کەپەک گران دەبێت

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێریی پەرلەمانی هەرێم ڕایگەیاند:" بەهۆی ئەوەی حكومەتی هەرێم بڕیاریداوە بە قەدەغەكردنی هاوردەكردنی كەپەك، هەر تۆنێك ٣٠ هەزار دیناری چووەتە سەر و دەشڵێت: ڕێگە بۆ كۆمپانیایەك خۆشكراوە هاوردەی بكات بە ١٠٠ هەزار زیاتر لە نرخی پێشووی بۆ هەر تۆنێك".
وەزارەتی كشتوكاڵ و ئاودێریی ڕۆژی دووی ئەم مانگە داوای لە وەزارەتی دارایی كردووە، هاوردەكردنی پاشماوە ڕووەكییەكان قەدەغە بكات، بەو پێیەی پێچەوانەی یاسای كەرەنتینەی كشتوكاڵییە و هۆكارێكە بۆ بڵاوبونەوەی دەرد و نەخۆشی.
لەسەر ئەو بڕیارە، عەبدولستار مەجید، سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێریی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە پەیجی خۆی لە فەیسبووك نوسیویەتی: کەپەک کە زیاتر بۆ ئالیکی ئاژەڵ بەکاردەھێنرێت و بەشی زۆری لە دەرەوەی ووڵات ھاوردە دەکرێت، بە بڕیارێکی وەزارەتی دارایی لەسەر ڕاسپاردە و داواکاری وەزارەتی کشتوکاڵ لە ٢/٢/٢٠٢٢، ھاوردەکردنی قەدەغە کراوە و تەنھا تا ٧/٢/٢٠٢٢، مۆڵەت بە بازرگانانی ھاوردەکردنی کەپەک دراوە، کە ئەگەر کەپەکیان کڕیوە لەو ماوە کورتەدا بیھێننە ناوەوەی کوردستان.
دەشڵێت: لەگەڵ ئەم بڕیارە ھەر تۆنێک کەپەک زیاتر لە ٣٠ ھەزار دیناری چووەتە سەر، پاشان ئەو کۆمپانیایەی، کە ئەو ڕێگەیەی بۆ خۆشکراوە و تەندەری ئامادەکردووە تۆنی بە ٥٥٠ ھەزار، لە کاتێکدا ئەو کەپەکەی لە دەرەوە ھاوردە دەکرێت بە ٤٥٠ ھەزار لە بازاڕ دەفرۆشرێت، ئایا ئەمە لە قازانجی مەڕدار و ئاژەڵدارەکانە؟ یان تەنھا لە قازانجی کۆمپانیاکانە؟.
سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێریی، دەشپرسێت، چ نەخۆشیەک؟ ئایا نەخۆشی بەھۆی ھاوردەکردنی ئەو ھەموو ماددە و دەرمانە بەسەرچوانە و بەقاچ ھێنانی ئەو ھەموو کەلوپەل و ماڕوماڵاتەیە یان بەھۆی کەپەکەوەیە، کە بە ڕێگەی یاسای دەھێنرێت؟ دیارە دەزگای پشکنینتان نییە.

