رەوشی ژنان هەر لەپاشەكشەدایەو بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە نەبینیوە

سەیوان رۆستەم، چالاكوان لەیەكێتیی ژنانی كوردستان بۆ هاوڵاتی:

2 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: شاناز حەسەن

ژنە چالاكوانێك لە یەكێتی ژنانی كوردستان كە رێكخراوەكەیان سەر بەیەكێتی نیشتمانی كوردستانە دەڵێت:» رەوشی ژنان هەر لەپاشەكشەدایەو بەرەوپێشچوونی بەخۆیەوە نەبینیوە».
سەیوان رۆستەم، چالاكوان لەیەكێتی ژنانی كوردستان، لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت:»رێژەیەكی بەرچاو ژنان لە پۆستەكاندا و لەناوەندی بڕیاردان، زۆر دەزگا و شوێنی تایبەت هەیە بەفەرمی و نافەرمی كە لەخزمەتی ژناندایە، بەڵام  بەداخەوە رەوشی ژنان هەر لەپاشەكشەدایە، بۆیە ئەمە ئەوەمان پیدەڵێت كە نەیانتوانیوە ئەو گۆڕانكارییە بكەن كە ئەو جیاوازییە نەهێڵدرێت».

هاوڵاتی: یادكردنەوەی 8ی مارس چ گرنگییەكی بۆ ژنانی كوردستان هەیە؟ 
سەیوان رۆستەم: ئەم رۆژە لەئەنجامی كۆمەڵێك خەبات و قوربانی هاتۆتەدی و بۆیە گرنگی یادكردنەوەكەی لەوەدایە كە كۆدەنگیی جیهانی لەسەرە بۆ تازەكردنەوەی بەدەستهێنانی مافی ژنان و یەكسانی و ئازادی ژنان، بەجیاوازی هەموو راو بیرو بۆچوونەكان و دینەكانەوە، بۆیە بۆ ئێمەش سەرلەنوێ نوێكردنەوەی پەیمانە بۆ خەبات دژی نایەكسانی نادادییەك بەرامبەر ژن لەكۆمەڵدا.
پێویستە لەم رۆژەدا پیرۆزبایی بكرێت لەخەباتی ژنان.  بۆیە لەكوردستاندا ئەم یادە دەكرێتەوە بەتایبەت لەلایەن رێكخراوو كەسانی چالاكوانەوە یادیدەكرێتەوە، بەڵام بەداخەوە ئەم سێ ساڵەی دوایی ئەوەندە كوشتنی ژنان زیادیكردووە دەبێت رۆژەكە تەرخانبكرێت بۆ ئەو بابەتانە لەبری چالاكی و بەسەربردنی كاتی خۆش لەم رۆژەدا.  ئەوەی زۆر گرنگە بزانرێت یادكردنەوەی ئەم رۆژە بەو مانایە نییە كە تەنیا لەم رۆژەدا یاددەكرێتەوەو تەواو بەڵكو بەواتای ئەوەیە كە تۆ نەوەستاویت، تەنیا رۆژەكە بۆ یەكدەنگییە.
هاوڵاتی: ژنان كە لەپۆستی جیاواز جیاوازدان ئایا توانیویانە ئەو پەیامەی كە ژنان هەیەتی بەرجەستەی بكەن؟
سەیوان رۆستەم: یەكێك لە ئامانجەكانی خەباتی ژنان ئەوەیە كە ژنان  بەبێ جیاوازی بگەنە ناوەندی بڕیار، بەڵام كە ئێمە ببینین لەگەڵ ئەو هەموو رێگری و كۆسپانە رێژەیەكی بەرچاو ژنان لەپۆستەكاندا و لەناوەندی بڕیاردان، زۆرن دەزگا و شوێنی تایبەت هەیە بەفەرمی و نافەرمی كە لەخزمەتی ژناندایە، بەڵام  بەداخەوە رەوشی ژنان هەر لەپاشەكشەدایە،  بۆیە ئەمە ئەوەمان پیدەڵێت كە نەیانتوانیوە ئەو گۆڕانكارییە بكەن كە ئەو جیاوازیە نەهێڵدرێت.
هاوڵاتی: حزبە سیاسییەكان تاچەند توانیویانە، ژنان لە پۆستە باڵاكاندا نزیك بكەنەوە و پۆستی باڵا وەربگرن؟یان تاچەند هاوكار بوون؟
سەیوان رۆستەم: هەموو حزبەكان لەبەرنامە و كاریاندا ئەوە دەڵێن بڕوایان بە یەكسانی و مافی ژنان هەیە، بەڵام ئەو كاریگەرییەیان نیەو لەكارەكانیاندا رەنگی نەداوەتەوە،  چونكە ئەمە پەیوەندی بە گۆڕانكاری بنەڕەتی هەیە لە كۆمەڵگەداو كاری زۆری دەوێت، بۆیە بەتەنیا  بەحزبەكان ناكرێت، پرۆسەی گۆڕانكاری دابونەریت و كلتور و جێندەر و یەكسانی، پرۆسەیەكی درێژخایەنەو ماوەیەكی زۆر زۆری دەوێت، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانییە پلانێكی دیاریكراو  نییە لەئێستادا، بۆ ئەوەی هیوامان بە ئەوە هەبێت بڵێین لە ماوەیەكی تردا ئەو نایەكسانی و نادادیە  نامێنێت یان كەمدەبێتەوە. 
هاوڵاتی: بەرپرسانی حكومەت لەكابینەكانی پێشوو و ئەم كابینەیەش زۆر بەڵێنی جیاواز جیاواز بەژنان دەدەن، كە لەئەمری واقعدا بەشێكی زۆر كەمیان جێبەجێكراون؟ قسەتان چییە لەوبارەیەوە؟
سەیوان رۆستەم: ئەگەر سەیری ئەم هەرێمەی ئێمە بكەین زۆر چاكسازی كراوە لەچاو دەوروبەرەكەمان، بە بەراورد لەعێراقیشدا، کە لەیاساكاندا چاكسازی كراوە وەك یاسای كوشتنی ژنان و توندوتیژی و كە لەبەرژەوەندی ژندان، بەڵام كێشەكە دەگەڕێتەوە بۆ كلتورەكە، كە زۆرجار ئەو یاسایانە كاری پێناكرێت، كە نەبوونی سەروەری یاساش یەكێكی ترە لە هۆكارەكان كە كارەكەی قورستر كراوە، بۆیە دەتوانین بڵین زۆر ئیش كراوە، بەڵام ئەوە نییە  كە ئومێدی زۆرمان پێبێت  و وابكات جیاوازی یان توندوتیژی نەهێڵێت، بەڵام هاوتەریب لەگەڵ یاساكان پێویست بەهۆشیاری كۆمەڵایەتی زۆر ورد هەیە كەپێویستە لەهەموو لایەكەوە كاری لەسەر بكرێت.
هاوڵاتی: لەهەرێمی كوردستاندا هێشتا پێویستمان بەئەوە هەیە هۆشیاری سیاسی و كۆمەڵایەتی لای خودی ژن بەرزبكرێتەوە؟
سەیوان رۆستەم: لەهەموو كۆمەڵگەیەكدا مرۆڤ  بەردەوام پێویستی بە نوێكردنەوەی خۆی هەیە، كە هۆشیاری خۆی بەرامبەر گۆڕانكاریەكانی كۆمەڵگە بەرزبكاتەوە، چونكە  هۆشیاری مەبەست لەئەوە نییە ئەو تاكانە پیاو بن یان چەند ناهۆشیارن، تەنیا نوێكردنەوەی بیرو هزری مرۆڤە، بۆیە لەو رووەوە بەڵی هەموو تاكێك لەناویشیاندا ژنان پێویستیان بەو نوێكردنەوەیە هەیە، بۆ ئەوەی ئاگاداری گۆڕانكارییەكان و چۆنیەتی مامەڵەكردن بێت لەگەڵ چواردەوریدا. 
هاوڵاتی: لەئێستادا زۆربەی كات كەژنان رووبەڕووی كاردانەوەیەكی نەشیاو دەبنەوە بەرامبەریان دەكرێت لەلایەن پیاوانەوە رێكخراوەكانی ژنان تۆمەتبار دەكرێن؟
سەیوان رۆستەم: بەداخەوە ئەوە هەیە، بەڵام ئەوە زۆر زۆر بیركردنەوەیەكی چەوتە، بەتەواوەتی دیدێكی زۆر كۆنەپەرستانەیە، چونكە هەموو كەس ئازادە كە چۆن هەڵسوكەوت دەكات، ناكرێت ئەو ئازادیانەی لێ زەوت بكرێت، بەداخەوە ئەمە لەهەموو ئەو كۆمەڵگایانەی كە نەگەیشتوونە ئاستێكی بەرز ژنان تووشی ئەم قسانە دەبنەوە، هێشتا هەر ژنە تاوانبار دەكرێت و تاوانباری سەرەكی باس ناكرێت. 
هاوڵاتی: پێتانوایە حزبەكەی خۆتان (یەكێتی) تاچەند توانیویەتی یەكسانی جێندەری جێبەجێبكات، تا ئێوەش بتوانن سودی لیوەربگرن؟
سەیوان رۆستەم: ئێمە وەك یەكێتی ژنان راستە لەستراتیژی سەرەكیماندا لەگەڵ حزبی یەكێتی نیشتیمانی كوردستانین، بەڵام لەخودی رێكخراوەكە بەتایبەت بۆ ژن و خودی ژنان كاردەكەین، بەڵام بەدڵنیاییەوە یەكێتی هاوكارمان بووە بۆ پاراستنی یەكسانی و مافی ژنان. 
هاوڵاتی: ژنانیش وەك هەر تاكێكی دیكەی كۆمەڵگە بەسەر حزبە جیاوازەكان و ئایدیا جیاوازەكاندا دابەش بوون؟ ئەمە زیانی گەیاندووە بەپرسەكانی ژنان یاخود قازانجی هەبووە؟
 سەیوان رۆستەم: دابەش بوون ئەوە یەكێكە لەئازادییەكانی كەسی، بۆیە ئەوە ئازادییەكە و ئاساییە ژنانیش لەهەڵبژاردنی هەر بیروڕاو حزبێكدا ئازادن، بەڵام گرنگ ئەوەیە ژنان لەمەسەلەی بابەتەكانی ژناندا كۆكبن و كۆدەنگ بن، كاریگەریی هەبووەو زۆر كات بەقازانجی ژنان بووە چونكە وایكردووە ژنان لەهەموو حزبەكان دەنگیان هەبێت و كاریان كردووە، بەڵام چونكە كاركردنی بنەڕەتی و وردی دەوێت، بۆیە زۆر پێوەی دیار نەبووە. بۆیە گۆڕانكارییەكە گەورەكە تەنیا بەدەنگی ژنان و بە رێكخراوەكان نابێت. ئەوەی زۆر گرنگە ژنان لەهەر پۆست و كایەیەكدا كاربكەن گرنگ ئەوەیە خۆیان بیر نەچێتەوەو لەپرسی ژناندا هاوكار بێت و بە بیرێكی ژنانە هەڵسوكەوت بكات.
هاوڵاتی: لەئێستادا ژمارەیەكی زۆر رێكخراوی ژنان هەیە لەهەرێمی كوردستاندا، قسەیەك كە زۆر لەلایەن پیاوانەوە دەكرێت دەوترێت لەگەڵ زۆربوونی رێكخراوەكانی ژنان كەیسەكان زیاترو خراپتر بوون؟ 
سەیوان رۆستەم: بەداخەوە ئەوە دەكرێت، بەڵام ئەوە قسەیەكی زۆر زۆر نادروستە كەدەكرێت، دەیانەوێت خەڵكەكە بەلاڕێدا بەرن و ئەم قسەیە دروستدەكەن، بەداخەوە ئەوە زۆرجار لەسۆشیال میدیاكانەوە دەكرێت كە زۆر دوورە لەو راستیەی لەناو رێكخراوەكاندا دەگوزەرێت، بەڵام هۆكاری سەرەكی ئەوەیە رێكخراو فۆرمێكی تازەیە، بۆ كەسانێك كە بیر تەسكن و ئاگاداری كاری رێكخراوەكان نین. رێكخراو زۆرن بەڵام پرسەكانیش زۆرن، بۆیە هەر یەكەی لەبوارەكەی خۆیدا كار دەكات، چونكە رێكخراو هەیە تەنیا بۆ بواری توندوتیژی كاردەكەن یاخود رێكخراو هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخوێندەواری و زۆر پرسی دیكەی تر كە تایبەت بەژنان. بۆیە لەئەنجامدا دەتوانین بڵێین  بە كۆی هەموو رێكخراوەكان قازانجیان گەیاندووە بەپرسەكانی ژنان ئەگەرچی قازانجەكە كەمیش بێت. ئەو كارەی كە رێكخراوەكان كردوویانە و زۆر گرنگە ئەوەیە وایان كردووە توندوتیژییەكان نەشاردرێنەوە.
هاوڵاتی: لەئێستاشدا لەلایەن هەندێك لە پیاوانەوە ژنان بەپلە دوو هەژمار دەكرێن  لەكۆمەڵگەدا؟ ئەمە چۆن چارەسەر دەكرێت؟
 سەیوان رۆستەم: ئەركی یەكەم لەخێزانەكانەوە دەستپێدەكات كە چۆن ئەو كەسە پەروەردە دەكات و ئاراستەی كۆمەڵگەی دەكات، تاوەكو بەرزترین دەزگای دەوڵەتی كەئەركیەتی  وەك پەروەردە ئەوە بكات ئەو جیاكارییەو پلە دووە نەمێنێت بۆ ژنان، چونكە پێویستی بە بەرنامە و كاركردن هەیە كە بەداخەوە لەزۆر كۆمەڵگەی دنیاو لەكۆمەڵگەی ئێمەشدا هێشتا هەر هەیە. بۆیە بەگشتی ئەوە بیروڕایەكی دواكەوتوانەیە، كە پێیان وایە ژنان توانای هەندێك كاریان نییە، كە زیاتر حساب بۆ كارو هێزی بازوو دەكەن.
هاوڵاتی: خەڵك بەگشتی و پیاوان بەتایبەتی نیشانەیەكی پرسیاریان لەسەر رێكخراوەكانی ژنان  هەیە ئەمە دروستە یان نادروستتە؟
سەیوان رۆستەم: ئەمە بەهۆكاری سەرەكی تێنەگەیشتنی خەڵكە لەكاری رێكخراوەیی بۆیە ئەو شتانەی كە تازەن، ئەو نیشانەیە لە سەریان دروست دەبێت، بۆیە ئیستاش خەڵك هەیە كە بەلایەوە پەسەند نیە كەكێشەیەكی هەبێت پەنا بەرێت بۆ كەسێكی دەرەوەی خێزانەكەی چی بگات بە رێكخراوێك، بۆ چارەسەری كێشەكانی، نازانن كە رێكخراوەكان  كەسانی پسپۆرو دەرونناسیان تێدایەو هەندێك جار تەنیا بەگوێگرتنێك كێشەكانی چارەسەر دەبێت.
هاوڵاتی: چی بكرێت بۆ پاراستنی یەكسانی جێندەری؟ 
سەیوان رۆستەم: یەكسانی جێندەری بەشێكی سەرەكی مافی مرۆڤە، بۆیە ماف و دیموكراسی و یەكسانی جێندەری كۆمەڵە چەمكێكن كاتێك دەتوانی لەكۆمەڵگەدا بكرێن و بەدیبهێنرێن كە وەك بنەمایەكی رێزگرتنی لێبكرێت، هەموو كەس لەكۆمەڵگە لەخێزان لەنێوان دوو تاكدا ئەوە بكرێت و حسابی بۆ بكرێت، واتە مرۆڤ فێربكرێت كە دوبارە دەگەڕێینەوە بۆ پەروەردەو بنەڕەتییەكە.
ئەركی سەرەكی بەرنامەی حكومەتی هەرێمە، چونكە بەرنامەی دیاریكراوی ستراتیژی وڵاتە، بۆ ئەوەی ئەم چەمكانە دروستبكات و هاوكار بێت.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار