ترەمپ: هەڵبژاردنی بایدن درۆیەكی گەورە بوو

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، وەك هەمیشە هێرشی کردەسەر جۆبایدن و دیموکراتەکان و تۆمەتباری کردن بە ساختەکاریی لە هەڵبژاردن و دەڵێت:"هەڵبژاردنی پێشووی ئەمریکا درۆیەکی گەورە بوو و لە ئێمەیان دزی. دیموکراتەکان ساختەکارییان کرد بۆ ئەوەی بە دزی لە ئێمەی ببەنەوە".

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، هەڵبژاردنی پێشووی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی بە درۆیەکی گەورە ناودەبات و دەڵێت "دیموکراتەکان ساختەکارییان کرد بۆ ئەوەی بە دزی لە ئێمەی ببەنەوە". ترەمپ هەروەها دەڵێت، "شکست بەو دیمۆکراتانە دێنین کە ساختەکارییان لە هەڵبژاردن کرد".

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 16ی کانوونی دووەمی 2022، بەکاتی باشووری کوردستان، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە ئەریزۆنا و لە نێوان هەزاران کەس لە لایەنگرانی وتارێکی دوور و درێژی پێشکێش کرد و هێرشی کردەسەر جۆبایدن و دیموکراتەکان.

دۆناڵد ترەمپ بەشێکی زۆر لە قسەکانی تەرخانکرد بە هەڵبژاردنی پێشووی ئەمریکا و دیموکراتەکانی تۆمەتبارکرد بە ساختەکاریی لە هەڵبژاردن. ترەمپ لە بەشێکی وتارەکەیدا وتی: "هەڵبژاردنی پێشووی ئەمریکا درۆیەکی گەورە بوو و لە ئێمەیان دزی. دیمۆکراتەکان ساختەکارییان کرد بۆ ئەوەی بە دزی لە ئێمەی ببەنەوە".

دۆناڵد ترەمپ وتی: "ئێمە 12 ملیۆن دەنگ زیاترمان هێنا و من خولی دووەمی هەڵبژاردنم بردەوە. بەڵام ئەوان بە ساختەکاریی هەڵبژاردنەکەیان لە ئێمە دزی. پێنج سەرۆک پێش من هاتن و شتێکیان نەکرد و قسەیەکیان نەکرد، بەڵام کە من هاتم گۆڕانکاریی گەورەم ئەنجامدا و ئەوان هاتن بە هەڵبژاردنێکی ساختە و درۆ بردیانەوە".

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا هۆشداریی دا لە روودانی کارەسات لە ساڵی نوێ لە ئەمریکا و وتی "لە وڵاتێکی جوان وەک ئەمریکا دەبینین کە ساختەکاریی لە هەڵبژاردن دەکرێت. لەسەر ئاستی جیهان و لە چەندین بواردا ئێمە شکستمان هێناوە. کارەساتێک لە 2022 لەم وڵاتە روودەدات بەهۆی ئەو سیاسەتە قێزەونەی لە واشنتن دی سی دەردەکرێت".

ترەمپ بەڵێنی سەرکەوتنی دا و وتی: "ئێمە شکست بەو دیمۆکراتانە دێنین کە ساختەکارییان لە هەڵبژاردن کرد. ئێمە بۆ هەمیشە کۆتایی بە سیاسەتە شێتانەکانی نانسی پیلۆسی دەهێنین".

دۆناڵد ترەمپ لە بەشێکی زۆری قسەکانیدا رەخنەی تووندی لە سیاسەتەکانی بایدن گرت. لەبارەی دۆخی ئابووریی ئەمریکاوە ترەمپ وتی: "ئێمە هەموومان دەمانزانی کە بایدن هێندە باش نابێت. هەڵاوسان لە 40 ساڵی رابردوودا خراپترینە. نرخی غاز 50% بەرزبووەتەوە. مارکێتەکان هەمووی چۆڵن. باوکێک نەتوانێت لە کریسمس دا دیارییەک بۆ منداڵەکەی بکرێت ئەمە کارەساتە".

دۆناڵد ترەمپ هەروەها وتی: "هیچ گۆڕانکارییەکمان نەبینیوە، ئەو (بایدن) گوتی گۆڕانکاریی دەکەم بەڵام نەیانتوانی گۆڕانکارییەکی کەمیش ئەنجام بدەن. دیمۆکراتەکان لە ویلایەتە جیاجیاکانی ئەمریکا چییان کردووە؟ قاچاخیی مرۆڤ، ماددە هۆشبەرەکان و تاوانەکان زیادیانکردووە".

دۆناڵد ترەمپ باسی سنوورەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ مەکسیک کرد و وتی: "لە باشووری وڵات بەجوانیی کۆنترۆڵی بە قاچاخ هاتنە نێو ئەمریکامان کردبوو و نەیانتوانی پێ بنێنە نێو خاکی ئەمریکاوە. بەڵام ئێستا و لە سەردەمی بایدن دوای یەکساڵ هاتنی ئەو قاچاخچی و تاوانکارانە بۆ نێو ئەمریکا 7 جار زیاتر بووە. ملیۆنان خەڵک دێنە وڵاتەکەمان و ئێمە نازانین ئەوانە کێن. لە پارەی گیرفانی ئێوە و لەو باجەی ئێوە دەیدەن دەدرێتە ئەوان. ئەمە هەڕەشەیە بۆ ئێمە".

بەشێکی دیکەی قسەکانی ترەمپ دۆخی کۆرۆنا لە ئەمریکا و بەڵێنەکانی بایدن بوو بۆ کۆنترۆڵکردنی. ترەمپ وتی: "بایدن قسەی گەورەی دەکرد و دەیگوت کۆتایی بە کۆرۆنا دەهێنم بەڵام ئێستا رۆژ دوای رۆژ کۆرۆنا زیاتر بڵاودەبێتەوە و نەخۆشخانەکان پڕن لە تووشبووی کۆرۆنا".

سەرۆکی پێشووی ئەمریکا رەخنەی تووندی لە سیاسەتی دەرەوەی ئیدارەی بایدن گرت و وتی کە رکابەرەکانی ئەمریکا بەهۆی سیاسەتەکانی بایدن و "ساختەکاریی لە هەڵبژاردن" چیدیکە نە لە ئەمریکا دەترسن و نە رێز لە وڵاتەکەی دەگرن.

بایدن وتی "ئێوە ئاگاداری ئۆکراینان؟ ئاگادارن کە ئێستا رووسیا دەیەوێت هێز بنێرێتە کوبا و ڤەنزوێلا؟ لەسەردەمی ئێمە کەی ئەو کێشەیەمان هەبوو؟ ئێمە لەگەڵ پووتین لەبارەی ئۆکراینا ئەو کێشانەمان نەبوو، لەگەڵ چین کێشەمان نەبوو سەبارەت بە دوورگەی تایوان، ئەی ئەوانە چین ئێستا روودەدەن؟".

ترەمپ بە پرسیاری دەزانن بۆ لەسەردەمی مندا ئەو کارانە نەدەکران؟ روونیکردەوە "چونکە ئەوان نەیاندەوێرا بێنە بەردەم من و بەردەم ئەمریکا بووەستن و ئەو کارانە بکەن. ئەوانە کەسانێکن کە ئێستا رێز لەم دیمۆکراتانە ناگرن. نە لەلایەن کۆریای باکوورەوە نە لەلایەن چینەوە و نە لەلایەن رووسیاوە رێزیان لێ ناگیرێت".

ترەمپ باسی ئەفغانستانیشی کرد و بە شەرمەزارییەکی مێژوویی بۆ ئەمریکا ناوبرد. سەرۆکی پێشووی ئەمریکا وتی: "ئێمە قەیرانی ئەفغانستانیشمان هەیە کە شەرمەزارترین ساتە لە مێژووی ئەمریکا. کاتێک سەرۆکی چین دەبینێت ئەو شەرمەزارییە لە ئەفغانستان روویدا ئیتر لە ئەمریکا ناترسێت و رێزیشمان لێ ناگرێت. بینیتان ئەو هەموو کەلوپەل و کەرەستە و چەکانەی لە ئەفغانستان بەجێمان بۆ تاڵیبان. 85 ملیار دۆلار چەک و کەرەستەی سەربازیی رادەستی تاڵیبان کرا. لەکاتێکدا ئێمە رێککەوتنمان لەگەڵ تاڵیبان هەبوو و 18 مانگ لە گفتوگۆدا بووین لەگەڵیان. لەپڕ هەڵبژاردنێکی ساختەکاریی کرا و ئێمە لە دەسەڵات نەماین". 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار