هەركەس پێوەری ئاو لێبكاتەوە 80 هەزار دینار سزادەدرێت

بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێم بۆ هاوڵاتی:

2 ساڵ لەمەوپێش



سەركۆ جەمال

لەچەند رۆژی رابردوودا لەچەند ناوچەیەكی هەرێمی كوردستان هەڵمەتی لێكردنەوەی پێوەری ئاوی ماڵان دەستیپێكرد ئەوەشیان وەك كاردانەوەیەك پیشاندا كە پارەی ئاوی بەشێكی ماڵان زۆر هاتووەتەوە، بەڕێوەبەری گشتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێم دەڵێت:»هەركەس پێوەری ئاو لێبكاتەوە 80 هەزار دینار سزا دەدرێت».

لە 8/1/2022 لەهەرێمی كوردستان كەمپینی لێكردنەوەی پێوەری ئاو راگەیەنراوە و كەمپینەكەش لە گەرمیانەوە دەستیپێكرد، بەپێی ئامارێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لەكۆی 117 ملیار دینار خەرجی دابینكردنی بەستنی پێوەری ئاو، 42 ملیار دینار كۆكراوەتەوە، هەروەها 67%ی هاوبەشانی ئاو لەهەرێمی كوردستان پێوەریان بۆ نەبەستراوە.

ئومێد عەلی، ئەندامی كەمپینی لێكردنەوەی پێوەری ئاو لەگەرمیان، لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» لێكردنەوەی پێوەری ئاو بۆ ئەوەبوو كە دەنگی خۆم بگەیەنمە حكومەت، چونكە حكومەت بە نیازبوو خزمەتی هاووڵاتیان بكات، بەڵام ئەو كۆمپانیایەی پێوەرەكەی بەستووە خەڵكی رووتاندووەتەوە، چونكە خزمەتگوزارییەكەی وەك خۆی بەئێمە ناگات و كارەكە بووەتە بازرگانیكردن لەسەر هەژاران.»

 ئەو هاووڵاتییە پێشیوابوو كە ماڵ هەیە پارەی زۆری خوێندووەتەوەو ماڵیش هەیە هیچی نەخوێندووەتەوە.

هەرێم رەفعەت، پارێزەر لەهەولێر سكاڵای یاسایی لەداواكاری گشتی لەسەر حكومەتی هەرێم تۆماركردووە، بەهاوڵاتی وت :»ئێمە داوایەكمان داوەتە داواكاری گشتی لەسەر داوای هاووڵاتیان، هەر پێوەرێكیش داخڵی سیستەم نەكرابێت مانگانە 80 هەزار دینار سزای دارایی دراوە، ئەمەش هەڵەی كۆمپانیایە كە خەڵكی ئاگادارنەكردووەتەوە، بە هیچ هاوبەشێكیش نەوتراوە كە دەبێت لە سیستەم داخڵی بكەی.»

هاوكات، عەبدوڵای مەلا نوری، سەرۆكی حزبی كۆنگرەی ژینگەو دیموكراتی  وەك خۆی بەهاوڵاتی وت: كەمپینێكی دژ بەو پێوەرە نادادپەروەرە راگەیاندووە و خەڵكێكی زۆر پێشوازیان لێكردووە.

هەروەها وتی:» پێوەری ئاو یەكێكە لەو دەمارو بزوێنەرە زیرەكانەی، كە بەشێوەیەكی نایاسایی و نادادپەروەرانە خراوەتە ناو ماڵەكانمانەوە، بە مەبەستی دزین و هەڵمژینی داهات و خوێن و عارەقەی هاووڵاتیان، لە پێناو زیاتر پارەداركردنی كۆمپانیاكانی سەرانی گەندەڵی ئەم وڵاتە، بۆیە بڕیارمدا بۆ لێكردنەوەی كەمپینێك رابگەیەنم».

رۆژی 9/1/2022 ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێم رایگەیاند:» لێكردنەوەی پێوەری ئاو كارێكی دروست نیەو دوورە لەیاسا، چونكە ئاو سامانێكی نیشتیمانیەو بەكارهێنانی پێویستە بەپێی ستاندارد بێت.

وەزیری شارەوانی راشیگەیاند:» هەر پێوەرێك لەئاستی سروشتی خۆی زیاتر بخوێنێتەوە ئەوا ئاستی 45 هەزار دیناری بۆ دانراوەو هاووڵاتیان لەو بڕە پارەیە زیاتر نادەن،  هەركەس و لایەن و دەزگایەكی میدیایی هاندەر بێت بۆ لێكردنەوەی پێوەری ئاو دەبێت سزا بدرێت».

پەرلەمانتارێك كە پێشتریش لەسەر ئەو پرسە چەند جارێك قسەی كردووە، ئاشكرایدەكات «حكومەت ئەگەر فشار لەهاووڵاتیان نەكات بۆ بەستنی پێوەر بەكۆمپانیا دەدۆڕێت، بۆیە ئەو كارە دەكات».

دابان محەمەد، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت: « نە وەزیری شارەوانی و نە بەڕێوەبەرایەتی ئاوو نە هیچ كەسێك ناتوانێت یەك دینار سزای هاووڵاتیان بدات لەبەر لێكردنەوەی پێوەری ئاو، چونكە پێشتر هەوڵیانداو هێنایانە پەرلەمان تا لەماددەیەكدا جێی بكەینەوە، بەڵام نەبوو بەیاسا».

هەروەها باسی لەوەشكرد  خەڵكێكی زۆر كێشەیان لەگەڵ پێوەرەكە هەیە ئەگەر وانەبێت لەپەرلەمان ئەو هەموو حزبەی تێدایە چۆن كۆدەنگی دروست دەبێت، وتیشی:»وەزارەتی شارەوانی تووشی ئابڕووچوونێكی گەورە بووە، چونكە پێوەرەكان هەڵە دەخوێنێتەوە لەكۆتا جاردا 45 هەزار پێوەری داناوە كەواتە پێوەری ئاو بۆچییە؟».

وەك ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشكرد تاساڵی 2018 دەبوایە 85%ی خەڵك پێوەری ببەستایە بەپێی گرێبەستی كۆمپانیاكان و وەزارەت، بەڵام تەنیا 65%ی بەستراوە، « وەزارەت هاتووە سزای خەڵك دەدات، ئەمەش پەیوەندی بەوەوە هەیە كە ئەگەر پێوەرەكە نەبەسترێت دەدۆڕێن بەكۆمپانیا، بۆیە فشار لەخەڵك دەكەن كە پێوەر ببەسترێت».

دابان محەمەد ئەوەشی ئاشكراكرد لەهەر پێوەرێكدا نزیكەی سێ هەزار دینار بۆ كۆمپانیایە لەسلێمانی و لەهەولێر زیاترە لە سێ هەزار، لە هەڵەبجە و گەرمیان و راپەڕین كۆمپانیایەكی دیكە و بەشێوەیەكی دیكەیە، واتە بەپێی شوێنەكان دەگۆڕێت»بەڕێوەبەرایەتی ئاو هەشت هەزار فەرمانبەری هەیە لەكاتێكدا كۆمپانیاكان بە 500 كارمەندەوە دەتوانن ئەو كارە بكەن، بەڵام بۆچی وەزارەتی شارەوانی ناتوانێت بیكات».

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئەوەشی خستەڕوو كە سێ چارەسەریان داوە بە وەزارەتی شارەوانی، یەك: ئەو سزایەی هەیە دەبێت لاببرێت، دوو: ئەو پارەیەی بەپێی پێوەر هاتووەتەوە زۆرەو دەبێت وەكو پێشووتر بۆی هەژمار بكرێت بەمەتر، سێ: ئەگەر بڕیارە پێوەر دابنرێت دەبێت پێوەری زیرەكی ئەلكترۆنی دابنرێت وەكو پێوەری كارەباش بێ بەرامبەر بۆ خەڵك دابین بكرێت.

بەڕێوەبەری گشتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێم ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە هەر كەسێك پێوەری ئاو لێبكاتەوە 80 هەزار دینار سزا دەدرێت.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێم، وتیشی:» تائێستا هیچ هاووڵاتیەك لەسەر نەبەستنی پێوەری ئاو سزا نەدراوە، پێشتریش وتوومانە هەر پێوەرێك كێشەی هەبێت دەتوانێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتیەكانی ئاو بكات بۆ ئەوەی كێشەكەی بۆ چارەسەر بكرێت».

هەروەها وتیشی:»ئەو كەسانەی پێوەریان لێكردووەتەوە یاخود هەر نەیانبەستووە، لەڕێگەی كۆمپانیاكانەوە سزا دەدرێن بەبڕی 80 هەزار دینارو ئەو سزایەش هەر كۆمپانیاكان لێی بەرپرسن چونكە ئەوان پارەی ئاو كۆدەكەنەوە».

لەبارەی چۆنیەتی سزاكەوە، بەڕێوەبەری گشتی ئاوو ئاوەڕۆی هەرێم ئەوەی روونكردەوە كە سزاكە كاتێك جێبەجێ دەكرێت كۆمپانیاكان سەردانی ماڵەكان دەكەن و دەبینن كە پێوەرەكە لێكراوەتەوە یاخود نەبەستراوە، ئەوكات بڕی 80 هەزار دینار وەك پارەی ئاو بۆ مانگێك وەردەگیرێت وەكو سزادان.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار