خۆپیشاندان لە چەمچەماڵ دەستیپێكرد

قایمقامی چەمچەماڵ: پەیوەندی بە هەڤاڵ ئەبوبەکرەوە دەکەین و کێشەکانی بۆ دەخەینەڕوو

4 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

بەشێک لە دانیشتووانی قەزای چەمچەماڵ بەهۆی نەبوونی، ئاو، غاز، کەمیی کارەبا و نەوت لەبەردەم قایمقامیەتی شارەکە گردبوونەوە، قایمقامی چەمچەماڵیش بەڵێنی پێدان کە کێشەکانیان بگەیێنێتە پارێزگاری سلێمانی. 

رەمک رەمەزانی، قایمقامی چەمچەماڵ بە خۆپێشاندەرەکانی راگەیاند، نوێنەرێک هەڵبژێرن و لەگەڵی کۆدەبینەوە، یەک بە یەک کێشەکان تاوتوێدەکەین.

هەروەها دەشڵێت، پەیوەندی بە هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانییەوە دەکەین و کێشەکان دەخەنەڕوو.

هاوكات عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە لێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت:"ئەو کارەبایەی‌ ئەم کابینەیەی حکومەت دەڵێت زیادمان کردوە، لە شەو و رۆژێکدا بۆ نزیکەی‌ تەنها پێنج سەعات کەمبوەتەوە، ئەمەش بێجگە لە لەدەستدانی سەرچاوەی گەرمکردنەوەلای خەڵک، ئەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی ئەمپێری کارەبای موەلیدە".

ئەو پەرلەمانتارە باسی لەوەشکرد: "بۆ وەڵامدانەوەی‌ ئەو پرسیارانە، بە نوسراوی‌ ژمارە (137) لە (23ی‌ 1ی‌ 2022)، داوامان لە دەستەی‌ سەرۆکایەتی‌ پەرلەمان کرد لیژنەی‌ (وزەو سامانە سروشتیەکان) راسپێرن بە بانگهێشتی‌ هەردو وەزیری‌ کارەبا سامانە سروشتیەکان بۆ کۆبونەوەی لیژنەکەیان‌ بۆ ئەوەی‌ پرسیار و داوا و کێشەی‌ خەڵکیان ڕوبەڕو بکەنەوە لە نزیکترین کۆبونەوەی‌ خۆیاندا، هەروەها داوای‌ چارەسەری‌ خێرایان لێ بکەن بۆ ئەم دۆخە خراپەی‌ ژیانی‌ خەڵک".

 کێڵگەی نەوتی کۆرمۆر کە دەکەوێتە سنوری قەزای چەمچەماڵ، بەپێی راگەیێندراوی کۆمپانیا دانەگاز کە لەم مانگەدا بڵاویکردەوە، ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی کێڵگەکە گەیشتووەتە 452 ملیۆن پێ سێجا.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار