كەسوكاری ئەنفالكراوان هەست بەشكۆمەندی ناكەن كەتۆمەتبارانی ئەنفال لەبەردەمیاندا هاتوچۆ دەكەن

عومەر محەمەد، نووسەری كتێبی ئەنفالستان بۆ هاوڵاتی: 

2 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: ئارا ئیبراهیم

نووسەری كتێبی ئەنفالستان دەڵێت كە دۆسییەی ئەنفال زۆر قوڵ و ئاڵۆزەو هەندێ جار نەك جاشەكان ئەفسەرەكانیش هەڵخەڵەتێندراون، دەشڵێت:» جاشم مقابەلە كردووە كە برای خۆی ئەنفال كردووە».
عومەر محەمەد نووسەری كتێبی ئەنفالستان، لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دەشڵێت پێویستە حكومەتی هەرێم هەماهەنگ بێت بۆ دادگایی كردنی هەموو ئەو تۆمەتبارانەی ناویان هەیە لەدادگای باڵای تاوانەكانی عێراق.
هاوڵاتی: كتێبێكتان نووسیوە لەبارەی شاڵاوی ئەنفالەوە چی بۆ كەسوكاری ئەنفال هێناوەتە كایەوە بەتایبەت كاربەدەستان؟
عومەر محەمەد: تاكو ئێستا لەلایەن وەزارەتی شەهیدانەوە بۆ نووسینی كتێبەكەم هیچ پێشوازییەكم نەبینیوە، لەڕاستیدا هەر ئەو رۆژی مەراسیمی بڵاوكردنەوەی كتێبەكەش كەسم نەبینی لەوەزارەتی شەهیدان ئامادە بێت و دەستخۆشیان كردبێت.
ساڵانێكی زۆر لەو مەجالەدا كارم كردووەو ئیشی رۆژ و دوو رۆژ نەبووەو ئیشی 10 بۆ 15 ساڵە، لە راستیدا ساڵی 2006 بڕی 400 هەزار دینار هاوكاری گۆڤارەكەیان كردووەو لەدوا لاپەڕەیدا ئاماژەم پێكردووە و داوام لێنەكردبوون، بەڵام لەسەر كتێبەكەم هیچ كاردانەوەیەكیان نەبووە.
هاوڵاتی: چ چیرۆكێكت لەلایە لەناو كتێبەكەتدا دەربارەی ئەنفال كە جەوهەری بێت؟
عومەر محەمەد: لەكتێبەكەمدا دیدیاو چاوپێكەوتنم ئەنجامداوە لەخانەقینەوە تا زاخۆ، هەموو ئەوانەی جاش و موستەشار بوونەو مقابەلەم كردوون دانبەوەدا دەنێن كە بەشداربوون لەتاوانی ئەنفالدا، بەڵام دەڵێن نەیاندەزانی كەئاوایە، جۆرێك لە راستی لەقسەكانیاندا هەیە.
دۆسییەی ئەنفال زۆر قوڵ و ئاڵۆزە هەتا نەچیتە ناوی نازانی چەند ئاڵۆزە، هەندێ جار نەك جاشەكان ئەفسەرەكانیش هەڵخەڵەتێندراون، مەسەلەن جاشم مقابەلە كردووە كە برای خۆی ئەنفال كردووە، دەڵێت:» كاتێك كە براكەمم تەسلیم كرد خۆ هەر براكەم نەبوو، 10 بۆ 12 ئامۆزاو پورزای خۆمم لەگەڵدا بوو لەبەرئەوەی پێیان وتین كە دەبێت براكەشت بهێنی لەبەرئەوەی مەكرەمەیەكی سەید رەئیس هەیە بۆ ئەوەی براكەت بێبەش نەبێت»، دەبێت ئەوەش لەبەرچاوت بگریت، ئەم دۆسییانە وردو ئاڵۆزن، جاشەكان زۆر رۆڵی خراپ و دڕندانەیان بینیوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەڵخەڵەتاندنی تێدا بووە».
هاوڵاتی: چی كراوە بۆ كەسوكاری ئەنفالكراوان كە بەشێك لەزامەكانیان ساڕێژ بووبێت؟
عومەر محەمەد: حكومەتی هەرێم بۆ كەسوكاری ئەنفالكراوان مووچەو مینحەی بۆ بڕیونەتەوە و زەوی پێداون و منداڵەكانیان لەزانكۆو پەیمانگاكان دەخوێنن لەسەر حسابی وەزارەتی شەهیدان و پارەیان بۆ خەرج دەكرێت، بەڵام ئەوە مافێكی سەرەتایی خۆیانە.
ئەوەی لەهەرێمی كوردستان دەگوزەرێت ئەوەیە كە كەسوكاری ئەنفالكراوان هەست بەشكۆمەندی ناكەن لەبەرئەوەیە تۆمەتبارانی كەیسی ئەنفال لەبەردەمیاندا هاتوچۆ دەكەن و بێمنەتن لێیان و ناچنە بەردەم دادگا و بەلایەنی كەمەوە ئەوانەی بەشداری تاوانی ئەنفالیان كردووە هەست بەشەرمەزاری ناكەن، واتا ئامادە نین داوای لێبوردنیش بكەن، ئەمەیە كە كەسوكاری ئەنفالكراوانی ئەزێت داوەو هەتا خەڵكی ئازادیخوازی كوردستانی ئەزێت داوە.
هاوڵاتی: پێتانوایە ئەوانەی تۆمەتباران بەكەیسی ئەنفال لەلایەن دەسەڵاتەوە داڵدە دراون؟
عومەر محەمەد: بێگومان ئەوانە داڵدە دراون و ئەوە هیچ گومانی تێدا نییە، ئەوەی كە بۆ هەرێم بووەتە مایەی ئابڕوومەندی ئەوەیە كە دادگای حكومەتی عێراق داوای دادگایی كردنی تۆمەتبارانی ئەنفالی كردووەو حكومەتی هەرێمی كوردستان ئامادە نەبووە بیانگرێت و تەسلیمی دادگای عێراقیان بكات، بەپێچەوانەوە زۆربەیان لەناو حزبەكاندا هەن و هەندێكیان بكوژی راستەوخۆشن نەك تەنها گومانیان لەسەر بێت كە جاش یان موستەشار یان بەعسی بووە، خەڵك هەبووە بەعسی بووەو چەكدار نەبووەو بەشداری تاوانەكەی كردووە كە هانی خەڵكی دابێت و هەموو ئەمانە تۆمەتبارانی دۆسییەكەن.
ئەو بەڵگەو دیكۆمێنتانەی لەسەر لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال هەیە لەدادگای عێراق بوونی هەیەو بڵاوكراوەتەوەو دادگا داوای كردوون.
بەگریمان دایبنێن ئەو دادگایەی عێراق دایمەزراندووە كەمتەرخەمی دەنوێنێت لەدۆسییەی محاكەمەكردنی تۆمەتبارانی ئەنفالدا، دەبوایە حكومەتی هەرێم دەستگیریانی بكردایەو رەوانەی دادگایانی بكردایە.
هاوڵاتی: ناكرێت لەهەرێمی كوردستان ئەو كەسانە دادگایی بكرێن؟
عومەر محەمەد: ئەوە ناكرێت دادگایی كردنی تۆمەتبارانی ئەنفال یاساو رێسای خۆی هەیە كەشاڵاوی ئەنفال جینۆسایدەو بەندە یاساییەكانی ئەوەیە كە پابەندبن بە جەرائیمی نێودەوڵەتییەوە ئەگەر دادگایەك لەعێراقیش دابمەزرێت دەبێت لەسەر بنەمای دادگای نێودەوڵەتی دابمەزرێت، لەبەرئەوەی تۆمەتباری جینۆساید خەسڵەتی تاوانەكە نێودەوڵەتییەو ئەگەر تۆمەتبارێكی كۆمەڵكوژی هەڵەبجە یان ئەنفال و ئەنفالی بارزانییەكان ئەگەر لەبەریتانیا یان لەوڵاتانی دیكەی ئەوروپا كەسێك سكاڵایان لەسەر تۆمار بكات دەستگیردەكرێن یان دادگایی دەكرێت یان رەوانەی دادگاییەكانی عێراق دەكرێنەوە كە شوێنی تاوانەكە بووە.
بۆ نموونە هەلومەرجی سیاسی خراپ هەبێت لەعێراقدا هەیەو عێراق قبوڵی ئەوە ناكات ئەوكات ئەو وڵاتە خۆی دادگایی دەكات، خەسڵەتەكەی جیاوازە.
هاوڵاتی: هەموو ساڵێك لەیادی شاڵاوی تاوانی ئەنفالدا داوای دادگایی كردنیان دەكرێت و دوای تەواوبوونی یادەكە باسەكە دادەخرێت، چارەسەری ئەمە چییە؟
عومەر محەمەد: چارەسەر ئەوەیە كە عێراق دەوڵەتێكی تەندروست و سەلیم بێت حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوكاری بێت لەگەڵیدا كە نەك هەر موستەشارو جاشە كوردەكان هەموو ئەوانەی دەستیان تێیدا هەبووەو ناویان هەیە دادگایی بكات، لەبەرئەوەی دەوڵەتێكی سەلیم و تەندروستی هەبێت.
ئەگەر عێراق و هەرێمی كوردستان حكومڕانییەكی تەندروستیان هەبوایە دەبوایە ئەم دۆسییەیە بەهیچ شێوەیەك فەرامۆش نەكرایەو بەپێچەوانەوە دەبوو لەسەر ئەو تاوانە جارێكی تر خۆیان بنیادبنایەتەوە كە جارێكی دیكە زەمینەساز نەكەن ئەو جۆرە تاوانە لەعێراق دووبارە بكاتەوە، ئەگەر دادگاو سزا هەبێت دەبێت ئەوانە دادگایی بكرێن.
هاوڵاتی: ئەو لیستەی بڵاوكراوەتەوە كوردی زیاتر تێدایە یان عەرەب؟
عومەر محەمەد: ئەوانەی داواكراون وەك تۆمەتباری تاوانی ئەنفال ژمارەیان نزیكەی 450 كەسێكە و عەرەب و كوردی تێدایەو زۆرینەی كوردن.
زۆرێك لەو ئەفسەرە عەرەبانەی كە نۆت و شوجاعەیان وەرگرتووە لەسەر ئەنفال و قۆناغەكانی ئێستا لەناو سوپای عێراقدا دەستی باڵایان هەیەو هەتا پلەی وەزیر رۆیشتوون، مەسەلەن تاوانباری گەورەی ئەنفال (ئەیاد خەلیل زەكی) ئەوە قاعیدی قواتی ئەنفالی دوو بووە ئەوە دەستگیركرابوو شیعەكان ئازادیان كرد، عەلی غێدان كەئێستا لەناو سوپای عێراق پلەكەی فەریقە یەكێكە لەتاوانبارەكانی ئەنفال، زابتە عێراقییەكان زۆریان تێیدا بەشداربوون، ئینجا بێجگە لە عەلی حەسەن مەجید كێ دادگایی كراوە، ئەی ئەوانەی گوللەبارانی بەكۆمەڵیان دەكرد كوان؟.
هاوڵاتی: كاتی خۆی كە بەرەی كوردستانی دروستبوو لێبوردنێكی گشتی دەركردووە، ئایا تۆمەتبارانی تاوانی ئەنفالی گرتووەتەوە؟ ئەمە پەیوەندی بەوە نییە كە تائێستا دادگایی نەكراون؟
عومەر محەمەد: نەخێر تۆمەتبارانی تاوانی ئەنفال ناگرێتەوە، بەندەكانی دادگای باڵای تاوانەكان لەسەر بنەمای نێودەوڵەتی دامەزراوە، كە ئەم دادگایە دامەزراوە لەسەر بەندی 11 و 12 و 13ی پەیماننامەی نێودەوڵەتییەوە هێندراوە كە دادگایی ئەوانە بكرێت كە تاوانی ئەنفالیان ئەنجامداوەو دەستیان تێیدا هەبووە.
كە دادگاییەكە دامەزرا یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2005 كە بەدەستور هەموو ئەو لێبوردنە گشتیانە رەتدەكاتەوە كە پێش دروستبوونی ئەم دادگایە دراوە كەیەكێك لەوانە لێبوردنەكەی بەرەی كوردستانییە.
هاوڵاتی: پێتانوایە ژمارەی تاوانی ئەنفالكراوان زیاترن لە 182 هەزار كەس؟
عومەر محەمەد:تاوانی جینۆساید بەژمارە یەكلاییناكرێتەوەو تاوانەكە هەر وەك خۆیەتی، ئەگەر بێتە سەر قەرەبوو پێویستمان بەژمارەیە، بەپێی بەدواداچوونم بەبەڵگە دەیسەلمێنم كە ژمارەیان لە 200 هەزار كەس زیاترە نەك 182 هەزار كەس.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار