هاتوچۆی سلێمانی ڕێکارەکانی خۆی بۆ ڕۆژانی نەورۆز راگەیاند

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی ڕایگەیاند:" سەرجەم کامێراکانی چاودێری خێرای لە ناوشارو ڕێگاوبانەکانی دەرەوەو ناوچە گەشتیارییەکانی دەستنیشان کراوەو بە خشتەیەک دادەنرێن.
ئەمڕۆ شەممە 19ی ئازاری 2022، لە راگەیاندراوێکدا بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی سلێمانی بڵاویکردەووە، ''پاش زنجیرەیەک لە کۆبوونەوە بەسەرپەرشتی بەڕێوەبەری هاتووچۆی سلێمانی لەگەڵ سەرجەم بەڕێوەبەری بەش و هۆبە و بەڕێوەبەرێتییەکانی ناوشار و دەرەوەی شار و سەرجەم ئەو ناوچانەی کە گەشتیار و سەیرانگاکان و هاوڵاتییان بە گشتی ڕووی تێدەکەن، بە پلانێکی تۆکمە و گونجاو و دیراسەکراو ئەرکەکانی دابەش کراوە، بەڕەچاوکردنی هەموو ئەگەرە هاتووچۆییەکان و بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و گەشت و گوزار. هەروەها بۆ نەهێشتنی دیاردەی سەرکێشی و دیاردەی خێرایی کە هۆکاری ڕووداوە نەخوازراوەکانە.''
ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە، ''سەرجەم کامێراکانی چاودێری خێرای لە ناوشارو ڕێگاوبانەکانی دەرەوەو ناوچە گەشتیارییەکانی دەستنیشان کراوەو بە خشتەیەک دادەنرێن.''
ئەوەشخراوەتەڕوو، ''ئەو لەمپەڕە پلاستیکییانەی بەردەم بازگەو خاڵەکانی پشکنین (بەشێوەیەکی کاتی) دانراوە لادەبرێت بەمەبەستی نەهێشتنی دیاردەی قەتیس بوون و ڕیزبەندی ئوتومبیلەکان لەکاتی گەڕانەوەی شۆفێران لە سەیرانگاکاندا.''
باس لەوەشکراوە، ''وێڕای کاراکردنی تیمی فڕۆکەوانی هاتووچۆی سلێمانی بۆ چاودێریکردنی ڕەوشی هاتووچۆ و پێدانی زانیاری دۆخی قەرەباڵغی ڕێگاوبانەکان بە کۆنترۆڵی هاتووچۆ بەمەبەستی چارەسەری خێرا و گونجاو بۆ هەر پێشهاتێک. بەرچاوڕوونی تەواو دراوە بە ئەفسەران و کارمەندانی هاتووچۆ بە هاوکاری تەواوی هاوڵاتییان بە گشتی و بە شۆفێران بە تایبەتی، وە هەماهەنگیکردن لەگەڵ سەرجەم دام و دەزگاکانی راگەیاندن لەم ڕووەدا.''
هاتووچۆی سلێمانی داوا لە شۆفێران دەکات هاوکارمان بن لەسەرخستنی پلان و کارەکانمان کە ئامانجی سەرەکیمان فەراهەمکردنی ڕەوشێکی هاتووچۆیی لەبار و ئارام و سەلامەت بە پابەندبوونیان بەکۆی گشتی یاساو ڕێنماییە هاتووچۆییەکان و خۆیان بەدووربگرن لە خێرایی لێخوڕین وە مەیخواردنەوەی شۆفێران بەتایبەتی.''
