هەسەدە: بە ئازایەتی 10هەزار شەرڤان زیندانەكەمان كۆنتڕۆڵكردەوە
.jpg)
4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەندامی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند: "گرتووخانەکە بە تەواوی لەژێر کۆنتڕۆڵماندایە، زیندانیان گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت. نزیکەی 10 هەزار شەڕڤان و ئەندامی ئاسایش بەشداریان لەو ئۆپەراسیۆنەدا کردووە."
دوای نزیكەی هەفتەیەك لە شەڕ و پێكدادان لە گەڕەكی غوێران لە شاری حەسەكە، شەڕڤانان بە تەقەی خۆشی ئاهەنگی سەركەوتنیان بەسەر داعشدا گێرا.
دوێنێ چوارشەممە 26ی کانوونی دووەمی 2022، هێزەكانی سوریای دیموكرات، لە ئۆپەراسیۆنێكدا بەناوی "چەكوشی گەلان" دوایین بەشی زیندانی غوێرانی لە حەسەكە كۆنتڕۆڵكردەوە و لە دەستی بەندكراوانی داعشی دەرهێنا.
نەورۆز ئەحمەد، ئەندامی فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات رایگەیاند: "گرتووخانەکە بە تەواوی لەژێر کۆنتڕۆڵماندایە، زیندانیان گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی سەلامەت. ئەمە دۆخی نێو گرتووخانەکەیە. نزیکەی 10 هەزار شەڕڤان و ئەندامی ئاسایش بەشداریان لەو ئۆپەراسیۆنەدا کردووە."
نەورۆز ئەحمەد وتیشی: "ئەو هێزانەی لەوێبوون، ژمارەیان بەتەواوی نازانین بەڵام هەندێکیان کوژران. ئەوەی کە تاوەکو ئێستا دەزانین 550 کەس لە دەرەوەی گرتووخانەکە دەستگیرکران. ئەوانی دیکەش لەنێو گرتووخانەکە دەگوازرێنەوە. ژمارەی ئەو چەکدارانەی داعش کە کوژران ئێمە بەتەواوی نازانین، چونکە هێرشێکی فراوانبووە."
نەورۆز ئەحمەد، دەڵێت: "ئەم هێرشە بەتایبەت بەشێکی لە عێراقەوە، بەشێکی لە تورکیا و هەرێمەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی چەتەکانیان وەکو سەرێکانیێ و گرێ سپیێ و بەشێکیشی لە سووریاوە ئامادەکاری بۆ کرابوو. ئەو هێرشە لەلایەن ژمارەیەکی زۆری داعشەوە کە لە دەرەوە ئامادەکاری بۆ کرابوو، نزیکەی 200 بۆ 300 چەتە دەبوون و پەڕیبوونەوە ناوچەکە، هەروەها لەنێوخۆشدا شانەی خەوتوویان هەبوو کە پێشتر خۆیان یەکخستبووەوە."
لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکە کە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیش لە ئاسمانەوە بەشداربوو، ژمارەیەک چەکداری داعش کوژران، بەڵام نەورۆز ئەحمەد، ئەندامی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەڵێت بە دروستی نازانن چەند کەس کوژراون.
لە شەڕەکەدا بە دەیان چەکداری داعش کوژران، هەدەسەش دەڵێت لە شەڕەکەدا ژمارەیەک شەرڤانیان گیانیان لەدەستداوە. هەسەدە گومانی لە هێرشەکە هەیە و دەڵێت دەستێکی گەورەتری لەپشتبووە.

