هیوادارین هەرگیز پێكدادان لەنێوان پارتی و پەكەكە روونەدات

ئاری محەمەد هەرسین، ئەندامی سەركردایەتی پارتی بۆ هاوڵاتى:

2 ساڵ لەمەوپێش




سازدانی: ئارا ئیبراهیم

ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لەبارەی گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەنێوان پەكەكەو حزبەكەی دەڵێت»لەدونیای سیاسەتدا هەمیشە و هەتا هەتایە مەجالی دیالۆگ و گفتوگۆ هەر دەمێنێت»، دەشڵێت:» هیوادارین هەرگیز پێكدادان لەنێوان پارتی و پەكەكە روونەدات».

ئاری محەمەد هەرسین، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتى لەبارەی هەناردەكردنی غازی سروشتییەوە لەڕێگەی دەوڵەتی توركیاوە هاوشێوەی نەوت لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە ئەوە دووپاتدەكاتەوە كە» یەكێتی بەشدارە لەحكومەت لەگەڵ ئێمە، بۆیە حكومەت هەر هەنگاوێك بنێت بەدڵنیاییەوە یەكێتی نیشتیمانیش بەشدارە لەو هەنگاو و بڕیارانەدا».

هاوڵاتى: كاك ئاری لەئێستادا پەیوەندییەكانی پارتی و یەكێتی لەچ ئاستێكدایە، بۆچی پێتوایە گەیشتووەتە مریشكە رەشە؟
ئاری هەرسین: پەیوەندیەكانی ئێمەو یەكێتی وەك پێویست نیە، كەناڵەكانی پەیوەندی لەنێوانماندا سنوردارن و كەوادری هەردولامان لەسۆشیال میدیا سەنگەربەندیەكی نابەجێیان بەرامبەر یەك گرتووە.
هاوڵاتى: لەدوای رووخانی سەدام حوسێنەوە پارتی و یەكێتی پێكەوە لەحكومەتدا شەریك بوون بەتایبەت لە 2005، ئایا پاش 17 ساڵ پێكەوەیی ناتوانن هەڵبكەن پێكەوە، یان بەرژەوەندییەكان كەمەو بەشیان ناكات؟
ئاری هەرسین: نا، ئەوە راست نیە. ئێمەو یەكێتی ئێستاش ئەتوانین پێكەوە هەڵ بكەین. كێشە سەرەكیەكە لەوێدایە كە هەندێك مژار لەنێوانماندا كەڵەكە بوون و هەروەها كەسانێك لەهەردولامان كە لەدەرەوەی دەسەڵاتی بڕیارداندان رۆڵێكی ئیجابی نابینن و هەرچی مەسەلەی بەرژەوەندیشە، بەدڵنیاییەوە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان و هەردوولامان لەوەدایە كە تەبا بین لەگەڵ یەكتر.
هاوڵاتى: سەرۆكی حكومەتی هەرێم چووە توركیاو پرسی وزە باسكراوە و لەئیماراتیش مەسرور بارزانی باسی هەناردەی غازی كردووە، پێتوایە ئەم پرسە پێویستی بە رێككەوتنە لەگەڵ یەكێتی و ئینجا عێراق دواتر توركیا، یان وەك نەوت دەكرێت مامەڵەی لەگەڵ بكرێت؟
ئاری هەرسین: یەكێتی بەشدارە لەحكومەت لەگەڵ ئێمە، بۆیە حكومەت هەر هەنگاوێك بنێت بەدڵنیاییەوە یەكێتی نیشتیمانیش بەشدارە لەو هەنگاو و بڕیارانەدا.
هاوڵاتى: فرۆشی نەوتی هەرێم لەمانگی ئازاردا یەك ملیارو  (128) ملیۆن دۆلار بووە، تەنها 551 ملیۆن دۆلار كە دەكاتە لەسەدا 49% بۆ حكومەتی هەرێم ماوەتەوە، ئەمە چ قازانجێكی بۆ كورد تێدایە لەسەدا 51% بۆ كۆمپانیاكان بێت؟
ئاری هەرسین: راستە قازانجەكە لە ئاست داخوازیەكانماندا نیە، بەڵام زۆرینەی هەرە زۆری وڵاتانی هەناردەكاری نەوت لەجیهانی سێهەم بەدەست ئەم كێشەیەوە دەناڵێنن كە هۆكارەكەی ئەوەیە كە وڵاتانی جیهانی سێهەم خاوەنی تەكنۆلۆژیای نەوت نین، بۆیە ناچارن تەكنۆلۆژیاكە بكڕن.
هاوڵاتى: هیچ زانیاریەكتان هەیە لەبارەی سەردانی بەرپرسانی ئێران بۆ لای سەرۆكی پارتی و سەرۆكی هەرێم و دواتر سەرۆكی حكومەت؟
ئاری هەرسین: نەخێر نیمە.
هاوڵاتى: ئێران هەولێری موشەكباران كرد یەكێتی وەك هەر لایەنێكی دیكەی هەرێم و عێراق ئیدانەی كرد، بەڵام توركیا بە رۆژی رووناك هاتووە خاكی هەرێم داگیردەكات و وەك «پەكەكە» دەڵێت پارتی بووەتە چاوساغی و هێزی رۆژو لیوای گوڵانی بردووە بۆ شیلادزێ و دێرەلوك تا گەمارۆ بخاتەسەر گەریلا؟ ئەگەر ئەمەی پەكەكە دەیڵێت راست بێ پارتی دیموكراتی كوردستان لەكوێدا نەتەوەیی و نیشتمانییە؟
ئاری هەرسین: پارتی كرێكارانی كوردستان رێكخراوێكی سیاسی و سەربازی كوردستانی توركیایە، ئایا مەعقولە حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جوڵە پێكردنی هێزی پێشمەرگە، ئیزن لەپەكەكە وەربگرێت؟ دواجار قسەی پەكەكە بەشێكە لەپڕوپاگەندەی حزبێكی سیاسی، چونكە پەكەكە حزبە، مەرج نیە هەرچی پەكەكە گوتی راست بێت.
هاوڵاتى: مەترسی پێكدادان لەنێوان پەكەكەو پارتی هەیە؟ بەتایبەت كە پارتی هێزی جوڵاندووە بە ئاراستەی ئەو شوێنانەی پەكەكە بوونی هەیە؟
ئاری هەرسین: هیوادارین هەرگیز ئەوە روو نەدات، بەڵام ئەگەر پەكەكە لەسەر ئەم سیاسەتی عەنتەرتاریەتە بەردەوام بێت و هیچ حسابێك بۆ ان و دامەزراوەیی حكومەتی هەرێمی كوردستان نەكات، ئەوە نەك بۆ ئێمە، بەڵكو مەترسی پێكدادان لەگەڵ یەكێتیش دێتە ئاراوە.
هاوڵاتى: پێتوانیە پەكەكە تازە بووەتە بەشێك لەنەخشەی حزبە سیاسییەكانی كوردستانی گەورە بەم ئۆپەراسیۆنانە چارەسەر ناكرێت، بەڵكو دەبێت رێگای دیالۆگ بدۆزرێتەوە و دەكرێت پارتی رۆڵ ببینێت بۆ ئاشتی لەنێوان توركیاو پەكەكەدا؟
ئاری هەرسین: ئەو پرسیارە دەبێت لە پەكەكە بكرێت، ئێمە هەمیشە گوتومانە كە كێشەی كورد لەپارچەكانی تری كوردستان تەنیا بەدیالۆگ چارەسەر دەكرێت.
هاوڵاتى: پێشتر گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ لەنێوان پەكەكەو پارتی هەبووە كە پێكدادان لەنێوانیاندا روونەدات، ئێستا پێتوایە ئەو گفتوگۆ ناڕاستەوخۆیە هەرماوە، یان لەجەنگێكی سارددان؟
ئاری هەرسین: لەدونیای سیاسەتدا هەمیشەو هەتا هەتایە مەجالی دیالۆگ و گفتوگۆ هەر دەمێنێت.
هاوڵاتى: كاك ئاری كورد چی بكات كە دراوسێكانی لەجیهانی سێیەمدان و چاویان بڕیوەتە خاكەكەی، توركیا، ئێران، سوریا، عێراقیش؟ چۆن كورد دەتوانێت لەنێو ئەم جوگرافیایەدا مامەڵەیەكی تەندروست بكات؟
ئاری هەرسین: كورد دەبێت یەك شتی زۆر سادە بكات، ئەویش ئەوەیە كە لەناوخۆیدا یەكڕیز بێت و ناوماڵی خۆی كۆبكاتەوە، ئینجا لەسەر بنەمای ئەجیندایەكی نیشتیمانی بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێت.
كورد هیچ چارێكی دیكەشی نیە، چونكە جوگرافیای سیاسی كوردستان لەقازانجی ئێمە نیە.
هاوڵاتى: خەڵك نیگەرانە لەپارتی و یەكێتی، با پرسیارەكە بۆ پارتی بێت كە دەوترێت زۆرترین جومگەی حكومەتی هەرێمی لایەو خەڵك لەكاتی خۆی مووچە وەرناگرێت و خەدەمات وەك پێویست نییە؟ پێتوایە ئەم حزبانە بێباكن لەخەڵك و حساب بۆ سزای گەل ناكەن؟ یان مەسەلە چیە لەم دۆخە دەروونی و ئابووریە خراپەدا ئاوڕی جددی لەخەڵك نادرێتەوە؟
ئاری هەرسین: بەداخەوە، بەڵام لەهەرێمی كوردستان دیاردەی دووئیدارەیی بەزەقی دەردەكەوێت، ئێمەی پارتی بەئەندازەی دەسەڵاتی جوگرافیایمان لەگوزەرانی خەڵك بەرپرسیارین. وابزانم وەڵامەكەم روونە.
هاوڵاتى: یەكێتی لەئاستی سەركردایەتی دەڵێت، پۆستی سەرۆك كۆمارو پارێزگاری كەركوك بڤەیەو ئیستحقاقی یەكێتییە؟ بەم نەفەسە لەگەڵ یەكێتی دەگەنە ئەنجام لەبارەی بەغدادەوە؟
ئاری هەرسین: لەسیاسەتدا ئەم جۆرە لەدەربڕین میزاجین، سیاسەت بەموتڵەقی و عینادی ناكرێت، هەموو شتێك لەسیاسەتدا قابیلی گفتوگۆیە.
 گەر بەو جۆرەو بەو نەفەسە سیاسەت لەگەڵ یەك بكەین، ئەوا هەرگیز ناگەینە ئەنجام و لەئاكامی ئەم جۆرە لەسیاسەتكردنیش خەڵكی كوردستان زەرەرمەندی یەكەم دەبن.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار