وتەبێژی حكومەت لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە قسە دەكات
جوتیار عادل: لەچاكسازیەكان بەردەوام دەبین و هەنگاوی باش نراوە

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، حكومەتی هەرێم دەستكاری مووچە ناكات و لە چاكسازیەكانیشی بەردەوام دەبێت.
جوتیار عادل لەمیانی بەڕێوەچوونی كۆڕبەندی "كشتوكاڵ داهاتوومانە" لەهەولێر، ڕایگەیاند: "حكومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوامە لە چاكسازی و زیادكردنی سەرچاوەكانی داهات، ئامانجی ئەو كۆڕبەندەش، هاندانی كەرتی تایبەت و وەبەرهێنەرانە، لە ناوەوە و دەرەوە، تا داهاتی هەرێمی كوردستان هەمەجۆر بكەین و لە یەك سەرچاوەی داهاتەوە، بیكەنە چەندین سەرچاوەی داهات".
وتەبێژی حكومەت وتیشی: "كۆڕبەندەكە ئامانجی ئەوەیە هاوسەنگ لە نێوان هەناردەكردن و هاوردەكردن رابگرێت، لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان خاكێكی بەپیتی هەیە و دەتوانێت بەرهەمی زیاتر بنێرێتەوە دەرەوە".
لەبارەی چاكسازییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، جوتیار عادل دەڵێت :" هەنگاوی باش نراوە و ئامانجیش لە چاكسازی بەدیهێنانی دادپەروەری و سەروەری یاسایە، بەڵام ئەمە كاتی دەوێت و لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین".
وتەبێژی حكومەتی هەرێم روونیشیكردەوە، "لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری سندوقی خانەنشینی دراوە و جێبەجێ دەكرێت، لەگەڵ ئەوەش بڕیار دراوە چاكسازی لە مووچەی فەرمانبەران بكرێت، بەڵام لە مووچەكە نا، دەستكاری مووچە ناكەین، بەڵكو چاكسازی لەو فەرمانبەرانە دەكرێت، كە مووچە وەردەگرن و كار ناكەن، بندیوارن".
سەبارەت بە 200 ملیارەكەی بەغدا، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد :"ئەو بڕە پارەیە پەسەند كراوە، بەڵام رێكارە تەكنیكییەكانی تەواو نەبووە، هیوادارین لە چەند رۆژی داهاتوو بەشێكی لە رێگەی لقی هەولێری بانكی ناوەندییەوە بگات".

