مەلا بەختیار: چین و توێژەکان هەفتانە کێشەکانیان کەڵەکە دەبن و ناڕەزاییان پەرە دەسەنێت

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی رایگەیاند:" نەبوونی مووچە یان کەم مووچەیی، کاریگەری دەرونی لەسەر چین و توێژەکان و راپەڕاندنی ئەرکەکانی پەروەردە و فەرمانگەکانیش هەیە، چین و توێژەکان، هەفتانە کێشەکانیان کەڵەکە دەبن و ناڕەزاییان پەرە دەسەنێت".
ئەمڕۆ شەممە 19-3-2022، مەلا بەختیار لە پەیجی فەرمی خۆی لە فەیسبوک رایگەیاند:" مامۆستای وانەبێژ.. تویژێکی ماندووی بواری پەروەردەن، زۆر گرنگن. ژیانیان سەختە و بەو هاوکارییە کەمەی پێیان دەدرێ، ژیانیان بە کولەمەرگی دەچێتەسەر، بەتایبەتی ئەو مامۆستایانەی لە دەرەوەی شارەکان و دێهاتەکان وانە دەڵێنەوە. هەقوایە حکومەت، ئاوڕێکی بەرپرسیارانەیان لێ بداتەوە و ئیتر دەست بکرێت بە دامەزراندیان، دامەزراندنیشیان جگە لەوەی هەزاران کەس سەرفرازی موچە دەکرێ، بۆ بواری پەروەردە و زانست و پەرەسەندنی فەلسەفەی خوێندنیش، زۆر گرنگە."
باسی لەوەشکردوە: "بێ موچەیی، یان کەم موچەیی، کاریگەری دەرونی لەسەر چین و توێژەکان هەیە. تەنانەت کاریگەری نالەباری لەسەر راپەڕاندنی ئەرکەکان و پەروەردە و فەرمانگەکانیش هەیە!"
مەلا بەختیار داوای دامەزراندنی کارمەندانی گرێبەستی تەندروستیش دەکات و نوسیویەتی: "دوو ھەزار کارمەندی تەندروستیش، حەوت ساڵە بەگرێبەست، ئەرکەکانیان بەتایبەت لەکاتی پەتای کۆرۆنادا رادەپەڕاندو ژیانی خۆیان خستبووە مەترسییەوە، ھەقە ئەمانیش، پاداشتی ئەو ماندووبونەیان دامەزراندنیان بیت."
