هیومان رایتس وۆچ لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان ڕاپۆرتێكی بڵاوكردەوە

"گومانی جددی لەدادگایی زیندانیكراوانی بادینان هەیە"

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ راپۆرتێكی 752 لاپەڕەیی بڵاوكردووەتەوە، دەڵێت جێگەی نیگەرانییە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان لەسەر ئازادی رادەربڕین خەڵك تۆمەتبار دەكەن.

رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ لەڕاپۆرتێكدا دۆسیەی حوكمدراوانی بادینان و چەند كەیسێكی دیكە باس دەكات و ڕایگەیاند: بە درێژایی ساڵی 2021، حكومەتی هەرێمی كوردستان بە دوای چەندین كەیسی دادگاوە بوو لە دژی رۆژنامەنووسان بەهۆی نووسینەكانیانەوە، لە شوباتی 2021 دادگای تاوانی هەولێر سێ رۆژنامەنووس و دوو چالاكوانی بە شەش ساڵ زیندانیكردن سزادا لە رێكارێكدا كە گومانی جددی لەسەر پێشێلكردنی دادگاییەكی دادپەروەرانەی تێدابوو، هەروەها دەستێوەردانی سیاسی باڵا.

راپۆرتەكە دەڵێت: دادگا سكاڵای ئەو تۆمەتبارانەی رەتكردووەتەوە كە وتویانە ئەشكەنجەدراون و مامەڵەی خراپیان لەگەڵدا كراوە، بەوەی كە بەڵگە لەبەردەستدا نییە، رۆژنامەنووسێكی دیكە لەسەر خراپ بەكارهێنانی مۆبایل و ناوزڕاندن لە مانگی حوزەیران و ئەیلوول، سزای زیندانی یەك ساڵی بۆ دەرچوو، چوار چالاكوان و رۆژنامەنووسی دیكە لە 2020 دەستگیركران، لە هەشتی تشرینی دووەمی 2021 هەریەكەیان سزای زیندانیان لەنێوان ساڵیك بۆ دوو ساڵ بۆ دەرچوو.

وەك رێكخراوی چاودێری مافەكانی مرۆڤ نوسیویەتی: كارگەر عەباس، بەندەوار ئەیوب سزای زیندانی ساڵێك و دوو مانگیان بۆ دەرچوو، شێروان تەها بە دوو ساڵ و سێ مانگ زیندانی سزادران، مەسعود عەلی بە سێ ساڵ و شەش مانگ زیندانی سزادرا. لە هاوینی 2020 ژمارەیەك مامۆستا و چالاكوان و رۆژنامەنووس لە دهۆك بە تۆمەتی جیاواز دەستگیركران، دۆسیەكەیان سەریكێشا تاوەكو لە 16ی شوباتی 2021 دادگای هەولێر، پێنج گیراوی پارێزگای دهۆكی بە تۆمەتی تێكدانی ئاسایش بە شەش ساڵ زیندانی سزا دا.

لە 19ی شوباتی 2021 ، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تویتێكدا رایگەیاند: داوا لە هەموو لایەك دەكەم رێز لە سیستەمی دادوەریی لە هەرێمی كوردستان بگرن بۆ ئەوەی بتوانێت بەشێوەیەكی سەربەخۆ و بێ دەستوەردان كارەكانی بكات. دوای دروستبوونی كاردانەوەی بەرفراوان لەسەر ئاستی ناوخۆی و نێودەوڵەتی، لە 27ی حوزەیرانی 2021 دادگەی پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان بڕیاری كۆتایی لەبارەی حوكمدراوانی بادینان دەركرد و هەریەكەیان بە شەش ساڵ زیندانیكردن سزادران.

رۆژێك دواتر و لە 28ی شوباتی 2021 دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ئێمە وەكو حكومەتی هەرێمی كوردستان رێز لە سەربەخۆیی دادگەكانی هەرێمی كوردستان و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەریش دەگرین، وەكو حكومەت ناتوانین دەستوەردان لە كاروباری دادگاكاندا بكەین.

رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكومەتی هەرێمی كوردستان وتیشی: داوا لە لایەنی ناوخۆیی و دەرەكیش دەكەین رێز لە سەربەخۆیی دادگەكان و بڕیارەكانیان بگرن، چونكە دادگاكان لە هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتی دادوەرییش لە هەرێمی كوردستان میكانیزمێكی زۆر روونیان بۆ پێداچوونەوە و پەسەندكردنی بڕیارەكانیان هەیە.

لە 8ی تشرینی دووەمی 2021 دادگاییكردنی حوكمدراوانی بادینان لە هەولێر بەڕێوەچوو، سەرۆكی تیمی پارێزەرانی دۆسیەی حوكمدراوانی بادینان رایگەیاند: دوو لە حوكمدراوەكان ئازادكران دوای ئەوەی هەریەك لە كارگەر عەباس و بەندەوار ئەیووب ساڵێك و دوو مانگ حوكمەكەیان لە زیندان تەواوكرد، دووانی دیكەش بە سێ ساڵ و شەش مانگ و دوو ساڵ و شەش مانگ زیندانیی كران. راپۆرتەكەی هیومان رایتس وۆچ بۆ ساڵی 2022 پێكدێت لە 752 لاپەڕە، لەو راپۆرتەدا باس لە دۆخی مرۆیی نزیكەی 100 وڵات كراوە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار