سوپای توركیا هیچ هەرێمێكی گەریلای كۆنترۆڵ نەكردووەو شەڕ بەردەوامە

زاگرۆس هیوا، وتەبێژی كۆما جڤاكێن كوردستان (كەجەكە) بۆ هاوڵاتى:

2 ساڵ لەمەوپێش



سازدانی: ئارا ئیبراهیم

وتەبێژی كۆماجڤاكێن كوردستان(كەجەكە) ئاماژە بەوە دەدات كە توركیا ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی رانەگەیاندووەو شەری دژوارو توند بەردەوامەو چەكی كیمیایی بەكارهێناوە و دەشڵێت:» سوپای توركیا هیچ هەرێمێكی گەریلای كۆنترۆڵ نەكردووەو شەڕ بەردەوامە».
زاگرۆس هیوا، وتەبێژی كۆماجڤاكێن كوردستان(كەجەكە) لەم چاوپێكەوتنەیدا لەگەڵ هاوڵاتی دوا زیانیاری لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكەی سوپاكەی ئەردۆغان دەخاتەروو، ئەوەش دووپاتدەكاتەوە كە راستە سوپای توركیا ئێستا لەهەندێك شوێن هەیەو نەیتوانیوە سەقامگیر بێت و شەڕو پێكدادان لەنێوان سوپای توركیاو گەریلادا تا ئێستاش بەردەوامەو گەریلا ئەو هەرێمانەی بەرنەداوە.
هاوڵاتى: سوپای توركیا قۆناغی یەكەمی ئۆپراسیۆنەكەی راگرتووە، هۆكارەكەی چییە؟ ئایا شكستی هێناوە بۆیە رایگرتووە؟
زاگرۆس هیوا: لە چاپەمەنیدا شتی وا دەوترێت و خەڵكی زۆر خۆشحاڵە و ئەوە ئێمە زۆر واتای دەدەینێ‌ و شتێكی بەنرخ و بەبەهایە، بەڵام لە مەیدانی شەڕ و بەپێی ئەو زانیاریانەی كە هەمانە هیچ ئاماژەیەك نییە كە توركیا پاشەكشەی كردبێت و ئۆپراسیۆنەكەی راگرتبێت.
هەروەك چۆن لە رۆژی یەكەم رۆژ ئۆپەراسیۆن بەتوندی دەستیپێكردووە، ئێستاش بەهەمان توندی و دژواری شەڕ بەردەوامە لەهەموو هەرێمەكاندا، توركیا لەدوو رۆژی كۆتایی ئەم هەفتەیەدا دەستیكردووە بەبەكارهێنانی چەكی كیمیایی.
هاوڵاتى: هیچ زانیارییەكی نوێ هەیە لەبارەی زیانەكانی سوپاكەی ئەردۆغان؟
زاگرۆس هیوا: لە بەیاننامەكەماندا هاتووە تا دوێنێ بەدیاریكراوی 218 سەربازی توركیا كوژراون و زیاتر لە 40 سەربازی دیكەیان برینداربوون هەروەها 11 هەڤاڵی ئێمە شەهیدن لەڕۆژی یەكەمەوە تا دوێنێ‌ كە راگەیەندراوە.
هاوڵاتى: بەڵام توركیا وا وێنای دەكات كە 56 گەریلای پەكەكەی شەهیدكردبێت؟
زاگرۆس هیوا: توركیا ئەو شەڕەی بۆ ئەوەیە لە رای گشتیدا خۆی وەكو سەركەوتوو نیشانبدات و بڵێت  سەركەوتوو بووم و ناچارە ژمارەكە زۆر دەكات، بەڵام ئەگەر ئێمە ژمارەی ئەو گەریلایانە كۆبكەینەوە كە توركیا دەڵێت شەهیدبوونە 10 بەرامبەری ژمارەی هەموو پەكەكەیە.
هاوڵاتى: هیچ گەریلایەكتان بەچەكی كیمیایی شەهیدبووە؟
زاگرۆس هیوا: گەریلایەكی عەرەب كە راگەیەندرابوو بە چەكی كیمیایی شەهید بووە.
هاوڵاتى: ئایا پارتی هاوكاری سوپای توركیای كردووە لە م ئۆپەراسیۆنەیدا؟ سوپای توركیاش دەڵێت چەند شوێنێكی هەستیارمان گرتووە ئەو شتە چۆنە؟
زاگرۆس هیوا: پارتی بۆ ئەوەی كە توركیا بەسەر گەریلادا سەربكەوێت هەموو ئاسانكاری و هەموو هاوكاریەكی سوپای توركیای كردووە، كاردانەوەی خەڵكی ئامێدی و خەڵكی بامەڕنێ بەرامبەر سوپای توركیا هەبوو 2008 نەیانهێشت سوپای توركیا بێتە پێشەوەو كورەژار و ئەو شوێنانە بگرێت، ئێستا بۆ ئەوەی كاردانەوەی خەڵك دروست نەبێت ئامێدی، دێرەلوك، شیلادزێ‌، بامەڕنێ  و ئەو شوێنانە سوپای توركیا عەسكەرەكانی بەجلی زێرەڤانییەوە لەناو سەیارەی زێرەڤانی و ئاسایشدا دەچن بۆ شوێنی نزیك گەریلاكان و ئەوكات بەجلی سوپای توركیاوە دەچنە هەرێمی هەڤاڵان.
واتا پارتی هەموو هاوكاریەكیان دەكات، ئەو هەلیكۆپتەرانەی كە دێن عەسكەر دادەنێن ئەو هەلیكۆپتەرانە هیچكامیان لە سنوری توركیاوە نایەنە ناوەوە، ئەوان سەرەتا دێنە بامەرنێ و ئامێدی و لەپشتەوە دەیانەوێت دەربازی هەرێمی گەریلا ببن و عەسكەر داببەزێنن.
راستە سوپای توركیا ئێستا لە هەندێك شوێن هەیەو نەیتوانیوە سەقامگیر بێت و شەڕوپێكدادان لەنێوان سوپای توركیاو گەریلادا تا ئێستاش بەردەوامە و گەریلا ئەو هەرێمانەی بەرنەداوە.
هاوڵاتى: تیمی كوردستانی عێراقی سی پی تی هەیە باسی نەخشەی ئۆپەڕاسیۆنی سەربازی چنگی قوفڵی كردووە،واتە دوایین گۆڕانكارییەكان، ئەو باسی ئەوەی كردووە كە لەچەند ناوچەیەك سەربازیان داناوە بۆ نموونە: لەكورەژار چەند شوێنێكی دیكە، ئایا ئەمە ئەسڵی هەیە؟
 زاگرۆس هیوا: نەخێر، ئەگەریش لەوێ داینابێت هەڤاڵان لەوێ پاشەكشەیان نەكردووە و لەگەڵیان شەڕ دەكەن.
هاوڵاتى: دەتوانین بڵێین سوپای توركیا شكستی هێناوە؟
زاگرۆس هیوا: تائێستا شكستی هێناوە بەپێی ئەو پلانانەی كە دایناوە، بەپێی ئەو هەموو چەك و جبەخانە و تەكنەلۆجیایەی كە بەكاریهێناوە و سوپای دووەمی ناتۆیە، بەڵام تائێستا نەیتوانیوە بڵێت ئێرەم بەتەواوی خستۆتە ژێر كۆنترۆڵی خۆمەوەو تائێستاش لەو شوێنانەی كەعەسكەریشی دانابێت شەڕو پێكدادان بەردەوامە.
هاوڵاتى: ئەو چەكە بەهێزە چییە كە ئەمجارە گەریلا توانیویەتی زەڕبەی توند لەسوپاكەی ئەردۆغان بوەشێنێت، لەماوەی هەفتەیەكدا سەدانیان لێ بكوژێت؟
زاگرۆس هیوا: چەكی ئێمە تاكتیكی ئێمەیە، واتا خۆڕێكخستنەوەی گەریلایە بەپێی سەردەم، چەكی ئێمە تاكتیكی تیمی جوڵەپێكراوە، سوپای توركیا ناتوانێت بیانبینێتەوە، قوڵایی ئەرازی بەكاردێنین، تاكتیكی ئێمە ئەو شەڕەیە كە تیمەكانی ئێمە ئەنجامی دەدەن، بەو شێوەیە ئێمە بەتاكتیكی خۆمان هەم تەكنیكی سوپای توركیا پوچەڵدەكەینەوەو هەم زەڕبەشیان لێدەدەین.
هاوڵاتى: موراد قەرەیلان فەرماندەی نەبەگە قسەی لەگەڵ گەریلاكان كردبوو لەڕێگەی ئامێری بێتەلەوە، ئەم قسەكردنەی سەركردەكانی پەكەكە لەگەڵ گەریلاكان تاچەند بەرخودانیان زیاد دەكات بەرامبەر سوپای توركیا و تاچەند تەحەمول و ئارامگرتنیان پێدەدات لەو ناوچانەدا؟ 
زاگرۆس هیوا: بێگومان ورەو هێزیان پێدەدات تا زیاتر و زۆرتر بەرەنگاری بكەن و زۆرتر خۆڕاگری بكەن و بەرخودان بكەن و شتێكی پۆزەتیڤە.

place for reklam
بابه‌تی په‌یوه‌ندیدار