مەلا بەختیار: لهگهڵ پێشمەرگە دڵۆپ دڵۆپ بەخوێن تەلاری ئەم شۆڕشەمان بونیاد ناوە
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئهندامی ئهنجومهنی باڵای سیاسی و بهرژهوهندی یهكێتی رایگەیاند:" نازانن ئەم خانەقینە، ئەم گەرمیانە، ئەم پێشمەرگە و شۆڕشگێڕێتییە، چۆن دڵۆپ دڵۆپ بەئارەق، هەویرەكەیمان شێلاوە دڵۆپ دڵۆپیش بەخوێن، تەلاری ئەم شۆڕشەمان بونیاد ناوە".
مەلا بەختیار لهمیانی وتارێكدا له چلهی ماڵئاوایی مامۆستا موحسین عەلی ئەكبەر، لە شاری خانەقین رایگهیاند، "ئاسانە مرۆڤ، قسە لەسەر كەسایەتییەك بكات، نرخی خۆی لەژیاندا نەزانێ، زۆریشن لەوانەی كە نرخی خۆیان لەژیاندا نازانن و رۆژانە لەو نرخەیان بە بەلاش دەفرۆشن، بەڵام ئێجگار گرانە، قسە لەسەر كەسایەتییەك بكەیت، لە منداڵییەوە، تا دوا چركە، نرخ و ژیانی خۆی، كەسوكارو شارەكەیی و باوەڕەكەیشی زانیبێتو وەكو گەوهەر و مرواریش ئەو نرخە بپارێزێ، كۆی بكەیتەوەو لەكەسایەتی خۆشتدا بەرجەستەی بكەیت! كە مامۆستا موحسین یەكێكە لەوانە".
ئهندامی ئهنجومهنی باڵای سیاسی و بهرژهوهندی یهكێتی ئاماژهی بهوهشكردوه، "مامۆستا موحسین، دەریایەك بو لەو مروارییە جوانانەی وەفا، پڕ لەمروارییە جوانەكانی جوامێری، راستگۆیی، پاكی، تێكۆشان، شیعر، هونەر، زمانەكان، خۆشنوسی، وێنە، كۆڵنەدانو ئەو پەڕی دڵسۆزیش بۆ كوردستان و بەوەفا بۆ خانەقین، ئەم مروارییانە لەناو دەریای مامۆستا موحسین-دا بون".
مەلا بەختیار باسی لهوهشكرد، "كێشەی مامۆستا، هەرگیز ئەوەنەبوە تێبكۆشێ، تێكۆشاوە، قەتیش ئەوەنەبوە كۆڵنەدا، كۆڵی نەداوە، هەرگیزیش ئەوە نەبوە بە بەردەوامی خۆی پەروەردە بكات، خۆی پەروەردە كردوە، بەڵكو كێشەی مامۆستا موحسین ئەوەبو، نەیدەتوانی باسی خۆی بكات، شەرمی دەكرد لەئاست خزمەتو تێكۆشاندا، خۆی لەبیربێ، ئەوەندەی گەلەكەی، هاوسەنگەرەكانی، كوردستان، كوردایەتی لەبیر بو، ئەوەندەی بیری لە شەهیدەكان و كاروانی شەهیدانی كوردستان دەكردەوە، هەمیشە خۆی لەبیر دەچوهوە، هەربۆیە هیچ كەس نەیبیستووە، رۆژێك مامۆستا موحسین، باسی بەسەرهاتێكی خۆی، شەڕو ئازایەتییەكانی خۆی بكات، هیچ كەس نەیبیستوە، رۆژێك لە رۆژان، خودی خۆی زاڵبكات بەسەر پرسە رەواكەی، كوردستانەكەی، خانەقینەكەیو حزبەكەیدا".

