داعش‌و تورکیاو روســـیا 40 کــیلۆمەتــر دووربوون لەڕووخــانی رۆژئــاڤای کوردسـتانەوە

4 مانگ لەمەوپێش



رەزا مەنوچەهری

لەدوای تێکشکاندنی یەک لەدوای یەکەکانی داعش لەکۆبانێ بۆ منبج و لەوێوە بۆ رەققا و دێرەزۆر و لە کۆتاییدا لە ٢٣ی ئاداری ٢٠١٩ لەباغۆز، دیلە داعشەکان بوونە بۆمبێکی چێندراو لە زیندانەکانی رۆژئاوای کوردستاندا. زیاتر لە ١٢هەزار و ٥٠٠ دیلی داعش، کە کەسانی راهێنراوو ئەمیر و سەرکردەی ئەو گروپەن لە ١٢ زیندانی رۆژئاوای کوردستاندا راگیراون، جگە لە ٧٠ هەزار خێزان و منداڵی داعش لە کامپەکانی هول و رۆژدان و خەڵکی ٤٦ وڵات و هەرێمن.

وەرنەگرتنەوەی دیلەکانی داعش

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوای کوردستان چەندین جار لە دانوستانەکان و شاندەکانیدا داوای لەهێزە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوە پەیوەندیدارەکان کردووە، کە دادگایەکی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی ئەو چەکدارانە بۆ ئاشکراکردنی هەموو ئەوانەی پلاندانەر و بەشداربوون لە تەیارکردنی داعشداو دوای ئەوە چەکدارەکانی داعش بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان و زیندانی بکرێن. جگە لەژمارەیەکی کەم لەخێزانی هەندێک لە چەکدارەکانی داعش هیچ یەک لەوڵاتەکان ئامادە نەبوون، چەکدارەکانی داعش کەهاووڵاتیی خۆیانن وەربگرنەوە و هەندێکجار بە پاساوی ئەوەی ئیدارەی رۆژئاوا لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە دانی پیادانەنراوە ناتوانن مامەڵەی فەرمی لەگەڵ رۆژئاوادا بکەن، بۆیە ناتوانن داعشەکان وەربگرنەوە، چونکە ئەو ناوچەیە بەشێکە لە سوریا، بەڵام ئەو وڵاتانە هاوکاریی مرۆیی و سەربازی و لۆجستی دەگەیەننە رۆژئاوا و مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی رۆژئاوادا دەکەن و نوێنەرایەتییان لە پایتەختی زۆربەی وڵاتانی جیهانی رۆژئاواو زلهێزەکاندا کردوەتەوە و هەروەها ئامادەن بەشێوەیەکی کەم و سنوردار لەگەڵ ئیدارەکەدا مامەڵە بکەن بۆ وەرگرتنەوەی ژن و منداڵە داعشەکان، بەڵام پاساو بۆ وەرنەگرتنەوەی چەکدارەکانی داعش دەهێننەوە، سەرباری هەموو ئەوانە بەهۆی گوشارو داواکارییە بەردەوامەکانەوە وڵاتە جۆراجۆرەکان تا ئێستا لە ماوەی ٤ ساڵدا بە فەرمی ٨٣٨ ژن و منداڵی داعشیان لە ئیدارەی رۆژئاوا وەرگرتووەتەوە، کە ئەوەش دەکاتە رێژەی سەدا ١.١ی ژن و منداڵەکانی داعش. ئەگەر رەوشەکە بەو شێوەیە بەردەوام دەبێت نزیکەی ١٠٠ ساڵ دەخایەنێت، کە تەنها ژن و منداڵەکانی داعش بگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانی خۆیان، ئیدی چەکدارەکانیش دیار نییە.

ئاماری ژن و منداڵە داعشە گەڕاوەکان

له ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ دا، ١٨٣ ژن و ٢٠٦ منداڵ لهلایهن وڵاتەکانیانهوه وهرگیراونهتهوه.

له ساڵی ٢٠٢٠دا، ١٢٥ منداڵ و ٤ ژن لهلایهن وڵاتەکانیانهوه وهرگیراونهتهوه.

