مالیکی بۆ سەدر: وەڵامی من بۆ ئێوه‌ سووکایەتی بە خوێن مەکەن

2 ساڵ لەمەوپێش



هاوڵاتی

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا  بە تووندی ‌هێرشیکردە سەر موقتەدا سەدر  و رایگەیاند:" وەڵامی من لە گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی بۆ ئەوان پارێزگاریی لە عێراق و ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیان و وەستاندنی ئازاری دەستی ئەوان بووە، کە سووکایەتی بە خوێن دەکەن و دەست بەسەر موڵک و ماڵ و ئازادیدا دەگرن".

نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا ئەمڕۆ پێنجشەممە 27-01-2022 لە تویتێکدا و بە تووندی ‌هێرشیکردە سەر موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لەعێراق و رایگەیاند: "وەڵامی من لە گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنی بۆ ئەوان پارێزگاریی لە عێراق و ئاسایش و بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتیان و وەستاندنی ئازاری دەستی ئەوان بووە، کە سووکایەتی بە خوێن دەکەن و دەست بەسەر موڵک و ماڵ و ئازادیدا دەگرن".

رۆژی چوارشەممە 26-01-2022 دادگای فیدڕاڵی تانەکانی لەسەر یەکەمین دانیشتنی پەرلەمانی عێراق رەتکردەوە و سەرۆکایەتی پەرلەمانی بە "دەستووریی و یاسایی"ی دانا.

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر دوای بڕیارەکەی دادگە، وتارێکی پێشکێش کرد و رایگەیاند ئەو لەسەر حکومەتی زۆرینەی نیشتمانی هێشتا سوورە و بۆ یەکەمجاریش بە ئاشکرا لە زاری خۆیەوە وتی، حکومەتی بەبێ نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسای دەوێت.

لەوڵامی ئەو قسانەی رێبەری رەوتی سەدر، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، کە خاوەنی 33 کورسییە لە پەرلەمان لە تویتەکەیدا نووسیویەتی: "لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا وا راهاتووم وەڵام و وەڵامکارییم نەبێت بۆ ئەوانەی زێدەڕۆیی دەکەن و ناکۆکییە سیاسییە نیشتمانییەکان بە کەسیی دەکەن".

هاوپەیمانی دەوڵەتیی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی یەکێکە لە پێکهێنەرە سەرەکییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، کە لە شەش لایەنی شیعە پێکدێت و داوای حکومەتی سازان و رێککەوتن دەکەن، لە کاتێکدا موقتەدا سەدر داوای حکومەتی "زۆرینەی نیشتمانی" دەکات.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار