كچە ئێزیدیەك لە دوكانێكی گەص فرۆشیدا كار دەكات

ئەحلام لە شەنگال لەبەر داعش رایكردو هەشت ساڵە لە كەمپەكانی دهۆك ژیان دەكات

2 ساڵ لەمەوپێش




عەمار عەزیز. دهۆك
ئەحلام ئەمین ، كچێكی ئاوارەی ئێزیدییە لەپێناو دابینكردنی بژێوی ژیانی خێزانەكەی وازی لە خوێندن هێناوەو لە دوكانێكی گەص فرۆشیدا كار دەكات.
ئەحلام ئەمین تەمەن 17 ساڵ ، پێنج خوشك و برایەكی هەیە لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد  لە 2014 كاتێك ئاوارەی پارێزگای دهۆك بوون خانوویان بە كرێ گرتووەو مانگانە 150 هەزار دینار دەدەن، هەروەها وتیشی:" لە 2014 لە پۆلی شەشی سەرەتایی بووم، لەبەر داعش نەمتوانی هەموو تاقیكردنەوەكان بكەم ، كە هاتمە دهۆك جارێكی تر چوومە پۆلی شەشی سەرەتایی ئینجا بەردەوامیم دا خوێندن، بەڵام لەبەر خراپی دۆخی ئابووریمان وازم لە خوێندن هێناوەو حەزمكرد ئیشێك بكەم تا داهاتێك بۆخۆم و خێزانەكەم دابین بكەم".

ناوبراو ئەوەشی خستەروو كە زۆر بەدوای كاردا گەراوەو لەگەڵ رێكخراوە نا حكومییەكان گفتوگۆی كردووە،  بەڵام دواینجار بڕیار دەدات وەك كرێكارێك لە چێشتخانەیەك لەناو كەمپی شاریا كار بكات، ئەحلام وتی:" ماوەی شەش مانگە لە چێشتخانەیەكی ناوەندی كۆمەڵگای شاریا بوومە كرێكار، سەرەتا كرێی رۆژانەم 10 هەزار دینار بوو دواتر بووە بە 15 هەزار دینار".

ئەحلام رۆژانە لە كاتژمێر 7و نیوی بەیانی تا 10 شەو لەو چێشتخانەیەدا كار دەكات" ڕاستە ماوەكەی زۆرە و پارەكە زۆر كەمە، بەڵام چی بەكەم هیچ ئیشی تر نیە بیكەم، ئەو بڕەیەی لەو كارە دەستم دەكەوێت بەشێكی بۆ خێزانەكەم خەرج دەكەمەوە " .

ئەو كچە ئێزیدیە پێشیوابوو كە ئیشكردن هیچ عەیبی نیە" ڕاستە بۆ ژن تاڕادەیەك قورسە، بەڵام ئێستا كۆمەڵگا گوڕاوە شتێكی ئاسایی یە ژنیش وەكو پیاو كاربكات".

ئەحلام لە دوكانی گەص فرۆشییەكەدا لەفەی مریشك و فەلافل و گەص ئامادە دەكات وەك دەڵێت:" رۆژانە سەد لەفەیەك دەفرۆشین و گرنگی زۆر بە پاك و خاوێنی دەدەین و زۆر كەس سەردانمان دەكات".

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار