نەوت تەنیا دوكەڵەكەی بۆ كەركوكییەكان بووە

عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پێشتری پۆلیسی قەزاو ناحیەكانی كەركوك بۆ هاوڵاتی:

2 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: ئارا ئیبراهیم

بەرێوەبەری پێشتری پۆلیسی قەزاو ناحییەكانی كەركوك دەڵێت ئەوە حەقیقەت بووە كە دوكەڵەكەی بۆ كەركوكییەكان بووەو لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا سەركردایەتی كورد دەیتوانی زۆر شتی باش بكات و خزمەتگوزاری زۆر باش ئەنجام بدات، دەیتوانی زۆر بە بەرنامەیەكی برایەتی و تەبایی هەبوایە كە لیژنەیەك هەبوایە لەسەرووی هەموو دامودەزگاكانەوە و چاودێری دۆخی كەركوكی بكردایە، ئەگەر بە بەرنامە شتی باش بۆ كەركوك بكرایە بەتەئكید دۆخی كەركوك وای لێ نەداهات.

عەمید سەرحەد قادر، بەڕێوەبەری پێشتری پۆلیسی قەزاو ناحییەكانی كەركوك لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:» هەرگیز پارتی و یەكێتی لەسەر كەركوك و پۆستی پارێزگاری كەركوك رێكناكەون، چونكە ململانێی و ناكۆكییەكانیان لەسەر ئەو شارەو ئیدارەدانی زۆر قورسە».
ناوبراو ئەوەش دەخاتەڕوو كە لەئێستادا گفتوگۆی لەگەڵ كراوە بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتووی پەرلەمانی كوردستان، بەڵام هێشتا هیچ بڕیارێكی نەداوە.

هاوڵاتی: پەرلەمانتارێكی دیكە لەشوێنی راكان لە پەرلەمانی عێراق سوێندی یاسایی خوارد بەو واتایەی راكان جبوری لە پۆستەكەی وەك پارێزگاری كەركوك دەمێنێتەوە؟ ئەمە مانای چییە بۆ سەركردایەتی سیاسی كورد؟
سەرحەد قادر: ئەوەی كە هەیە راكان جبوری وەكو عەشرەتی جبورو عەشرەتی عوبێد چەند كۆبوونەوەیەكیان كردووە لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە (وەسفی عاسی) یەكێكە لەكەسایەتییەكانی عەشیرەتی عوبێد بچێتە شوێنی راكان جبوری، بەو هۆیەوە راكان جبوری لەشوێنەكەی ماوەتەوە، ئەگەر راكان بیزانیایە لەپۆستی پارێزگاری كەركوك لادەبرێت بە تەئكید دەچووە پەرلەمان، یاخود ئەگەر ئەو بیزانیایە ئەو هاژو هوش و لێدوانانەی كە دەدرا دەربارەی راكان كە دەدرێت بەدادگا كە تۆمەتبار دەكرا بەگەندەڵی لەلایەن هەردوو حزبە سەرەكییەكەو پەرلەمانتارەكانیان، كە دروشمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق پارتی و یەكێتی پێداگیریان دەكرد كە راكان جبوری نابێت لەو پۆستەدا بێت و كوردێك دەچێتە شوێنەكەی، بەڵام ئەوەی بینیمان پێچەوانە بوو.
پێشووتر لەدوای 2003 كۆمەڵێك پۆستی ئەمنی و ئیداری ئەمانە زۆرجار لەكێبڕكێ و مونافەسەی پارتی و یەكێتیدا فەوتاوە بۆ كورد.

هاوڵاتی: پارتی لەگەڵ سەدرو حەلبوسی رێككەوتنیان هەیە، پێتانوایە مانەوەی راكان بەئاگاداری ئەو سێ لایەنە بووە؟
سەرحەد قادر:نازانم لەقازانجی پارتیدایە مانەوەی راكان جبوری یان نا، بەڵام پارتی پێداگیریان دەكرد كە راكان جبوری نابێت لەو پۆستەدا بمێنێتەوە، لێدوانەكانی پارتی بەو شێوەیە بوو كە دەنگی زۆریان لەكەركوك هێناوەو دەبێت پۆستی پارێزگاری كەركوك بۆ پارتی بێت، بەڵام ئەگەر شتی دیكە هەبێت لەو پرسەدا ئاگاداری نیم.

