ئامانجى سی ئای ئەی له ئێران دواى کوشتنى خامنەیى چییە؟
2 كاتژمێر لەمەوپێش
بهرپرسێكى پێشووى ههواڵگریی ئهمریكا دهڵێت، چالاکییەکانى ئاژانسەکەیان لە ئێران لە ئاستێکى زۆر بەرزدایە بهجۆرێك کوشتنى عەلی خامنەیی، دەرئەنجامى کاری دەیان ساڵەى سى ئای ئهى بووە و، دواتر وردەکاریى زانیارییەکانى داوهته سوپای ئیسرائیل بۆ جێبەجێکردنى هێرشەکە.
بەپێى هەڵسەنگاندنەکانى ئەو لێپرسراوەى پێشووى سى ئاى ئەى، لە ئێستادا ئاژانسەکە له ئێران کار لەسەر دوو ئامانجى گرنگ دەکات، پاڵپشتیکردنى ئەو گروپانەی دژى دەسەڵاتى ئێستا و پاکتاوکردنى سەرکردەکان.
ماڵپەڕى رۆژنامەى (ئاى پەیپەر نیوز)ى بەریتانى له زارى ستیڤن کاش، بەرپرسى پێشووى ئاژانسى هەواڵگریى ئهمریكا (سى ئاى ئەى) رایگهیاند، لەو بڕوایەدانیم گۆڕینى حکومەت و لەناوبردنى باڵەکانى دوو ئامانجى جیاواز بن، لە واقیعدا بڕینى باڵەکانى حکومەتى ئێستا یەکێکە لە ستراتیژییەکانى واشنتن بۆ گۆرینى رژێمەکە.
رۆژنامەكه بڵاویكردووهتهوه، سی ئای ئەی بە هاوکاری لەگەڵ دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (موساد)، سەرچاوە و سیخوڕەکانیان لە نێو ئێران بەکاردەهێنن بۆ دیاریکردنی شوێنی ئەو سەرکردە حکومى و سەربازییانەی تائێستا ماونەتەوە.
لاى خۆیەوە کینێس کاتزمان، شرۆڤەکاری کاروبارى ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە کۆنگرێس و ئەندامى پێشووى سی ئای ئەی، پشتڕاستیکردەوە، دەزگاکەیان خاوەنی تۆڕێکى فراوانى سیخوڕە لە نێو ئێران، هەروەها خاوەنى هۆکارەکانى چاودێریی ئەلیکترۆنی و مانگە دەستکردەکانە، بۆ چاودێریکردنی جموجۆڵی سەرکردەکان و بەرنامەی ئەتۆمیی وڵاتهكه.
(ئاى پەیپەر نیوز) دهڵێ، سى ئای ئەى رۆڵێکى سەرەکیش دەگێڕێت لە پشتیوانیکردنى هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بۆ دامەزراندنی سیستمێک کە هاوتەریب بێت لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە نێو ئێراندا، ئێستا گفتوگۆکان لەسەر چۆنیەتی گەڕاندنەوەى ڕەزا پەهلەوی کوڕی شا محەمەد ڕەزا پەهلەویی پێشووە بۆ ئێران و دروستکردنى پێگەیەکى جەماوەری بۆی چڕبوونەتەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا چانسی سەرکەوتنی بۆ کەسێک کە لە دەرەوەی وڵاتەوە بێت کەمکردووەتەوە، بەراورد بە کەسایەتییەک کە لە ناوخۆدا بێت. ترەمپ لە چاوپێکەوتنێكدا لەگەڵ رۆیتەرز رایگەیاند، پەهلەوی وەکو کەسێکی زۆر باش دەردەکەوێت، بەڵام نازانم ئایا گەلی ئێران سەرکردایەتییەکەی قبووڵ دەکات یان نا.
بهپێى رۆژنامه بهریتانییهكه، سى ئاى ئەی رووبەڕووى ئاستەنگێکى راستەقینە بووەتەوە، بەهۆى ئەوەى تا ئێستا نەیتوانیووە لەسەر ئەرزى واقیع هێزێکى جێگرەوە بۆ رژێمەکە بدۆزیتەوە، کە واشنتن پەسەندى کردبێت.
