چەمچەماڵییەکان کێ بە خەتاباری لافاوەکە دەزانن؟

3 كاتژمێر لەمەوپێش



زیانی لافاوەکە چی بوو؟ کێ قەرەبوویان دەکاتەوە؟

ئامادەکردنی هاوڵاتی.
لە رۆژی یەکشەممەوە شەپۆلێکی بارانبارین هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەڵام لە رۆژی سێشەممە شەپۆلەکە هێندە چڕبوو کە بووە هۆی لافاوێکی گەورە، بەتایبەتی لەسەر چەمچەماڵ. بە گوێرەی ئاماری کەشناسی لە 24 کاتژمێردا 120 ملیمەتر باران باریوە.

لافاوەکە بووە هۆی گیانلەدەستدانی دوو کەس. یەکەمیان، کچێکی تەمەن 22 ساڵ بوو بەناوی بۆکان بەشارەت کە خاوەن پێدوایستی تایبەت بوو. بەشارەت شەریفی باوکی دەڵێت: هەموو شت لەناکاو بوو، سێ منداڵم بە باوەش رزگار کرد ئیدی ئاگام لە بۆکان نەما، وامزانی لەگەڵ منداڵەکانی دیکەیە، بەڵام وانەبوو.

قوربانییەکی دیکە، عومەر سەعید ئەمینە، بەگوتەی هاوڕێکانی چووە بۆ نوێژکردن و لە کاتی نوێژدا گوتییەتی: مردن و ژیان بەدەست خودایە با نوێژەکەمان بکەین.

کوڕەکەی بە دڵی پڕەوە دەڵێت، دوای نوێژ بە تەنیشت دیواری مزگەتەکەدا هاتووەتەوە، لەوکاتەدا لافاو دیواری مزگەوتەکەی بەسەردا رووخاندووە و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا.
زیانە مادییەکانیش زۆر بوون بەجۆرێک لە قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش ئاو چووەتە زیاتر لە 600 ماڵ. سەدان ئۆتۆمبێلیش زیانیان بەرکەوتووە و لافاو بردوونی. دەیان کەسیش، کە منداڵیشیان تێدایە، بە زەحمەتییەکی زۆر لە لافاوەکە رزگار کران.

کاریگەرترین دیمەنیش، کە کاردانەوەی زۆری بەدوادا هات، رووخانی دیواری قوتابخانەی قەندیلی بنەڕەتی بوو لە ناحیەی تەکیە کە لافاو چووە نێو پۆلەکان و لە ماوەی چەند چرکەیەک ئاو گەیشتە سەریان. دواترمامۆستاکان بە باوەش و زەحمەتییەکی زۆر قوتابیانیان رزگار کرد.

کەرکوکیش بەبێ زیان لەم لافاوە دەرنەچوو. شەوی رابردوو لە گەڕەکی شۆراو لافاو چووە نێو چەند ماڵێکەوە و ژنێک لە کاتی هەوڵدان بۆ رزگاربوون لە لافاو دەست بە ستوونێکی کارەباوە دەگرێت و بەهۆی شۆڕتی کارەباوە گیان لەدەستدەدات.

کارمەندێکی شارەوانیش بە هەمان شێوە لە کاتی پاککردنەوەی جۆگە و رێڕەوەکان کارەبا دەیگرێت و بریندار دەبێت و لە کەلاریش منداڵێکی تەمەن 12 ساڵ بەناوی هەردی عومەر لە ئاوی پردی گازینۆ خنکا.

زیانلێکەوتووان قەرەبوو دەکرێنەوە؟
زیانە مادوییەکان بە تەواوی دەستیشان نەکراون، بەڵام بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان بە زیاتر لە 10 ملیار دینار مەزەندە دەکرێت.

رەمک رەمەزانی، قایمقامی قەزاکە گوتی، با راشکاو بم لەگەڵتان ئەگەر لە چەند ملیار دینارێک زیاتر بێت ناتوانین قەرەبوویان بکەینەوە.

قوباد تاڵەبانیش کە دوێنی سەردانی زیانلێکەوتوانی کرد، گوتی لێپێچینەوە دەکەین و چاوپۆشی لەکەس ناکەین، هەر کەس کەمتەرخەم بێت سزای دەدەین.
بەڵام خەڵکی قەزاکە قسەیەکی دیکەیان هەیە و دەڵێن، پۆندێک لە بانی مەقان دروستکراوە، لەسەر پۆندەکە زیادەڕۆیی کراوە و ئاڕاستەی لافاوەکەی گۆڕیوە بەرەو چەمچەماڵ و شۆرش، هەربۆیە لافاوەکە لەماوەی کەمدا دروستبووە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار