ھاوپەیمانیەتی دەوڵەتی یاسا: مەسعود بارزانی یاری بە ئاگر دەکات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی رایدەگەیەنێت کە مەسعوود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان پڕۆژەی دوورخستنەوەی هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگیی جێبەجێ دەکات، هەروەک هۆشداریشیداوە لەوەی ئەوەی مەسعوود بارزانی دەیکات یارییکردنە بە ئاگر.
جاسم بەیاتی سەرکردەی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لەلێدوانێکدا دەڵێت: گفتوگۆکانی نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و رەوتی سەدر هەر لە شوێنی خۆیەتیی و موقتەدا سەدر کە بەهێزەوە لەلایەن مەسعوود بارزانییەوە پشتیوانیی دەکرێت سوورە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی زۆرینە.
وتوشیەتی، بارزانی سەرکردایەتیی پڕۆژەیەکی نەگریسی وڵاتانی کەنداو و هێزی نێودەوڵەتیی ناسراو دەکات، کە ئەویش دوورخستنەوەی هێزەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگییە لە پڕۆسەی سیاسیی و پاڵنانی بۆ بوون بە بەرهەڵستکار.
بەیاتی ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە کە ئەو پڕۆژەیە کار لەسەر ڕاکێشانی هێزە سوننەکان بۆلای خۆی دەکات، کە بەلای هەموو کەسێکەوە ئەوە یارییکردنە بە ئاگر.

