پارێزگاری هەولێر: چاوەڕێ دەکەین لە رۆژانی نەورۆزدا 200 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێر بکەن

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند:" چاوەڕێ دەکرێت لە رۆژانی نەورۆزدا زیاتر لە 200 هەزار گەشتیاری دەرەوەی هەرێم سەردانی شوێنە گەشتیارییەکانی پارێزگای هەولێر بکەن". دەڵێت:" بردنی چەک بۆ سەیرانگەکان و تەقەکردن بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە".
ئەمڕۆ شەممە 19-3-2022، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێرلە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند:" سبەی یەکشەممە لەکاتژمێر 4:00ی ئێوارەی ئاهەنگی نەورۆز لە پارکی شاندەر دەکرێتەوە و مەشخەڵی ئاگر دادەگیرسێنرێت، هەروەها لیژنەی ئەمنی پارێزگا و ڤیستیڤاڵی نەورۆزی هەولێر هەمو ئامادەکارییەکانیان تەواوکردوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، لەچەند رۆژی رابردودا رۆژانە تەنها لەبازگەکان زیاتر لە 10 هەزار کەس لەناوچەکانی ناوەڕاست و خواری عێراقەوە ڕویان لە سنوری پارێزگای هەولێر کردوە، بەوهۆیەش لە زۆرێک لە هۆتێل و شوێنە گەشتیارییەکان هیچ جێگایەک بۆ پێشوازی لە گەشتیاران نەماوە، هەروەها چاوەڕێ دەکەن لە رۆژانی نەورۆزدا 200 هەزار گەشتیار سەردانی هەولێر بکەن.
پارێزگاری هەولێر ئەوەشی خستەرو، بۆ رۆژانی نەورۆز هێزە ئەمنییەکان، بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، تەندروستی، گەشتوگوزار و سەرجەم لایەنەکانی دیکە لە ئامادەباشیدان بۆ ئەوەی هاوڵاتیان سەیران و نەورۆزێکی ئارام و سەقامگیر ئەنجام بدەن.
