شێرکۆ جەودەت: سکاڵا لەسەر حکومەتی هەرێم پێشکەش دەکەین
.jpg)
3 ساڵ لەمەوپێش
هاوڵاتی
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند:" ئەمڕۆ لە رێگەی دەستەی سەرۆکایەتی داواکاری گشتی هەرێمەوە سکاڵا لەسەر حکومەتی هەرێم پێشکەش دەکەین. دەشڵێت، "یەکێتی و پارتی تەنها دەیانەوێت کۆنترۆلی هەموو داهاتەکان بکەن و بە زەبری پارە دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن".
ئەمڕۆ یەکشەممە 10ی نیسانی 2022، شێرکۆ جەودەت، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لە پەرلەمانی کوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "لەسەر دۆسیەی بودجە و موچەی فەرمانبەران، ئەمڕۆ سکاڵا لە رێگەی داواکاری گشتییەوە لەسەر حکومەتی هەرێم پێشکەشدەکەین و لە رێگەی سکاڵاکەیانەوە دۆسییەکی یاسایی و دادگایی دژ بە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەینەوە."
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی دەشڵێت:" هۆکاری سکاڵاکەمان لەسەر ئەوەیە کە یاسای بودجە نایەتە پەرلەمانی کوردستان و پارە لە بانکەکاندا دیار نامێنێت و بەبێ هۆ دابەشکردنی موچە دوادەخرێت لەکاتێکدا پارەیەکی زۆری نەوتی و داهاتی دیکە لە هەرێمدا هەیە".
هەروەها ئاماژەی بەوەش کردووە: "دەستێوەردان لە داهاتی سلێمانی دا دەکرێت و شتی مەترسیدارتریش بەرێوەیە. لەم هەرێمەدا سیستەمی مەرکەزی بوونی نییە تا لا مەرکەزی هەبێت! هێشتا داهات کۆ ناکرێتەوە، دوو پێشمەرگە و دوو ئاسایش بوونی هەیە، ناتوانن مووچەی کارمەندانی پاککەرەوە دابین بکەن ئیتر لا مەرکەزییەتی چی، یەکێتی و پارتی تەنها دەیانەوێت کۆنترۆلی هەموو داهاتەکان بکەن و بە زەبری پارە دەسەڵاتی خۆیان بسەپێنن".
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو لەپەرلەمانی کوردستان باسی لەوەشکرد، جێگری سەرۆکی حکومەت دەڵێت "باسی سلێمانی مەکەن"، ئەی کێیە پارەی سلێمانی لە بانکەکان دەردەهێنێت و رێککەوتنێکی شڵەژاوی لە هەرێمی کوردستان لەنێوان یەکێتی و پارتی واژۆکردووە بێ ئەوەی ئەوەی لەبەرچاوگرتبێت کە سلێمانی داهاتی کەمترە لە چاو خەرجییەکانی."
هەروەها جەختیکردەوە، "هەموو مانگێک موچە خۆرانی سلێمانی دەبنە قوربانی ئەو کورتهێنانەی لە داهات و خەرجییەکانی سلێمانی روودەدات."
شیرکۆ جەودەت ئاماژەی بەوەشدا، قەیرانی گەورە لە هەرێمی کوردستان هەیە، حکومەت ناتوانێت غازی سروشتی بۆ هاوڵاتییان دابین بکات، بەڵام باس لە هەناردەکردنی غازی سروشتی دەکرێت بۆ وڵاتانی ئەوروپا. ئەمە واتای ئەوەیە کە بڕیاردەری حکومڕانی لە هەرێمی کوردستان ئاگای لە دنیا و واقیعی هەرێمی کوردستان نییە.
