خشتەی مووچەی مانگی دوو بڵاوکرایەوە بەسێ ڕۆژ دابەشدەکرێت
3 كاتژمێر لەمەوپێش
وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشکردنی مووچەی مانگی دووی بڵاوکردەوە و لە سێشەممەوە دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکرێت
بەگوێرەی خشتەکە، تا رۆژی پێنج شەممە مووچەی سەرجەم دەستە و دامەزراوە و وەزارەتەکان دابەشدەکرێت
پێشتر وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئەوەی خستە روو، ئەمڕۆ دووشەممە، 09ـی ئاداری 2026، بڕی (295) ملیار و (405) ملیۆن دینار وەک دوایین گوژمەی تەمویلی مووچەی مانگی شوبات (2)ـی فەرمانبەران و مووچەخۆران خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتەکەیان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
دەقى ڕاگەیەندراوەکە..
دواین گوژمەی تەمویلی مووچەی مانگی شوبات خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی
ڕۆژی دووشەممە بڕی ( ٢٩٥ ) ملیارو ( ٤٠٥ ) ملیۆن دینار وەک دواین گوژمەی تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی و ئابووری لەلقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.
هەر ئەمڕۆ دوای تەواوکردنی ڕێکارەکان و وەرگرتنی پارەکە لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق، خشتەی مووچە ڕادەگەیەنرێت و دەست بەدابەشکردنی مووچە دەکرێت.
تێبینی؛ بۆ ئەم مانگەش وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵ بڕی ( ١٦،١٠٧،٨٨١،٠٠٠ ) شانزە ملیارو سەدو حەوت ملیۆن و هەشت سەدو هەشتاو یەک هەزار دیناری لە تەمویلی مووچەی مانگی شوبات نەناردووە کە بریتییە لە شایستەی مووچەی مانگەکانی ڕابردووی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی.
هاوکات بەداخەوە بڕی ئەو ( ٣٦،٣٦٠،٨٦٤،٠٠٠ ) دینارەشی خەرج نەکردۆتەوە کە مانگی ڕابردوو لە تەمولی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵی بڕیبوو کە شایستەی ساڵی ڕابردووی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی و کەمئەندامانی سەنگەر بوو، سەرەڕای ئەوەی لەڕێی نوسراوی فەڕمی و ناردنی تیمی تەکنیکیەوە ڕونکردنەوەی پێویستیشمان پێدابوون و داوای خەرجکردنی ئەو شایستانەمان کردبوو.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابوری
٩ ی ئازاری ٢٠٢٦
