سەردانی بەرپرسانمان ناوێت و خزمەتمان دەوێت

نوخشە ناسیح قایمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە بۆ هاوڵاتی:

2 ساڵ لەمەوپێش



ئارا ئیبراهیم

قایمقامی ناوەندی هەڵەبجە لەیادی 34 ساڵەی كیمیابارانكردنی شارەكەیاندا دەڵێت كەدوو مانگ پێش ئێستا داواكاریەكانیان بەسەرۆكی حكومەت گەیاندووەو دەتوانن ئەمڕۆ چوارشەممە لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری جێبەجێكردنی بدەن، دەشڵێت:»سەردانی بەرپرسانمان ناوێت و خزمەتمان دەوێت».
نوخشە ناسیح، قایمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە لەلێدوانێكدا بۆ هاوڵاتی ئاماژەی بەوەكرد كە پارێزگای هەڵەبجە لەوە دەرچووە كەبەرپرسان بێنە شارەكە، وتیشی:» ئێمە نامانەوێت بەرپرس بێتە هەڵەبجە دەمانەوێت كار بۆ خزمەتكردنی هەڵەبجە بكرێت، چونكە دوو مانگ پێش ئێستا بەنووسراوی فەرمی داواكاریەكانمان بۆ سەرۆكی حكومەت ناردووەو دەتوانن ئەمڕۆ لەكۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری لەسەر بدەن و جێبەجێی بكەن».
ناوبراو لەبارەی 34 ساڵەی یادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا هێمای بۆ ئەوەكرد كە بڕیاردراوە ئەمساڵ هاوشێوەی ساڵی رابردوو، كاتژمێر ١٠ی بەیانی پاش وتارێك لەسەر مەزاری شەهیدان تاجە گوڵینە دادەنرێت، وتیشی: « بانگهێشتنامەی فەرمی بۆ هیچ كەسێك نەنێردراوە، بەڵام لەپێشوازی میوانەكاندا دەبین، چونكە ئەم یادە لەدەرەوەی كوردستانیش دەكرێتەوە و پەیوەندیمان پێوە كراوە كە لە رانیە یادی هەڵەبجە دەكرێتەوە، بۆیە پێویست ناكات ئێمە بەكەس بڵێین وەرە بۆ هەڵەبجەو پێویستە خەڵك خۆی بێت.»
هاوكات قایمقامی هەڵەبجە ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، كەئەوان زۆر لەبەرپرسانی باڵای حكومەت نیگەرانن، چونكە تائێستا لەئاستی خواست و داواكاریەكانی ئەواندا نەبووە.
« بەركەوتەی چەكی كیمیایی هەیە تائێستاو دوای ٣٤ ساڵ قەرەنەی چاوی پێویستەو پارە نییە بۆی بكرێت، كەیسی منداڵە ونبووەكانی هەڵەبجە تائێستا هیچ ئەنجامێكی نییەو كەسوكاری شەهید هەیە تائێستا پارچەزەویەكی وەرنەگرتووە»، قایمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە وادەڵێت.
نوخشە ناسیح، ئەوەشی دووپاتكردەوە كەئێستاش نەچووە بچێت و ئەمڕۆ چوارشەممە 16ی ئازاری 2022 كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانەو دەتوانن دڵی هەڵەبجەییەكان خۆشبكەن.
سەرەڕای ئەوەی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە كەوتووەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەڵام هێشتا چەندین بەڕێوەبەرایەتی بۆ دانەنراوەو كێشەی كەمی میلاكیان هەیە.
نوخشە ناسیح باسی لەوەكرد كەپێداویستی بەپارێزگابوونی هەڵەبجە دابین نەكراوە، «ئێمە ناومان پارێزگای هەڵەبجەیە و چەند رێكارێكمان ماوە جێبەجێبكرێن، وەك: دروستكردنی كۆمەڵێك بەڕێوەبەرایەتی و دابینكردنی بودجەیەكی تایبەت بۆ ژێرخانی ئابووری پارێزگاكە».
هێشتا ئەنجومەنی پارێزگای هەڵەبجە بەهۆی ناكۆكییەكانی پارتی و یەكێتی لەبارەی پێوەری دابەشكاری ژمارەی كورسییەكانی و دابەشكردنی پۆستە خزمەتگوزارییەكان یەكلایینەكراوەتەوە.
قایمقامی ناوەندی پارێزگای هەڵەبجە ئەوەشی روونكردەوە كەئەنجومەنی پارێزگا هەبێت باشترە بۆ خزمەتكردنی پارێزگاكە، بەڵام نەبوونیشی رێگر نییە لەبەردەم خزمەتكردنی پارێزگای هەڵەبجەدا.


 

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار