مەترسییەكانی داعش؛ گرژییەكانی نێوان سوپاو یەبەشە خاو دەكاتەوە

4 ساڵ لەمەوپێش
عەمار عەزیز
نزیكەی دوو هەفتەیە سوپا پەیكەری زەردەشت شەنگالی رادەستی یەبەشە نەكردووەتەوەو سوپاو یەبەشە نەگەیشتوونە رێككەوتن، بەڵام بەهۆی مەترسییەكانی داعش بۆ سەر ناوچەكە گرژییەكانیان خاوبووەتەوە.
زەردەشت شەنگالی لەگەڵ سێ شەڕڤانی تر لە 15ی كانوونی دووەم بە فرۆكەی توركیا شەهیدكراون، وەك رێزلێنان بۆ خەبات و ماندووبوونی سەركردەكەیان پەیكەرێكیان بۆ دروستكرد دواتر لە 14ی كانوونی دووەم لەدەوری سەركەوتن لەناوەندی شەنگالیان دانا، بەڵام دوای چەند كاتژمێرێك سوپا پەیكەرەكەی بردووەو ئەوەش ئاڵۆزی دروست كردووە.
حەیدەر شەشۆ، بەرپرسی فەرماندەی پێشمەرگە لەشەنگال لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:»زۆرجار ناكۆكی لە نێوان سوپاو یەبەشەدا دروستبووە، بەڵام بەهۆی پشتگیری كردنی بەشێك لەحەشدی شەعبی بۆ یەبەشە سوپا هیچی پێنەكراوە».
هەروەها وتیشی:» بەهۆی مەترسییەكانی داعش هێزێكی زۆری سوپای عێراق رەوانەی سنوری قەزاكە كراوە ، ئێمە پشتگیری ئەو هەنگاوەی حكومەت دەكەین، لەبەر ئەو بارودۆخەی رۆژئاوایە، هەرچەندە سیناریۆی 2014 قەد دووبارە نابێتەوەو داعش بەهیچ شێوەیەك ناتوانێت شەنگال دووبارە داگیربكات، بەڵام ئەو ئامادەكارییە شتێكی زۆر باشە «.
بەرپرسی ئەنجومەنی خۆسەری دیموكرات دەڵێت:» ئامادەكاری تەواومان كردووە بۆ هەر هێرشێكی چەكدارانی داعش بۆ سەر قەزای شەنگال».
خودێدا ئەلیاس، بەرپرسی ئەنجومەنی خوسەری دیموكرات لەلێدوانێكدا بە هاوڵاتی وت: « ناكۆكی و ئاڵۆزی نێوان ئێمەو سوپا لەسەر پەیكەری هێنانە خوارەوەی پەیكەری زەردەشت شەنگالی دروستبووە».
لە 14 و 15 ئەم مانگە هێزێكی زۆر لەموسڵ و كەركوكەوە رەوانەی سنون و دەوروبەری كرا، ژمارەی ئەو هێزە نزیكەی 9 هەزار سەربازە لەگەڵ دەیان هەمەری سەربازی سوپا لەهەموو لایەكی سنون بڵاوە پێكرا.
خودێدا ئەلیاس ئەوەشی دووپاتكردەوە كە ئامادەكاری تەواویان كردووە بۆ هەر هێرشێكی چەكدارانی داعش بۆ سەر قەزای شەنگال، هەرچەندە بەمەحاڵی زانی جارێكی تر داعش بتوانێت شەنگال داگیربكاتەوە، وتیشی:» ژمارەی شەڕڤانانی سەر بە یەبەشە نزیكەی 12 هەزار شەڕڤانن كە هەموویان ئامادەن بەرگری لەخاكی شەنگال بكەن».
خودێدا چوكی، بەڕێوەبەری ناحیەی سنون لەلێدوانێكدا بەهاوڵاتی وت:» هۆكاری سەرەكی دروستبوونی ئەم گرژی و ئاڵوزییانەی بەم دووایە روویداوە پەیوەندی بە پێكهێنانی حكومەتی نویێ عێراقەوە هەیە ، هەندێك لایەنی سیاسی دەیانەوێت شەنگال وەك كارتێكی بازرگانی بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەخۆیان بەكاربێنن، حكومەتی ئێستای عێراق دەیەوێت رێككەوتنەكەی بەغداو هەولێر جێبەجێ بكەن ئەوەش شتێكی مەحاڵە و قبوڵ كراو نیە».
خودێدا چوكی وتیشی: « ئەو هێزانەی ئێستا لەشەنگالن بەهەموو توانایەكیان بەرگری لە خاكی شەنگال دەكەن، ئەوانەی باس لە نائارامی شەنگال دەكەن هیچ راست نیە و ئەمە تەنها خزمەت بەدوژمن دەگەیەنێت».

