کەشناسی هەرێم: شەپۆلێكی دیكەی بەفربارین دەستپێدەكات

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگهیاند:" شەپۆلێکی بەفر و باران بارینیش هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە بە جۆرێک لە سلێمانی بەفر دەبارێت و لە هەولێریش باران".
بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی هەرێمی کوردستان، شەپۆلێکی بەفر و باران باشووری کوردستان دەگرێتەوە. بەپێی پێشبینییەکان لە ئێوارەی رۆژی چوارشەممەوە 26-1-2022 نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سپی نێوەڕاست روو لە ناوچەکە دەکات و رۆژی پێنجشەممە کاریگەری شەپۆلەکە چالاکتر دەبێت و لەگەڵ بارانبارین و بارستە هەوایەکی سارد روو لە ناوچەکە دەکات.
لەگەڵ هاتنی ئەو شەپۆلەدا لە سەنتەری سلێمانی و هەڵەبجە سەرەتا نمەباران دەبێت و دواتر بۆ بارانی ئاسایی دەگۆڕدرێت بەفربارینیش دەبێت.
لە سەنتەری دهۆک لەگەڵ نمەباران هەندێکجار ئەگەری کەمی بەفربارین هەیە، لە سەنتەری کەرکووکیش نمەباران دەبارێت. بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی، کاریگەریی شەپۆلەکە تاوەکو بەرەبەیانی رۆژی هەینی لەسەر ناوچەکە دەمێنێتەوە.

