59 دادوەر و داواکاری گشتی سوێندی یاساییان خوارد

4 ساڵ لەمەوپێش



 

هاوڵاتی

59 دادوەر و داواکاری گشتی لە بەردەم سەرۆکی ئەنجوومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان سوێندی یاساییان خوارد كه‌ 29 ئافره‌ت هه‌ن كه‌ 19یان وه‌ك دادوه‌ر و 10ی دیكه‌شیان وه‌ك ئه‌ندامی داواكاری گشتی له‌ دادگەكانی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌كار ده‌بن.

وەزارەتی دادی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، دادوه‌ر و داواکارانی گشتی، لە بەردەم دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری هه‌رێمی كوردستان سوێندی یاساییان خواردووە.

دوای بڕیاری ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری ژماره‌ (71 له‌ 1/12/2021) پاڵپشت به‌ فه‌رمانی هه‌رێمی ژماره‌ (272)ی ساڵی 2021 و بەپێی نووسراوی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان/ دیوان ژماره‌ (د-1099 له‌ 5/9/2021) و به‌دیكردنی گشت مه‌رجه‌كانی یاسایی، ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری بڕیاری دابوو به‌ دامه‌زراندنی 47 دادوه‌ر بۆ دادگەكانی تێهەڵچوونه‌وه‌ی هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك و كه‌ركووك-گه‌رمیان و ئه‌مڕۆ سێشەممە 11-01-2022 رێوڕه‌سمی سوێندخواردنیان به‌ڕێوه‌چوو.

وەزارەتی داد ئاماژەی بەوەکردووە، له‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌دا جێگرانی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری، ئه‌ندامانی دادگەی پێداچوونه‌وه‌، سه‌رۆكی دادگەكانی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی هه‌ولێر، سلێمانی، دهۆك و كه‌ركووك- گه‌رمیان، سه‌رۆكی داواكاری گشتی، بریكاری وه‌زاره‌تی داد و بەڕێوه‌به‌ری په‌یمانگه‌ی دادوه‌ری ئاماده‌بوون.

لەوبارەوە ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، له‌نێو دادوه‌ر و ئه‌ندامانی داواكاری گشتی، 29 ئافره‌ت هه‌ن كه‌ 19یان وه‌ك دادوه‌ر و 10ی دیكه‌شیان وه‌ك ئه‌ندامی داواكاری گشتی له‌ دادگەكانی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستبه‌كار ده‌بن.

ده‌ستبه‌كاربوونی دادوه‌ر و داواكارانی گشتیش دوای ته‌واوكردنی خولی سێیه‌می په‌یمانگه‌ی دادوه‌رییه‌ كه‌ به‌پێی پێویستی ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌ دادوه‌ر و ئه‌ندامی داواكاری گشتیی دابه‌شكراون،‌ به‌ شێوه‌یه‌ك دادگەی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی هه‌ولێر 12 دادوه‌ر، دادگەی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی سلێمانی 17 دادوه‌ر، دادگەی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی دهۆك 9 دادوه‌ر و دادگەی تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ی كه‌ركووك-گه‌رمیان 9 دادوه‌رن. 

هه‌روه‌ها دابه‌شكردنی ئه‌ندامانی داواكاریش گشتیش كه‌ ژماره‌یان 12 ئه‌ندامی داواكاری گشتییه‌، له ‌رێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی داواكاری گشتیی هه‌رێمی کوردستان‌ ده‌بێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار