رێككەوتنی پارتی‌و سەدرو حەلبوسی ململانێكان قووڵتر دەكاتەوە

نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێم لەئێران بۆ هاوڵاتی:

2 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: هاوڵاتی

نوێنەری حكومەتی هەرێم لە تاران ئاماژە بە رای كۆماری ئیسلامی ئێران دەكات لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمارو دەڵێت:»رێككەوتنەكەی پارتی و سەدرو حەلبوسی ململانێكان قوڵتر دەكاتەوە».

نازم دەباغ نوێنەری حكومەتی هەرێم لە ئێران لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:» بۆ كورد باش نییە بە دوو كاندید بچنە بەغداو ئەزموونی 2018 دووبارە دەبێتەوە، ئەویش دەمێنێتەوە سەر توانای ئەو كاندیدەی دەچێتە پێشبڕكێوە لەپرۆسەیەكی دیموكراسیدا تا لە پەرلەمانی عێراق بیباتەوە ئەوە زیان لە ئایندەی پرۆسەی سیاسی كورد لەبەغدا دەدات».

 

هاوڵاتی: رێكەوتنەكەی سەدرو حەلبوسی و پارتی دۆخی عێراق بەرەو كوێ دەبات؟

نازم دەباغ: ئێران رایەكانی رۆشتوون و دیاربووە لەسەردانەكانیشیدا بۆ هەرێمی كوردستان لەكاتی خۆیدا هەمیشە تەئكیدیان كردووەتەوە كورد نەبێتە لایەنگیر، كەواتە لایەنگری كورد بۆ گروپێك لە شیعەكان بەزیانێك تەواو دەبێت كە پێچەوانەی رای كۆماری ئیسلامی ئێرانە.

 هەروەها دیسان كورد لەنێوان خۆی یەكپارچە بێت و بسازێـت بۆ داواكانی لەبەغدا كە ئەمەش خۆی لەخۆیدا هەڵسەنگاندنێكی دیكەی دەوێت.

بەشێوەیەكی گشتی ئەو رێككەوتنەی لەنێوان برادەرانی پارتی و حەلبوسی و موقتەدا سەدر هەیە وەكو خۆم پێم باشە ئەگەر دەستورێكی راست و دروست هەبێت وەكو لەئەوروپا هەیە، هەمیشە دەسەڵات دەستاودەست بكات وەك پرۆسەیەكی دیموكراسی، چونكە ئەو سێ لایەنە رێكدەكەون بەناوی زۆرینە چوار ساڵی تر هەڵبژاردن بكرێتەوە ئەوانیش بەهەمانشێوە بتوانن دەسەڵات رادەست بكەن، بەڵام بەڕای من زۆر زەحمەتە لەعێراق ئەو پرۆسەیە سەربگرێت، بۆیە پێشبینی دەكرێت لەجیاتی حكومەتێكی بەهێز ببێتە حكومەتێكی لاواز یاخود لەهەمانكاتدا ببێتە هۆكارێك بۆ ئەوەی ململانێكان زیاتر قوڵ ببنەوە.

 

هاوڵاتی: بۆچی پارتی بە قسەی ئێرانیەكانیان نەكرد لەم پرسەدا كە لەگەڵ گروپێك لەماڵی شیعە رێكنەكەون؟

نازم دەباغ: نازانم بەڵام تائێستا نەبووەتە بڕیارێكی یەكلاكەرەوە كە پارتی وەكو خۆی دەڵێت دژی ئەو سیاسەت و بیروبۆچوونانە بێت كە كۆماری ئیسلامی هەیەتی، پێموایە باشترە چاوەڕێی ئایندەیەكی نزیك بكەین و ئەنجامەكانی دەبینین.

 

هاوڵاتی:لەسەر پرسی سەرۆك كۆمار یەكێتی و پارتی نەگەیشتنە رێككەوتن، یەكێتی بەرهەم ساڵحی كاندید كردووە و پارتیش ئامادە نییە هۆشیار زێباری بكشێنێتەوە، ئێرانیەكان چی قسەیەكیان دەبێت لەوبارەیەوە؟

نازم دەباغ: ئێرانییەكان لایەنگری ئەوەن كە وەكو وتم یەكڕیزی لەنێوان كورد هەبێت بۆ سیاسەت و كاركردنیان لەبەغدا و بەیەك نوێنەر بچنە بەغدا بۆ بەشداریكردن لەهەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارو رایان وایە ئەمجارە ئەو پۆستە كاندیدێكی یەكێتی بێت.

پێموایە بۆ كورد باش نییە بەدوو كاندید بچنە بەغداو ئەزموونی 2018 دووبارە دەبێتەوە، ئەویش دەمێنێتەوە سەر توانای ئەو كاندیدەی دەچێتە پێشبڕكێوە لەپرۆسەیەكی دیموكراسیدا تا لە پەرلەمانی عێراق بیباتەوە ئەوە زیان لە ئایندەی پرۆسەی سیاسی كورد لە بەغدا دەدات، چونكە ناتوانێت وەكو زۆرینەی كورد قسە بكەیت لەبەغدا ئەگەر بێت و لایەنەكانی دیكە یەكبگرن، بەتەنیا برادەرانی پارتی 31 كورسیان هەیە و ئەوانی دیكەش نزیكەی 33 كورسییان هەیە واتە ئەم ململانێیە جگە لەزیان لەكورد و پرۆسەی سیاسی لەعێراق هیچ شتێكی دیكەی تێدا نییە.

 

هاوڵاتی: ئایا ئێرانییەكان پشتیوانی بەرهەم ساڵح دەكەن؟

نازم دەباغ: كۆماری ئیسلامی ئێران بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكان و كەسانی دیكەش تا ئێستا نەمانبیستووە ناڕازیی بن لەسیاسەتی سەرۆك كۆماری عێراق و جۆری راگرتنی هاوسەنگی لەنێوان هەموو لایەنەكاندا، ئەگەر دیقەت بدەی بەرهەم ساڵح لەخۆپیشاندانەكانی تشرین پشتیوانی ئەوان بوو لەمەیدانی تەحریرو لە هەمانكاتدا لەخۆپیشاندانەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دیسان لەمەیدانی تەحریر پشتیوانی داواكانیانی كرد واتە هاوسەنگی راگرتووە.

 ئەم هاوسەنگییەش لەقازانجی كۆماری ئیسلامی ئێران و وڵاتانی تریشە كە سەرۆك كۆمارێك بتوانێت لەعێراق هاوسەنگی رابگرێت لەپێناو بەرژەوەندی وڵاتەكەی خۆی و دووركەوتنەوە لەئاژاوە و پشێوی، چونكە هەموو نائارامییەك لەعێراق رەنگدانەوەی بۆ ئێرانیش دەبێت.

 

هاوڵاتی: مالیكی دەڵێت ئەوەی پارتی كردوویەتی یارییە بە ئاگر ئەگەری هەیە بۆ هەرێمی كوردستانیش تەشەنە بكات تۆ دەڵێیت چی؟

نازم دەباغ: هەر لەمیدیا بیستوومە، بەڵام بەدڵنیاییەوە هەر سیاسییەكی كورد نەتوانێت هاوسەنگی رابگرێت، واتا ئەگەر كورد لەچوارچێوەی پاراستنی بەرژەوەندیەكانی خۆی كارنەكات ناڕەزایی لێدەكەوێتەوە، پێشبینی مەترسی دووبارەبوونەوەی كارەساتەكانی پێش ریفراندۆم و دوای ریفراندۆم دەكەم.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار