بەڕێوەبەری بەنداوەكانی هەرێم: 250 ملیۆن مەترسێجا ئاو گل دراوەتەوە
4 كاتژمێر لەمەوپێش
بەنداوەكانی هەرێم 250 ملیۆن مەترسێجا ئاویان كۆگ اكردووە و كۆی ئاوی كۆگاكراو 700 ملیۆن مەترسێجایە.
پێنجشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2025، ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان، بە كوردستان24ـی ڕاگەیاند، بەهۆی بەنداوەکانی هەرێمەوە توانراوە 250 ملیۆن مەترسێجا ئاو کۆگا بکرێت، عێراق بەو بڕە ئاوەی لە هەرێم كۆگا كراوە توانیویەتی 700 ملیۆن مەترسێجا ئاو گل بداتەوە.
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەنداوەكان، كەمترین بڕی ئاوی كۆگاكراو لە بەنداوی دهۆك بووە.
لای خۆیەوە، وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاو لە عێراق راگەیاندووە، بەهۆی بارانبارینی بەردەوامی چەند ڕۆژی ڕابردوو، توانراوە 700 ملیۆن مەتر سێجا ئاو لە بەنداوەكان كۆگا بكرێت، هەروەها دەریاچەكان بە 200 ملیۆن مەترسێجا بووژاونەتەوە.
بەپێی زانیارییەکان و ڕاگەیەندراوەکانی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەرێمی کوردستان، لێزمە بارانەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو کاریگەرییەکی زۆر ئەرێنی و گەورەی هەبووە لەسەر دۆخی ئاو.
ئاستی ئاوی دەریاچە، پۆند و بەنداوەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرز بوونەتەوە بەراورد بە مانگەکانی پێشوو. هەروەها ئەم بارانە بەخوڕەی چەند ڕۆژی ڕابردوو، وای کردووە ئاستی ئاوی ژێر زەوی بەرز ببێتەوە، کە ئەمەش کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر پڕبوونەوەی بیرەکان و کانیاوەکان لە وەرزی بەهاردا.
بە کورتی و بە پووختی، بەهۆی بارانی بە خووڕەوە، دەریاچە و بەنداوەکان "نەفەسێکیان هاتووەتەوە بەر" ئاوی کۆگاکراوی هەرێم بە شێوەیەکی زۆر باش زیادی کردووە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی بۆ وەرزی هاوین کێشەی کەمئاوی کەم بێتەوە.
