سەرۆکی حکومەت: گەلی کوردستان ئێستاش بەردەوامە لە خەبات لەپێناو پاراستن و بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی

4 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند:" گەلی کوردستان، ئێستاش بەردەوامە لە خەبات لەپێناو پاراستن و بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی، "ئامادەش نییە لە ژێر هیچ گوشارێکدا، دەستبەرداری خواست و مافە نەتەوەییەکانی ببێت">
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا پیرۆزبایی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردیی لە کوردستانیان، بەتایبەتی هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی شەهیدان و ئەنفالکراوان کردووە، داوایش لە هاونیشتمانیان دەکات کە لەکاتی گەشت و سەیرانەکانیاندا "پاکوخاوێنیی ژینگەکەیان بپارێزن و رێنماییەکانی هاتووچۆش جێبەجێ بکەن".
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، گەلی کوردستان، ئێستاش بەردەوامە لە خەبات لەپێناو پاراستن و بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی، "ئامادەش نییە لە ژێر هیچ گوشارێکدا، دەستبەرداری خواست و مافە نەتەوەییەکانی ببێت".
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا مەسرور بارزانی دەڵێت، "لەم بۆنەیەدا جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە، هەرێمی کوردستان وەکو هەمیشە فاکتەرێکی گرنگی سەقامگیری و ئارامی دەبێت لە ناوچەکەدا و هیچ کاتێک مایەی هەڕەشە و مەترسی نەبووە بۆ هیچ لایەک، بەڵکو بە پێچەوانەوە، بەردەوام لەپاڵ بەرگریکردنی لە مافە دەستوورییە رەواکانیدا، رۆڵی گرنگ و دیاریشی لە برەودان بە كولتووری لێبوردەیی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جۆراوجۆەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا گێڕاوە".
دەقی پەیامەکەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە:
بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردی، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی گشت کوردستانيان، بەتایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ و کەسوکار و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان دەکەم. هیوادارم رۆژانی پشوو، لە کەشێکی ئارام و شادی و خۆشیدا بەسەرببەن. داوا لە هاونیشتمانیانیش دەکەم، لە کاتی گەشت و سەیرانەکانیاندا، پاکو خاوێنی ژینگەکەیان بپارێزن و رێنماییەکانی هاتووچۆش جێبەجێ بکەن.
لە درێژایی مێژوودا، نەورۆز بۆ گەلی کوردستان، هەمیشە سیمبولی خۆڕاگری و بەرەنگاربوونەوەی ستەم و زۆرداری و درێژەدان به خەبات و ئازاديی و ڕزگاربوون بووە. گەلی کوردستان، ئێستاش بەردەوامە لە خەبات لە پێناو پاراستن و بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی، ئامادەش نییە لە ژێر هیچ گوشارێکدا، دەستبەرداری خواست و مافە نەتەوەییەکانی ببێت.
لەم بۆنەیەدا جارێکی دیکە دووپاتی دەکەینەوە، هەرێمی کوردستان، وەک هەمیشە فاکتەرێکی گرنگیی سەقامگیریی و ئارامیی دەبێت لە ناوچەکەدا و هیچ کاتێک، مایەی هەڕەشە و مەترسیی نەبووە بۆ هیچ لایەک، بەڵکو بە پێچەوانەوە بەردەوام لە پاڵ بەرگریکردنی لە مافە دەستوورییە ڕەواکانیدا، ڕۆڵی گرنگ و دیاریشی لە برەودان بە كولتووری لێبوردەیی و بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی پێکهاتە جۆراوجۆەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا گێڕاوە.
نەورۆزتان پیرۆز بێت. خوای مەزن کوردستان و کوردستانییان بپارێزێت.
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
