر بەرمیلێک بە 90 هەزار دینار دەفرۆشرێت، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان گوتی "ئەو نەوتەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابەشی دەکات بە 55 هەزار دینارە، بە فەرمانی جەنابی سەرۆکوەزیران چوومە بەغدا، ئەمەش بۆ ئەوەی نەوت بەسەر هەموو هاووڵاتیان دابەشبکەین، ئەوەی ئەمڕۆش بە 90 هەزار لە هەرێمی کوردستان دەفرۆشرێت لە هەموو عێراق بە هەمان نرخ دەفرۆشرێت و ئەوە بەغدا دابینی کردووە. ئێمەش پێشتر 100 ملیۆن لیترمان بەسەر هاونیشتمانییان دابەشکرد، بەڵام ئەوەی حکومەتی عێراقیش ناردی یارمەتییەکی باش بوو، بۆیە ئەمڕۆ ئەوەی ماوەتەوە لە بەغدا هێناومانە و ئەوان بەو نرخە دەیفرۆشن بە هاووڵاتیان."

کەمال ئەترووشی، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند "ئەو پرۆژانەی دەکرێت بە هەوڵ و ماندووبوونی جەنابی سەرۆکوەزیرانە، بۆیە لەم پرۆژانەشد وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بەشداریی تێدا کردووە."

وەزیری سامانە سرووشتییەکان ئاماژەی بەوەدا کە "کۆمپانیایەکی ئەمریکی HKN لە چەمانکێ کار لەسەر دەرهێنانی نەوت دەکات و تاوەکو ئێستا کارێکی زۆرباشیان لەم ناوچەیەدا کردووە، بۆیە ئەم ناوچەیە ناوچەیەکی گرنگە و پرۆژەکانی ئێمەش بە بێ پاڵپشتی ئیدارەی دهۆک سەرکەوتوو نابن."

وەزیری سامانە سرووشتییەکان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا رایگەیاند "ئەو پرۆژانەی ئەمڕۆ کردمانەوە پرۆژەی سەرەکین، ئەو رێگەیە 25 کیلۆمەترییە بۆ نێوان گوندەکان و بۆ هاتووچۆ و خزمەتگوزاری زۆر گرنگە. هەروەها پرۆژەی کردنەوەی قوتابخانەیەکی سەرەتای ئەوەش گرنگە. بەشی ئایتی و تاقیگەیەی باش لەنێو قوتابخانەکەدا هەیە. هەروەها پارکێکمان لە ناوچەکەدا کردووەتەوە و ئەمەش یەکێکی دیکەیە لە پرۆژە گرنگەکان."

هەر سەبارەت بە پرۆژەکان کە ئەمڕۆ کراوەتەوە دەشڵێت "پرۆژەیەکی ئاومان گەیاندووەتە ناوچەکە و بۆ هەموو ماڵێک ئاوی پاک دەڕوات، ئەمەش شتێکی زۆر گرنگە. هەروەها بابەتی کار بۆ گەنجان یەکێکی دیکەیە لە کارەکانمان و ئەو کۆمپانیایەی ئێمەش کاریان بۆ 450 کەس رەخساندووە."

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار