سەرۆکی ئۆکرانیا: جەنگی نادادپەروەرانە و دوژمنکارانە هەمیشە باجێکی قورسی بۆ دوژمنکار دەبێت

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتى
سەرۆکی ئۆکرانیا دەڵێت:" جەنگی نادادپەروەرانە و دوژمنکارانە هەمیشە باجێکی قورسی بۆ دوژمنکار دەبێت".
ئەمڕۆ شەممە 19ی ئازاری 2022، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا، سەرۆکی ئۆکرانیا وتی: "جەنگی نادادپەروەرانە و دوژمنکارانە هەمیشە باجێکی قورسی بۆ دوژمنکار دەبێت."
زیلینسکی داوای کرد سزاکانی سەر روسیا قورستر بکرێن، هەروەها داوای لە سەرکردەی وڵاتە هاوپەیمانەکانی کرد دژە مووشەکی زیاتر بۆ وڵاتەکەی بنێرن، لەبەرئەوەی بە وتەی خۆی، "ئۆکرانیا وەکو پێویست چەکی بەرپەرچدانەوەی ئاسمانی نییە."
لە بەشێکی دیکەی پەیامە ڤیدیۆییەکەیدا سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژە بەوە دەکات، "ئەم شەڕەی روسیا دەبێتە کەوتنێک بۆیان، کەوتنێکی بە ئازار. سەرەڕای ئەو بێهۆشکەرەی لەڕێگەی پڕوپاگەندەی تەلەڤزیۆنیشەوە بە خەڵک دەدرێت، هەست بە ئازارەکەی دەکەن."
زیلینسکی باسی لە دۆخی شاری ماریۆپۆلی باشووری وڵاتەکەی کرد کە تێیدا دەیان کەس پەنایان بۆ ژێرزەمینەکانی هۆڵێكی شانۆ بردووە و رۆژی چوارشەممە کرایە ئامانج.
سەرۆکی ئۆکرانیا وتی، زیاتر لە 130 کەس لە هۆڵی شانۆکە رزگارکراون، بەڵام دەیانی دیکە بەهۆی داروپەردووی هۆڵە رووخاوەکەوە ناتوانن دەربچن.
