هادی عامری بۆ بافڵ تاڵەبانی: پێویسته ڕێگهچارهى گونجاو بدۆزرێتهوه بۆ ناکۆکیهکانتان لهگهڵ پارتى
2 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
هادی عامری له کۆبونهوهى لهگهڵ وهفدى یهکێتى به سهرۆکایهتى بافڵ تاڵهبانى جهختى لهوه کردهوه پێویسته رێگه چارهیهکى گونجاو بدۆزرێتهوه بۆ ناکۆکیهکانى نێوان یهکێتى و پارتى.
نووسینگەی هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح بڵاویکردەوە، "ئەمڕۆ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح لە نووسینگەی خۆی لە بەغدا پێشوازیی لە وهفدى یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی کرد".
وەکو لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، هەردوولا لە کۆبوونەوەکەدا "باسیان لە دۆخی سیاسیی ئێستای عێراق کرد و جەختیان کردەوە لە پێویستیی دیالۆگ و تێگەیشتن بۆ گەیشتن بە ئەنجامێکی راستەقینە و قبووڵکراو کە پشت بە چوارچێوەی دەستووری و ئەو نەریتە سیاسییانە ببەستێت کە پرۆسەی سیاسییان لەسەر بونیادنراوە".
نووسینگەی سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح دەڵێت، "عامری جەختیکردەوە لە پێویستی دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو ناکۆکییەی لەنێوان دوو لایەنە سەرەکییەکەی هەرێمی کوردستاندا هەیە و ئاماژەی بەوە کرد، بەردەوامیدان بەو جیاوازییە لە عێراق رەنگدەداتەوە، هەروەک چۆن ناکۆکیی نێوان پێکهاتەکانی دیکەش رەنگدەداتەوە".
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو، وهفدى یەکێتیش "جەختیکردەوە لە پێویستیی یەکخستنی تێڕوانینە سیاسییەکان، بەردەوامیدان بە دیالۆگ و گەیشتن بە تێگەیشتن بە جۆرێک کە رەنگدانەوەی ویستی گەلی عێراق بێت".
سەردانەکەی وهفدى یەکێتی لە کاتێکدایە، شاندێکی پارتی یش لە بەغدایە و هەردوولا لەگەڵ هێز و لایەنە سیاسییەکان کۆدەبنەوە.
کاندیدى پارتی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار بریتییە لە هۆشیار زێباری و بەربژێری یەکێتیش بریتییە لە بەرهەم ساڵح.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کۆبووەوە و رۆژی 7ی شوباتی 2022ی بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق دیاریکرد.
دەستەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران لەبارەی پرسی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق بڕیاری لەسەر دوو خاڵ دا؛ لە راگەیێندراوێکیدا هاتووە، "رۆژی دووشەممە 31ی کانوونی دووەمی 2022 ناوی بەربژێرانی سەرۆککۆمار کە مەرجە یاساییەکانییان تێیدا دەستەبەر بووە، بڵاودەکرێتەوە؛ ئەوەش دوای تەواوبوونی رێوشوێنە یاساییەکان بە پشتبەستن بە یاسای حوکمەکانی خۆبەربژێرکردن بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ژمارە 8ی ساڵی 2021".
هەروەها لە راگەیێندراوەکەدا کاتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق دیاریکراوە و ئەوە خراوەتەڕوو، "7ی شوباتی 2022 رۆژی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار".