هەسەدە: لە حەسەکە 23 دیل ڕزگارکران

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سوریای دیموکرات رایگەیاند:" 23 کارمەند کە لەلایەن داعشەوە وەکو دیل دەستگیرکرابوون، لە ئۆپەراسیۆنێکدا لەنێو گرتووخانەی غوێران رزگارکران".
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک (هەسەدە) لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ ١٧ کارمەندی دیکەی زیندان رزگارکران، کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە دیلکرابوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە ئۆپەراسیۆنە ئەمنی و سەربازیی ئەم بەیانییەی هێزەکانمان دا ٦ کارمەندی زیندان رزگارکران، کە لەلایەن چەتەکانی داعشەوە دیلکرابوون. لە ئۆپەراسیۆنێکی دیکەدا لە کاتژمێر ٢٢:٠٠ دا هێزەکانمان ١٧ دیلی دیکەیان ڕزگارکرد و بەوەش ژمارەی ئەو دیلانە، کە لە بەیانیی دوێنێوە ڕزگارکراون گەیشتووەتە ٢٣ کەس.
ئۆپەراسیۆنی گەڕان و ئاسایشی هێزەکانمان لە زینداندا بەردەوامە".
گرتووخانەی غوێران گەورەترین گرتووخانەی رۆژئاوای کوردستانە و نزیکەی پێنج هەزار چەکداری داعشی تێدایە.
لە دوای هێرشی چەکدارانی داعشەوە کە 20-1-2022 کردیانە سەر گرتووخانەی غوێرانی حەسەکە، تاوەکو ئێستا 175 چەکداری داعش کوژران، 27 شەڕڤانی هەسەدە و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ لە رۆژئاوای کوردستان شەهیدبوون؛ 500 چەکداری داعش خۆیان رادەستی شەڕڤانان کردووە و زیاتر لە 300 چەکداریش لەنێو گرتووخانەکەدا ماون. ئەمە بەگوێرەی ئامارەکانی هەسەدە