هاوڵاتی: بەگشتی ئەم پرسە خەڵكی كەركوك تێیدا زەرەرمەندە پێش پارتی و یەكێتی، پێتانوایە ناكۆكی لەسەر پرسی سەرۆك كۆمار، وای كرد جارێكی دیكە پۆستی پارێزگاری كەركوك لەدەست بدەینەوە؟
سەرحەد قادر: یەك حەقیقەت هەیە با باش ئەوە بزانین، پارتی و یەكێتی لەدوای 2003 هەمیشە لەسەر پۆستەكانی كەركوك سیراعیان هەبووە، بەداخەوە هەردوو حزبەكە لای پارتی كەركوك دڵی كوردستان بووەو لای یەكێتی كەركوك قودسی كوردستان بووە، بەڵام ململانێكان لەو شارەدا لەنێوانیاندا زۆر قورس بووە، ئەوەی بەگشتی بەسەر گەلی كورددا هاتووە زیاتر لەسەر ئەوە بووە كە لەشاخ و لەشۆڕشەكاندا لەدروشمەكانیاندا لەسەر مەوزوعی كەركوك بووەو زۆربەی خەڵكە شۆرشگێڕەكە خەڵكی كەركوك و گەرمیان بووە، كە هەزاران قوربانی لەو پێناوەدا دراوەو خوێن رژاوە لە پێناو كەركوكدا بووە.
ئەنفال كە كراوەو دێهاتەكانی كوردستان سوتێندران هەر لەسەر كەركوك بووە، لەساڵی 1974 ئەو كاتەی گفتوگۆ هەبووە لەنێوان رژێمی عێراق و كورددا سەدام حوسێن ئامادە بووە نیوەی كەركوك بداتە كورد، ئەوەی سەدام حوسێن دای بەكورد لە كەركوكدا ئێستا ئەم حزبانە نەیانتوانیوە ئەوە بەدەست بهێنن، ئەوا مفاوەزاتی ساڵی 1985 گفتوگۆی یەكێتی نیشتمانی و رژێمی سەدام هەر لەسەر كەركوك بووەو نەگەیشتە ئەنجام و هەڵوەشایەوە.
بۆیە ئەو صیراع و ململانێیە بەداخەوە دەبوو لەكەركوك لەپێش هەموو شوێنەكانی تر كورد كوردایەتی بكردایە، دوای 2003 ئێمە بەدوو پارێزگارو دوو بەرپرسی ئاسایش و دوو پەروەردەو بۆ هەموو پۆستەكان پارتی و یەكێتی مدیرییەتی خۆیان هەبووە.
ئەمە بە راستی بوو بەخاڵێك هەم لەلایەن هێزەكانی هاوپەیمانان و نەتەوەكانی عەرەب و توركمانەوە لەپارێزگای كەركوكدا ئەوە دەبینرا، راستە زۆرجار جەنابی خوالێخۆشبوو مام جەلال هاتووەتە كەركوك و داوای تەبایی و یەكڕیزی كردووە بەهەمان شێوە كاك مەسعودیش چووە، ئەویش داوای تەبایی و یەكڕیزی كردووە، كە كێشەو مەشاكیل لەنێوان ئەو دوو حزبەدا نەبێت، بەڵام لەئاستی خوارەوەدا ئەو كێشانە هەر هەبوو، لەسەر بیرە نەوتێك و دانانی بەڕێوەبەرێك.

هاوڵاتی: بەڵام پێتانوایە لە رووی كردارییەوە ئێستا كەركوك نە دڵ و نە قودسی كوردستانە؟
سەرحەد قادر: ناڵێم ئێستا كەركوك دڵ و قودسی كوردستان نییە، هەزاران رۆڵەی كەركوك و گەرمیان خوێنی خۆیان رشتووە كە ئەو دوو دروشمە لەلای پارتی و یەكێتی بەرز كراوەتەوە، بەڵام كە كێشە هەبووەو ئێستا هەردوولایان گەیشتوون بەوەی ئەوەیان پێباشترە كە عەرەبێك پارێزگاری كەركوك بێت، لەجیاتی ئەوەی كەسێكی یەكێتی یان پارتی یا كەسێكی بێلایەن دابنرێت.
لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر دەتوانرا پارێزگارێكی كورد بۆ كەركوك دابنرێت ئەگەر ئەنجومەنی پارێزگا كە ئەوانەی سەر بەپارتی بوون و لەگەڵ توركمانەكان لەگەڵ جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا نەهاتنەوە كەركوك كە پارێزگارێكی كورد دابنرێت كە دەیانوت كەركوك داگیركراوەو خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كراوە، نەگەڕانەوەی ئەوان وایكرد راكان جبوری ئەو پۆستە وەربگرێت، كە وەریگرت ئەو پۆستە ئەوە جارێكی دیكەش وەریگرتەوە.
دەتوانم شتێك بڵێم تا هەڵبژاردنێكی دیكە تازە پارێزگاری كەركوك نادرێتەوە بە كوردو راكان جبوری دەیبات بەڕێوە، هەر قسەو دروشمێك لەهەر ئاستێكدا بێت لەسەر گۆڕینی راكان جبوری وەكو بڵقی سەر ئاو وایەو ئەسڵ و ئەساسی نییە تەنها بۆ ئەوەیە شاشەكانی تی ڤی پێ پڕبكەنەوە.
ئێمە ئەوەندە سەعید سەحاف-مان هەبوو و كە لێدوانی ئاگرین هەبوو، ئەمە دەكەین و پێشمەرگە دەگەڕێنینەوە و گۆڕانكاری دەكرێت هیچیمان بە كرداری نەبینی و ئەوە دەیبینین حكومەتی ناوەندی عێراق رۆژ بەڕۆژ بەهێزتر دەبێت و حكومەتی هەرێمیش دەبینین چۆنە.
ناكۆكی پارتی و یەكێتی لەئاستێكدایە ناتوانن رێككبكەون لەسەر پرسی كەركوك بەتایبەتی ئەو دوو دروشمە كاتی خۆی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا وتوویەتی كەركوك دڵی كوردستانەو جەنابی خوالێخۆشبوو مام جەلال وتوویەتی كەركوك قودسی كوردستانە، ئەگەر ئێستا ئەوان لە ژیاندابوونایە نەیاندەتوانی كەركوك بەو شێوەیە قبوڵ بكەن و بەغداش بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ كەركوكدا نەدەكرد.

هاوڵاتی: دیارە پرسی سەرۆك كۆمار دەبێت چارەسەر بكرێت، ئایا ئەگەر رێككەوتن لەسەر سەرۆك كۆمار لەنێوان پارتی و یەكێتی بكرێت مەجالی تێدا ماوە پارێزگاری كەركوك بدرێتە كەسێكی كورد؟
سەرحەد قادر: بەقەناعەتی خۆم پارتی و یەكێتی ئەوەندە توندن بەرانبەر بەیەكتری لەسەر پرسی كەركوك بەهیچ شێوەیەك سازش بۆ یەكتری ناكەن تا بتوانن پارێزگارێكی كورد بۆ ئەو شارە دابنێن.
لەناو هاوكێشە سیاسی و ئەمنییەكانی كەركوكدا بووم و زۆر شتم لایەو زۆر شت دەزانم قەناعەت ناكەم پارتی و یەكێتی رێكبكەون جارێكی دیكە پارێزگارێكی كورد دابنێن.

هاوڵاتی: بۆخۆت وەك سەرحەد قادر هیچ بەرنامەیەكتان هەیە بەشداری لەهەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستاندا بكەن؟ هیچ ئۆڤەرێكت بۆ هاتووە؟
سەرحەد قادر: سڵاوو رێزم بۆ خەڵكی كەركوك هەیە ئەوەی لەكەركودا كردوومە راستە كۆمەڵێك خزم و كەسوكارو خەڵكێكی زۆر لەگەڵمدا بووەو شەهید بووەو خۆشم چەند جارێك بریندار كراوم، لەپێناو ئەمنییەتی ئەو شارەدا كردوومەو بە واجبی سەرشانی خۆم زانیوە، لەبەرئەوەی بەرپرسێكی ئەمنی بووم لەو شارەدا.
تائێستا دانیشتووم و بەرەو هەڵبژاردنی كوردستانیش دەچین لەگەڵ كۆمەڵێك خەڵك قسەم كردووەو قسەمان هەیەو پەیوەندیمان هەیە كە لەسەر هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان قسەم لەگەڵدا كراوە، تا ئێستا بڕیاری تەواوم نەداوەو هەموو ئەگەرەكانیش لەبەردەممدا كراوەیە، جارێ نازانم چی دەكەم، بشتوانم لەهەر بوارێكدا كار بكەم و خزمەت بكەم ئەوكات بڕیار دەدەم؟

هاوڵاتی: ئەگەر دوو بژاردە بخرێتە بەردەمتان، پارێزگاری كەركوك یان ئەندام پەرلەمانی كوردستان كامیان هەڵدەبژێریت، ئەگەر پارتی و یەكێتی بڵێن فەرموو دەتكەینە پارێزگاری كەركوك؟ ئامادەن بیكەن؟
سەرحەد قادر: ئەوەی پێم بكرێت دەمەوێت خزمەتی خەڵكی كوردستان بكەم، جا بەهەر شێوەیەك بێت، تائێستا لەسەر پرسی پەرلەمانی كوردستان قسەم لەگەڵدا كراوە كە بەشداری بكەم بەهەر شێوەیەك كە خۆم بمەوێت، پێشتریش كۆمەڵێك پۆستی ئەمنی و عەسكەری خراوەتە بەردەستم بچم لەو بوارانەدا كاربكەم و ئەو پۆستانەم رەتكردووەتەوە.
ئامادەنیم پۆستی پارێزگاری كەركوك وەربگرم چونكە ئەوە پۆستێكی زۆر گەورەیەو مەسئولیەتێكی گەورەیە، ئەگەر وەكو سەرحەد بچم خزمەتی شاری كەركوك بكەم ئامادەم خزمەتی ئەو شارە بكەم، پۆستی پارێزگاری كەركوك فەخرو شانازییە كوردێك بتوانێت بیكات تا خزمەتی شارەكەو ناوچەكانی دەوروبەری بكات، بەڵام  هەرگیز پارتی و یەكێتی لەسەر كەسێك رێكناكەون بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك، ئەوان هەموو كاتێك دەیانەوێت كەسێك دابنێن كە زۆر زۆر لە خۆیانەوە نزیك بێت، خەڵكێك بێت بڵێن چی بڵێن بڵێت بەسەرچاو ئەمر دەكەی.

هاوڵاتی: پێتانوایە ئێستا كورد كەمترین پۆستی بەدەستەوە ماوە لەكەركوكدا لەكاتێكدا كەركوكییەكان قوربانی زۆریاندا بەتایبەت كە داعش چەندین جار هەوڵی داگیركردنی دەدا؟
سەرحەد قادر: خەڵكی كەركوك خەڵكێكی شۆڕشگێڕە دەتوانم بڵێم لەهەر چوار پارێزگاكەی دیكەی كوردستاندا خەڵكی كەركوك زیاتر لە 17 جار داعش بەو دڕندەیەی خۆی هەوڵیدا داگیری بكات خەڵك نەیهێشت بەپیاوو ژن و خوێندكارانەوە چەكیان هەڵگرتبوو بۆ بەرگری كردن لەكەركوك.
كورد لەو شارەدا حاكم بووەو زۆربەی پۆستە ئیدارییەكانی لەدەستدابوو كەئەوكات كورد بەگشتی لەسەدا 50% پۆستەكانی لەژێر دەستدابوو، ئێستا ئەو پۆستانەی بەدەست كوردەوەیە لەكەركوكدا ناگاتە لەسەدا 20%، زەرەرمەندی یەكەم لەم پرسەدا خەڵكی كەركوك بووە.
خەڵكی كەركوك بە رووح و دڵ لەگەڵ ئەو حزبانەدا بوون و كەركوكیان دەپاراست و لەسەنگەرەكانی پێشمەرگەدا شەونخونیان دەكردو خزمەتیان دەكرد، خەڵكی كەركوك دەزانن نەوتی بای حەسەن و هاڤانا ماوەی چوار ساڵ زیاتر داهاتەكەی دەبراو دەدرا بەمووچە، راستە كەمێك پارە لە رێگەی پترۆ دۆلارەوە دەگەڕایەوە بۆ كەركوك، خەڵكی كەركوكیش لەو كاتەوەی نەوت دۆزراوەتەوە لەكەركوك كە شارێكی دەوڵەمەندە بە نەوت، بەڵام خەڵكەكەی لەسەر مەوزوعی بوونی نەوت لەشارەكەیاندا زەرەرمەند بوون و تەنها دوكەڵەكەیان بۆ ماوەتەوەو كەمترین خەڵكی كەركوك سوودمەند بوون لەو سامانە سروشتییەی كە لەو شارەدا هەبووە.

هاوڵاتی: واتە داهاتی نەوت بۆ خزمەتی كەركوكییەكان نەبوو؟
سەرحەد قادر: ئەو پرسیارە دەتوانی لەخەڵكی كەركوك بكەین بەئاشكرا وتوویانە كە داهاتی نەوتی خاوی كەركوك بۆ كەركوكییەكان نەبووە، ئەوە حەقیقەت بووە كە دوكەڵەكەی بۆ كەركوكییەكان بووەو لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا سەركردایەتی كورد دەیتوانی زۆر شتی باش بكات و خزمەتگوزاری زۆر باش ئەنجام بدات، دەیتوانی زۆر بە بەرنامەیەكی برایەتی و تەبایی هەبوایە كە لیژنەیەك هەبوایە لەسەرووی هەموو دامودەزگاكانەوە و چاودێری دۆخی كەركوكی بكردایە، ئەگەر بە بەرنامە شتی باش بۆ كەركوك بكرایە بەتەئكید دۆخی كەركوك وای لێ نەداهات.
لەبیرمان نەچێت ئەو عەرەب و توركمانانەی لەكەركوكدا بوون كاتێك عەبادی خۆی ئامادە كردبوو بۆ مەوزوعی گرتنەوەی كەركوك یەكەم كەس ئەو ئەندام پەرلەمانانە توركمانان و ئەو ئەندامە عەرەبانەی كەركوك بوون كە لەپەرلەماندا دەنگیان بەرز دەكردەوەو داوایان دەكرد كە هەموو دەست بەرزبكەنەوە بۆ گرتنەوەی كەركوك لەلایەن حەیدەر عەبادییەوە، ئەمە دەبێت بگەڕێتەوە بۆچی ئەوەیان كرد.
لەكاتێكدا پێشتر دۆستی كورد بوون، دەیان فەرماندەی پێشمەرگە نەتوانرا تەبایی و برایەتی لەو شارەدا جێبەجێ بكرێت و خەڵكی توركمان و عەرەب بەلای خۆماندا رابكێشین، چونكە كەركوك وەك عێراقێكی بچوككراوە وایە،  كە كورد نەبوایە لە كەركوكدا لەموسڵ خراپتری لێ دەهات ئەوكاتەی داعش موسڵی داگیركرد.
دوای 16ی ئۆكتۆبەر تائێستا لیژنەیەك تەشكیل نەكراو بۆ ئەو شارە وای بەسەرهات، كێ لەو شارەدا رای كردو بووە پاڵەوانی میدیاكان، دەیان وت حەشدی شەعبی دەردەكەین و كوا بۆ ئەمانە جێبەجێ نەبوون؟؟؟.


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار