قەیرانی دارایی نەبووایە لەهەرێم كارەبای یەدەگمان دەبوو دەمانتوانی بیفرۆشینەوە

ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی كارەبای حكومەتی هەرێم بۆهاوڵاتى:

2 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: ئارا ئیبراهیم

وتەبێژی كارەبای حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە هەموو ژێرخانی كارەبا بوونی هەیە بۆ دابینكردنی كارەبای 24 كاتژمێری، بەڵام دابین نەكردنی بودجە و سوتەمەنی دوو فاكتەری سەرەكین كە لەدەرەوەی توانای وەزارەتەكەیاندایە، دەشڵێت:» قەیرانی دارایی نەبوویایە لەهەرێم كارەبای یەدەگمان دەبوو دەمانتوانی بیفرۆشینەوە».
ئومێد ئەحمەد، وتەبێژی كارەبای حكومەتی هەرێم لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ

هاوڵاتى، ئاماژە بەوەدەدات كە ئەگەر پلەكانی گەرما بەرز ببێتەوە دوو تا سێ كاتژمێر كارەبا دەتوانین رۆژانە زیاتر بدەین بەهاووڵاتیان، ئێستا كە 12 كاتژمێر كارەبا دەدەین ئەوكات 14 تا 15 كاتژمێر كارەبا دەدەین لەمانگی نیساندا.

هاوڵاتى: وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێم باسی لەوەكرد كە بۆ مانگی نیسان كاتژمێرەكانی پێدانی كارەبای نیشتمانی زیاد دەكات بۆ هاووڵاتیان، مانگی رابردوو 10 بۆ 12 كاتژمێر بووە؟ چەند زیاد دەكرێت؟
ئومێد ئەحمەد: ئەگەر بە دیاریكراوی دیاربووایە جەنابی وەزیر باسی دەكرد، بەڵام گرفتەكەی ئێمە لەوەدایە كە نامانەوێت بكەوینە ناو ئەو واقعانەی كە چەند كاتژمێرێک بڵێن و وا دەرنەچێت، لەمێژووی ساڵانی رابردوو ئێمە لەناو وەرزی بەهار بەساڵنامە، هەتا ئەمڕۆ  كە گفتوگۆ دەكەین لەناو مەوسمی زستانداین، بەرهەمی كارەبا 300 مێگاوات لەبەرنامەی چاكسازیدا بۆ مانگی نیسان دەگەڕێتەوەو بەر مەبنای ئەوە وەزیری كارەبا وتوویەتی كاتژمێرەكانی كارەبا زیاتر دەبێت، بەڵام چەند دەبێت هێشتا روون نییە، لەبەرئەوەی نازانرێت مانگی نیسان، بە كرداری مانگی چوار دەبێت لەڕووی كەشوهەواوەو پلەكانی گەرما بەرزدەبێتەوە یان شەپۆلی سەرماو باران دەبارێت.
ئەگەر پلەكانی گەرما بەرز ببێتەوە دوو تا سێ كاتژمێر كارەبا دەتوانین رۆژانە زیاتر بدەین بەهاووڵاتیان، ئێستا كە 12 كاتژمێر كارەبا دەدەین ئەوكات 14 تا 15 كاتژمێر كارەبا دەدەین لەمانگی نیساندا، بەڵام مەوجەی سەرماو شەپۆلی نائاسایی هەیە، لەزۆربەی ناوچە شاخاوییەكان لە رۆژی نەورۆزدا بەفر باریوە.
ئێمە زۆرترین خواستی كارەبا لەوەرزی زستاندا بووەو هەمیشە كارەبا بەدیلی خۆگەرمكردنەوە بووە.

هاوڵاتى: تائێستا ملیۆنێك و 250 هەزار هاوبەشی كارەبا پێوەری زیرەكی بۆ بەستراوە، چەندی دیكە ماوە بۆیان ببەسترێت؟ كەی دەخرێتە كار؟
ئومێد ئەحمەد: 500 هەزار زیاتر هاوبەشی كارەبا ماوە پێوەری زیرەكی بۆ ببەسترێت، ئەمە تەنها پێوەرە زیرەكەكانە، هێشتا سۆفت وێرەكەی بڕیارە لەمانگی شەشی ئەمساڵدا تەواو ببێت و زائیدەن سەنتەری كۆنترۆڵەكەی تەواو ببێت ئەوكات بەدڵنیایی پرۆژەی پێوەری زیرەك ئامانجەكەی خۆی دەپێكێت.

هاوڵاتى: كارەبا بەپێوەری زیرەک چل ئەمپێر دەدرێت بەهاووڵاتیان یان كەم و زیاد دەكرێت؟
ئومێد ئەحمەد: ئەوانەی پێوەری زیرەكیان هەیە تا ئەم دەقەیە چل ئەمپێرە، ئەوەی لە رابردوودا كردمان بەتایبەت لەم وەرزی زستانەدا كە جەوەكە زۆر ساردبوو ناچاربووین بیكەینە 30 ئەمپێر بۆ ئەوەی  وێستگەكانی كارەبا تووشی سوتان و گرفتی گەورە نەبن لەم قەیرانی داراییەدا نەتوانین چاكیان بكەینەوە، بەڵام راستەوخۆ دوای مانگی شوبات كردمانەوە بەچل ئەمپێر.

هاوڵاتى: ئاستی بەرهەمهێنانی كارەبا لەنێوان سێ هەزارو 200 تا سێ هەزارو 400 مێگاواتدایە كە وەزیری كارەباش دەڵێت كێشەی سوتەمەنیمان هەیە نەك ژێرخانی كارەبا بۆ ئەمە چارەسەر ناكرێت؟
ئومێد ئەحمەد: ئەو غازەی كە هەمانە لەدوو سەرچاوەوەیە، سەرچاوەی غازی كۆرمۆر داناغازو ئەوی دیكە لەكێڵگەی خورمەڵە، ئێمە بەهەردووكی 550 ملیۆن پێ سێجا غازمان هەیە، بەڵام بۆ دابینكردنی سوتەمەنی بۆ چارەسەر ئەو وێستگانەی بەغاز كاردەكەن پێویستمان بە 950 تا هەزار ملیۆن پێ سێجا غاز هەیە، بۆ ئەمە بەرهەمی غازی زیاد بكرێت و پایەر پلانی وێستگەی غازی دهۆك كە هەزار مێگاوات كارەبا دەدات بەداخەوە ئەوە راوەستاوە، ئەو كارە كاری وەزارەتی سامانە سروشتییەكانە كە هەماهەنگیمان هەیەو داتاو ژمارەكانمان پێداون، ئەوان كاریان لەسەر كردووەو بڕیاریانداوە جێبەجێی بكەن.

هاوڵاتى: بەڕێزتان لە چاوپێكەوتنێكی هاوڵاتى كە شەش مانگ لەمەوبەر ئەنجامتاندا باستان لەوەكرد كە پێش تەواوبوونی كابینەی نۆیەم دەتوانین كارەبای 24 كاتژمێری بۆ هاووڵاتیان دابین بكەین، ئەگەر بودجەو پێداویستییەكان لەبەردەستدا بێت؟ ئێستاش هەمان قسە دەكەنەوە كە كابینەی نۆیەم تەنها شەش مانگێكی ماوە؟
ئومێد ئەحمەد: ئێمە دامەزراوەیەكی هونەرین بیردەكەینەوەو پلانمان هەیەو ماستەرپلانمان هەیە، بەڵام هەموو فاكتەرەكانی تەحقیق بوونی ماستەرپلانەكەمان لای ئێمە نییە، ئێمە كاردەكەین و محەتەی مۆبایل دادەنێین و خەت رادەكێشین و كێشەی هونەری دروست دەبێت چارەسەری دەكەین و چاكسازی دەكەین، بەڵام ئەوەی لەدەرەوەی ئیرادەی ئێمەیە دوو شتە، یەكێكیان پارەیە كە لای ئێمە نییەو ئەوی دیكەشیان سوتەمەنییە ئەویش لای ئێمە نییە.
ئێمە كە وتوومانە ئەوە هەنگاوەكانی ئێمەیە ئەمە جێبەجێ بكرێت دەگەینە ئەوە رەنگە ئەو وردەكارییە تەفسیلییە پێویست نەبێت بۆ خەڵك، دەمانەوێت لەكۆتایی پرۆسەكەدا كەرتی كارەبا بگەیەنین بەكەناری ئارامی، ئەمانەمان هەموو ئامادە كردووە کاتێ: دەڵێین ئەم هەنگاوەی تر دەڵێن پارە نەما، كاتێك كە دەڵێین با ئەوە بكەین دەڵێن سوتەمەنی نییە، ئەمە ناكاتە ئەوەی كە وەزارەتی كارەبا لۆمەكەی بچێتەسەر.

هاوڵاتى: ئایا بەرچاوڕوونیتان داوە بەحكومەتی هەرێم لەبارەی دابینكردنی بودجەو سوتەمەنی بۆ گەیشتن بەكارەبای 24 كاتژمێری؟
ئومێد ئەحمەد: نەك ئەوە پرۆژەكان خۆیان قسە دەكەن، بۆ نموونە دروستكردنی وێستگەیەكی 400 وەحدەیی ئەوەندە ملیۆن دۆلارە، راكێشانی خەتێكی سەدو سی و دوو كەیڤی ئەوەندە بودجەكەیەتی دەیان پرۆژەی وامان دەوێت.
ئێمە بۆ سوتەمەنی پێویستمان بە 500 ملیۆن پێ سێجای دیكەیە كە ئامادە بكرێت بۆ وێستگەكانی غازی كارەبا، ئەوەیان لای وەزارەتی سامانە سروشتییەكانە، ئەگەر تەواوی ژێرخانی كارەبا لەكاردابێت ئێمە هەموو مانگێك بەلانی كەمەوە سەد ملیۆن دۆلارمان دەوێت بۆ كڕینی وزە، ساڵانە ملیارێك و دووسەد ملیۆن دۆلار دەكات، ئنجا پرۆژەی 400 محەتەیمان بەدەستەوەیە و چەندین پرۆژەی دیكە، تەواوكردنی پێوەری زیرەكمان ماوەو هەمووی پاكێجێكە ئەمانەش پرۆژەی ملیار دۆلارین بۆ كارەبای نیشتمانی.
بودجە فاكتەرە بەهێزەكەیە، بەڵام ئەمە كاتی دەوێت، بیناكرنی محەتەیەكی 400 مێگاواتی ساڵێكی دەوێت، راكێشانی هێڵێكی 132 كەیڤی شەش بۆ 10 مانگی دەوێت، ئێمە بەداخەوە لەساڵی 2014 تائێستا كە هەشت ساڵ دەكات جۆرێك لەوەستاندا ژیاوین و ژێرخانەكانمان بردووە بەڕێوەو ئیدارەی ئەوەمان كردووە كەهەمانەو داومانە بەهاوبەشانی خۆمان كە لەبەردەستدا بووە.
ئەگەر قەیرانی دارایی نەبوویایە لە 2014داو ساڵانە بودجەمان هەبووایە و بەشی وەزارەتی كارەبا تەرخان بكرایە، ئێستا ئێمە خاوەنی كارەبای یەدەگ دەبووین و دەمانتوانی كارەبا بنێرینە دەرەوەو شتی گەورە بكەین. 

هاوڵاتى: پێوەری زیرەك كە تەواو بوو یەكێكە لەو پاكێجەی كە یارمەتیدەر دەبێت بۆ بەفیڕۆ نەدانی كارەبا؟
ئومێد ئەحمەد: یارمەتیدەرەو باسی ئیمتیازەتەكانیمان كردووەو كۆنترۆڵی خواست دەكات و ئەویش ئامانجی خۆی هەیەو پێویستت بەفراوانكردنی تۆڕەكان هەیە.

هاوڵاتى: ئێستا لەلایەن كەرتی تایبەتی هەرێمەوە كارەبا دەدرێت بەموسڵ و كەركوك، بۆچی هەوڵنادەن بەشێك لەو كارەبایە بۆ هەرێم دابین بكەن؟
ئومێد ئەحمەد: كەرتی تایبەت لەماوەی رابردوو لە 2014 شایستە داراییەكانمان بۆ خەرج نەكردوون و گرێبەستمان هەبووە كەوزەكەیان لێ بكڕین، لێمان نەكڕیوون، ئەوەشی كە پێیان داوین شایستە داراییەكانمان پێنەداون، لە 2017 ئێمە سووتەمەنیمان نەبووە بۆیان دابین بكەین، بۆیە رێگەمان پێدان سوتەمەنیان بۆ دابینكراوە لەلایەن حكومەتی عێراقییەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە هەندێ وەبەرهێنەرمان هەبووە بیانی بوون وەك وەبەرهێنی بیانی نەبووەو راناوەستان، نموونەی خەتی توركی كە كارەباكەیان بڕی نموونەی كۆمپانیای ئەدریكۆ لەگەرمیان كە دەبوو مانگانە پارەیان پێبدرێت، بەڵام بەسوپاسەوە وەبەرهێنەرە ناوخۆییەكان، كۆمپانیاكانی(ماس لەسەروو هەموویانەوە، قەیوان، كار) هەرسێكیان قەرزاری ماددی ئەوانین.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار