نەخۆشخانەیەکی 100قەرەوێلەیی لە شەنگال دروست دەکرێت

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بۆ یەکەمجار نەخۆشخانەیەکی 100 قەرەوێلەیی لەناوەندی شەنگال بەهاوبەشی حکومەتی فەرەنساو عیراق دروست دەکرێت، كە ئەمە یەكێكە لە دەستپێشخەریەكانی نادیا موراد و رێکخراوی (سلسلە الامل).
فەهد حامد، قایمقامی قەزای شەنگال بە هاوڵاتی ی وت:"بەردی بناغەی ئەم پڕۆژەیە لەمانگی 11ی ساڵی 2020دانراوە بەڵام بەهۆی چەند رێکارێکی ئێداری نزیکەی دووساڵ دواکەوت، خۆشبەختانە دوای چاوەروانیەکی زۆر چەند رۆژێکە بە شێوەیەکی کرداری دەست بە جێبەجێ کردنی پڕۆژەکە کراوە".
فەهد حامد وتیشی:"نەخۆشخانەکە 100قەرەوێلەیی یە، نزیکەی28دونەم زەوی بۆی دابینکراوە،بەتەواوکردنی پڕۆژەکە خزمەتێکی یەکجار گەورە دەگەینێتە خەڵکی شەنگال و دەوروبەری، هیوادارین هیچ کێشەی تر بۆی دروست نەبێت و لەکاتی خۆیدا تەواو بێت ".
لە کاتی هێرشەکانی داعش بۆ سەرشەنگال نەخۆشخانەی گشتی وێران کرا بوویە دوای رزگارکردنی شوێنێکی تر کرا بە نەخۆشخانە، لەسنوری ناحیەی سنونێ سەر بە قەزایەکە بنکەی تەندروستی هەیە جگە لەمەش ژمارەیەک بنکەی تەندروستی بچووک هەن.