لە ساڵی ٢٠٢١دا، ٢٥٢ منداڵ و ٦٦ ژنی داعش لهلایهن وڵاتەکانیانهوه وهرگیراونهتهوه.

بە گشتی لە چوار ساڵدا ٨٣٨ ژن و منداڵی داعش لەلایەن وڵاتەکانیانەوە وەرگیراونەتەوە، کە پێکهاتوون لە ٢٥٣ ژن و ٥٨٣ منداڵ.

مامەڵەی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوا لەگەڵ دیلەکان

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری رۆژئاوا سەرباری ئەوەی دەوڵەت نییە و دانی پیادا نەنراوە و ناچار نییە پێبەندنی یاسا نێونەتەوەییەکان بێت و جێبەجێیان بکات، بەڵام هەموو یاسا نێونەتەوەییەکانی جنێڤ، کە پەیوەندیدار بە دیلەکانەوە پەسەند کردووەو بەپێی ئەو یاسانە مامەڵە لەگەڵ دیلەکاندا دەکات. تەنانەت دیلەکان رادەستی ئەو وڵاتانە ناکاتەوە، کە سزای لەسێدارەدانیان تیادا هەبێت، مەگەر ئەوەی لایەنێکی نێونەتەوەیی ناوبژیوانی بکات. ئەو مامەڵەیەی شەڕڤانان سەرسامیی بۆ هێزە نێونەتەوەییەکان دروستکردووە، بەڵام وەرنەگرتنەوەی چەکدارە دیلکراوەکان و پشتگوێ خستنیان مەترسییەکە، کە هەموو ساتێک ئەگەری روودانی یاخیبوون و شەڕو پێکدادان و هەڵهاتنیان هەیە.

تۆڵەی کۆبانێ و رەققای پایتەختەکەیان و رووخانی خەلافەتەکەیان

گەورەترین رووداوی ٤ ساڵی رابردوو لەلایەن داعشەوە لە رۆژئاوای کوردستان و لە زیندانی ناوچەی سەناعە لەگەڕەکی غوێرانی حەسەکە روویدا. داعش بە پلانێکی ورد لەلایەن پلاندانەرەکانی و راهێنەرەکانییەوە و بە چەکدارە خۆکوژەکانی زیاتر لە ٦ مانگ لەسەربازگەکانی باشیک و زیلکان و گرێ سپی و کامپەکانی راهێنانی دەوڵەتی تورکیا راهێنانی بۆ رفاندنی ٥ هەزار چەکداری  زیندانیکراوی کرد، کە لەزیندانی گەڕەکی سەناعە لە ناوچەی غوێرانی حەسەکەدا بوون.

داعش دەیخواست لە حەسەکەوە بۆ ناوچەکانی رێگای ئێم ٤ و تل تەمر رێڕەوێک بکاتەوە و خۆی بگەیەنێتە سنووری گرێ سپی. مەودای ئەو رێگایە کەمتر لە ٤٠ کیلۆمەترە و کەمتر لە ٣٠ خولەکی دەویست بۆ بە یەک گەیاندنەوەی حەسەکە بە سنووری گرێ سپی، کەلایەن تورکیاوە داگیراوە. بۆ ئەوەی ئەو پلانە سەری بگرتایە، دەبوایە هێزێکی راهێنراو و تۆکمەی چەند هەزار کەسییان بخستایەتە کار، بۆ ئەوەش هەڵبژاردنی زیندانێک، کە نزیکەی ٥ هەزار ئەمیر و چەتەی سەرکردە و راهێنراوی داعشی تیادایە باشترین بژاردە دەبوو، کە زیاتر لە ٦ مانگ راهێنانیان لەسەر زیندانەکە و گەڕەک و شەقامەکانی دەورووبەری و پەیوەندی لەگەڵ داعشە زیندانیکراوەکاندا کردبوو.

داعش لەشەوی ٢٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢دا، هاوکات لەگەڵ ساڵیادی دامەزراندنی کانتۆنەکانی رۆژئاواو ساڵیادی هێرشەکەی تورکیا بۆ سەر عەفرین، بە تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراو لە نزیک عەمباری سوتەمەنی لە بینای زیندانکە و بە زیاتر لە ٢٠٠ چەتەی خۆکوژەوە دەستیکرد بە هێرشکردنە سەر زیندانەکە، هاوکات داعشە زیندانیکراوەکان لە زینداندا راپەڕین و کارگوزاران و کارمەندانی تەندروستی و چێشتلێنەرەکان و ژمارەیەک لە پاسەوانەکانی ناو زیندانەکەیان دەستگیرکرد، کە تا ئێستا تەنها ٩ کەسیان لەلایەن شەڕڤانەوە ئازادکراون و چارەنووسی ئەوانی تریان نادیارە.

هەر داعشێک لە زیندانەوە خۆی بگەیاندایەتە دەرەوەی زیندان و پەیوەست دەبوو بەوانەی دەرەوە خێرا چەکدار دەکراو ئەویش دەستی بە هێرش دەکرد، بەوەش لە ماوەیەکی کەمدا زیاتر لە سەدان داعشی راهێنراو دەستیان دەکرد بە پێشڕەوی بەرەو رێگای ئێم ٤ و گرێ سپی و لەگەڵ ئەو پێشڕەوییەدا چەکدارەکانی سوپای تورکیا و چەتەکانی لە گرێ سپی و رێگای ئێم ٤ ەوە بەرەو ئەو چەتانە رێڕەوێکیان دەکردەوە و بەو شێوەیە سوپای تورکیا و چەتەکانی لە سنوری تورکیا تاوەکو حەسەکە بڵاو دەبوونەوە و ناوچەیەکی زۆر بەرفراوانتریان لەگرێ سپی و عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان داگیر دەکرد. ئەوەش هەمان ئەو خواست و پلانەی ئەردۆغان بوو بۆ داگیرکردنی رۆژئاوا، کە بە گۆڕینی ئیدارەی ئەمریکا و هەندێک هاوکێشەی تر گڵۆپی سەوزێ بۆ هەڵنەکرا، کە ئۆپراسیۆنی داگیرکەریی تری وەک باب و جەرابلوس، عەفرین، گرێ سپی و سەریکانی ئەنجام بدات.

بەپێی ئەو پلانە، کۆبانێ و ناوچەی جزیر بە تەواوی لە یەک دادەبڕان و هەموو رێگاکانی پەیوەندیی شەڕڤانان بە رەققای پایتەختی پێشوی داعشەوە دەپچڕێنرا. هاوکات لەگەڵ ئەوەدا شەڕڤانان بەدرێژایی زیاتر لە ٢٠٠ کیلۆمەتر لەگرێ سپییەوە بۆ سەرێکانی و رێگای ئێم چوار و بۆ کۆبانێ و حەسەکە و باکووری رەققا بەرەی شەڕیان لە دژ دەکرایەوە. لە دوای ئەوەش یەک بەیەک کۆبانێ و رەققا دەکرانە ئامانج و داگیر دەکران، یان بە تەواوەتی دەخرانە ژێر گەمارۆ و بۆردومان و هێرشی سەربازییەوە، دوای ئەوەش شەڕ بە هەموو ناوچەکانی رۆژئاوادا بڵاودەکرایەوە و هیچ بستە خاکێکی ژێردەستی شەڕڤانان ئارامیی تیادا نەدەما و هەمووی بۆردومان دەکرا. بەوەش ملیۆنەها کەس ئاوارە دەبوون و چەندین شەنگال دووبارە دەبوونەوە.

قۆستنەوەی هەلەکە لەلایەن هێزەکانی رژێمی سوریا و ئێران و روسیا

لەگەڵ ئەوەشدا هێزەکانی رژێمی سوریاو دیفاع وەتەنی و میلیشیاکانی ئێران بە پشتیوانیی روسیا لەفڕۆکەخانەی قامیشلۆ و لە باشوری دێرەزورووە دەستیان بەهێرش دەکرد. سوریا بە پشتیوانیی روسیا پەلاماری کێڵگە نەوتییەکانی دێرەزووری دەدا، کە تا ئێستا میلیشیاکانی ئێران چەندجارێک لە ئەلبوکەمالەوە تاوەک کێڵگەکانی عومەر و تەنک  کۆنیکۆ هێرشیان کردووەتە سەر هێزەکانی هاوپەیمانیان بەسەرۆکایەتیی ئەمریکا. روسیاش بەوە ئەمریکای لە سوریا دەردەکردو دەستی بەسەر سەرچاوەکانی وزەدا دەگرت، کە لەمێژە داوای دەکات و چەندیجاریشە رایدەگەیەنێت ئەمریکا هێزێکی ناشەرعییە لەسوریا دەبێت و سوریا چۆڵ بکات.  بەپێی ئەو پلانە رۆژئاوای کوردستان و ئەزموونەکەی و خۆبەڕێوەبەرییەکەی و ئەو دەستکەوتە لەناودەبرا و کورد بۆ هەتاهەتایە لە سوریا و رۆژئاوا خۆی پێنەدەگیرایەوە.

رۆڵی روسیا لە لاوازکردن و تێکشکاندنی رۆژئاوای کوردستان

روسیا لە ٣٠ی ئەیلولی ٢٠١٥دا بۆ رزگارکردنی رژێمی سوریا دەستتێوەرادانی سەربازیی لە سوریا دەستپێکرد. لە دوای نزیکەی ٢ ساڵ سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکانی ئاستانەی لە ساڵی ٢٠١٧ و لە دوای ئەوەش سۆچی بۆ قەیرانی سوریا کرد. لەهیچ یەک لەو کۆبوونەوانەدا هەر وەک کۆبوونەوەکانی جنێڤ کورد و خواستەکانی لە بەرچاو نەگیراون. روسیا کەوتە مامەڵە لەگەڵ تورکیا، تورکیا چەتەکان و ناوچەکانی بە روسیا دەفرۆشت و روسیاش ناوچەکانی ژێر دەستی کوردی بە تورکیا دەفرۆشت. روسیا نزیکەی ٥ ساڵە بەزمانی هەڕەشە و تۆقاندن و ئاگر دەیەوێت دەستکەوتەکانی کورد لە رۆژئاوای کوردستان لە ناوببات.

روسیا بۆ ئەوە بە زیندوکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەمنی و موخابەراتیی نێوان دەزگای میتی تورک و هەواڵگریی رژێمی سوریا، کە  لەساڵی ١٩٩٨دا واژۆیان کردبوو، پلانەکانی بۆ گوشارخستنە سەر رۆژئاوای کوردستان و لاوازکردن و لە ئەنجامدا هەڵوەشاندنەوە و داگیرکردنی رۆژئاوای کوردستان خستەگەڕ. بەپێی ئەو رێککەوتنە تورکیا و سوریا دەتوانن تاوەکو ١٠ کیلۆمەتر لە سنوورەکانی یەکتردا ئۆپراسیۆن لە دژی نەیارەکانیان ئەنجام بدەن. بێگومان سوریا هەرگیز ئەوەی پێناکرێت و ئەوە تەنها بۆ تورکیا دانراوە، کە تورکیا لەدژی کورد ئەو ئۆپراسیۆنانە ئەنجام بدات. تورکیا پەیەدە و یەپەگە بە بەشێک لە پەکەکە دەزانێت و ئەوەشی کردووەتە پاساو بۆ هێرشەکردنە سەر دەستکەوتەکانی رۆژئاوای کوردستان.

هەنگاوی دوای ئەوە کردنەوەی ئاسمانی عەفرین و رێگادان بوو بە تورکیا، کە لە بەرامبەر غوتەدا، عەفرین داگیر بکات و تورکیا لە ١٨ی کانوونی دووەمی ٢٠١٨دا هێرشی کردەسەر عەفرین و لەدوای بەرەنگارییەکی سەخت و ١٥٠٠ شەهید داگیری کرد.

لەساڵی ٢٠١٩دا و لەکاتی رەزامەندیی ترەمپ بۆ داگیرکردنی گرێ سپی و سەرێکانی، رووسیا بەخێرایی هەلەکەی قۆستەوە و بە بڵاوکردنەوەی هێزو دروستکردنی پشتێنە و دەورییەی هاوبەش لەگەڵ تورکیا خۆی زیاتر لە سنوورەکانی رۆژئاوادا سەپاند.

لەدوایین کۆبوونەوەی ئاستانە بە سەرۆکایەتیی روسیا، کە ١٧هەمین دانیشتنی بوو، لە کۆی ١٠ بڕیارە لەسەر سوریا، ٨ بڕیاریان لە دژی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوای کوردستان بوو و بەناوچەیەکی مەترسیدار، کە دەیەوێت لە سوریا جیا ببێتەوە  دەبێت رێگریی لبکرێت و هەڵبوەشێنرێتەوە. رووسیا هەموو ئەوەی بۆ تورکیا کردووە، چونکە تورکیا سیستمی ئێس ٤٠٠ و هەروەها بۆریی گازی روسیا لەدەریای رەشەوە بۆ ئەوروپا دەگوێزێتەوە.

دژایەتییەکانی روسیا بەرامبەر بە رۆژئاوا هەر بەوانەوە سنوردار نەبوو، بەڵکو پێش چەند مانگێک بە ڤیتۆ رێگەی لەوە گرت، کە دەروازەی تەل کۆچەر لەڕۆژئاوا بۆ هاوکارییە مرۆیەکان بکرێتەوە، چونکە بەپێی سزاکانی قەیسەر لەلایەن ئەمریکاوە، هەموو ئاڵوگۆڕێکی بازرگانی و خاڵە سنوریەکانی سوریا دادەخرێن، بەڵام رێگایان دەدا تەنها لە دەروازەی تەل کۆچەرە وە هاوکاریی مرۆیی بگاتە سوریا، کە ئەوەش جۆرە دانپیانانێک دەبوو بەڕۆژئاوادا، بەڵام روسیا رێگەی لەوەش گرت.

ئەوەی دەبینرێت رووسیا بە پاساوی بێ بنەماو جۆراجۆر سیاسەتی ئیمپریاڵی و ئاگر و ئاسن لەدژی رۆژئاوای کوردستان بەڕێوەدەبات.

داخستنی سنووری سێماڵکا و بۆردومانی عەین عیسا و شەنگال

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ رووخانی ئیدارەی رۆژئاوای کوردستان و ئەو دەستکەوتە، دەبێت هەموو رێگا و سنوورەکان دابخرێن و هەموو رێگاکانی گواستنەوە و گەیاندن و دەرچوون پەک بخرێن. پارتی وەک هاوپەیمانی تورکیا و نەیاری رۆژئاوای کوردستان خۆی بە سوودمەند دەزانێت لەوەدا رکابەرێکی بەهێزی سیاسیی لە ناوبچێت، بۆیە لەو چوارچێوەیەدا سنوری سێماڵکای داخست و تورکیاش هاوکات هێرشی کردەسەر عەین عیسا و رێگای ئێم ٤ و شەنگال. بۆ ئەوەی هەموو هێڵەکانی پێکەوە بەستنەوە و پەیوەندی و هاوکارییە مرۆیی و لۆجستی و سەربازییەکان تێکبشکێنن.

گەرچی شەڕڤانان لە هەموو ناوچەکاند تا دواهەناسە و دوا دڵۆپی خوێنیان وەک عەفرین و سەرێکانی بەرەنگارییان دەکرد، بەڵام ئەو پلانە، کە هەر یەک لەهەمو گروپە چەتە تیرۆریستە ئیسلامییەکان، تورکیا، سوریا، روسیا و ئێران و پارتی دیموکراتی کوردستان، بەجۆرێک لە جۆرەکان تیایدا بەشدارن، ئەنجامەکەی بۆ لەناوبردنی ئەزمون و دەستکەوتی خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوایە و تا لەناوبردنیشی درێژەیان بەشەڕ و پەلامارەکانیان دەدا.

منداڵەکانی ئەشبال خەلافە

ئەوەی ئێستا لەحەسەکە وودەدات رووداوێکی ئاسایی نییە و پلانێکی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە بۆ لەناوبردنی هەموو رۆژئاوای کوردستان. بۆ ئەو پلانە ٧٠٠ منداڵی خەلافەت، کە باوک و دایکیان کوژراون، یان باوکیان دیار نییە و لە کاتی خەلافەت و زەواجی نیکاح دا لەدایکبوون و پێیان دەوترێت ئەشبال خەلافە، لەلایەن چەکدارەکانی داعشەوە کراون بە قەڵغان تاوەکو بەو منداڵانە و لە ترساندا خۆیان لەگورزی شەڕڤانان بپارێزن. ئەوە دووبارە کردنەوەی هەمان سیاسەتی تورکیایە، کە کۆچبەرانی بۆ سواڵی ئیمتیازو پارە لە ئەوروپا بەکاردەهێنا و هەزارانی دا بەدەم دەریاوە و خنکاندنی. داعش وەک خەلیفەکەیان لە کۆشکی چانکایا هەموو رێگایەکی بەدەر لەمرۆڤایەتی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بەکاردەهێنێت.

بازنەی ئۆپراسیۆنی شەڕڤانان فراوان کراوە بۆ بەری رۆژهەڵاتی دێرەزۆر و رووباری خابور

ئەوەی ئەو پلانە وردو تۆکمەیەی تێکشکاند، بەرەنگاری و فیداکاری و گیان لەسەر دەست بوونی شەڕڤانان و هەڵمەتەکەیان بوو بۆ دەستگیرکردنەوەی چەتە هەڵاتوەکانی داعش لە ناوچەی غوێران و سەناعەی حەسەکە. لە ماوەی چوار رۆژدا زیاتر ١٧٥ چەتە کوژراون، ١٢ چەتە دەستگیرکراون. نزیکەی ١٠٠ هەڵاتووی تر لە پەسێو و پاسارەکان دا دەستگیرکراون. ٣٠٠ چەتەی تریش لەدوای ئەوەی هەموو رێگاکانی هەڵهاتنیان لێ گیرا و خۆیان لە بینایەکەی نوێ تازە دروستکراو لە حەوشەی زیندانەکەدا حەشار دابوو، خۆیان رادەستی شەڕڤانان کردووە.

ئۆپراسیۆنی شەڕڤانان لە دژی چەتە هەڵاتوەکانی داعش بەردەوامە و گەرچی بەشێکی زۆری زیندانەکە لە کۆنترۆڵی شەڕڤاناندایە، بەڵام بە وتەی داعش ٨٠٠ چەتە لە زیندانەکە هەڵهاتوون، ئەەش لە کۆی ٥ هەزار زیندانی دەکاتە سەدا ١٦ی زیندانیکراوەکانی ئەو زیندانە. شەڕڤانان بۆ رێگریکردن لە خۆڕێکخستنەوەی ئەو چەکدارانە و هەروەها دەستگیرکردنەوەیان سنووری ئۆپراسیۆنەکانی تاوەکو رۆژهەڵاتی دێرەزۆر و باکووری رەققا و بەری رووباری خابوور بەرفراوانکردووە. لە حەسەکەشدا بۆ ماوەی هەفتەیەک قەدەغەی تەواوەتیی هاتووچۆی راگەیاندووە و هەڵمەتی گەمارۆدان و پشکنینی ماڵ بە ماڵی گەڕەکەکانی غوێرانی رۆژهەڵات و رۆژئاوا، زوهرو سەناعەی بۆ دەستگیرکردنی چەکدارەکانی داعش بەردەوامە.

لەو بەرەنگارییە چارەنووسسازەدا نزیکەی ٥٠ شەڕڤان، ئاسایش، دژەتیرۆر، هاووڵاتیی مەدەنی و پاسەوان و خزمەتگوزار شەهید بوون

بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار